فازڵ میرانی: بە دەنگ بانگهێشتەکەی نێچیرڤان بارزانییەوە وەرن کوردستانی

نوچه‌نێت

فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى له‌ وتارێكدا داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى عێراق ده‌كات، بۆ چارسه‌رى قه‌یرانه‌كانى عێراق به‌ ده‌نگ بانگهێشته‌كه‌ى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بچن و ده‌شڵێ، "وه‌رن بۆ هه‌ولێر كه‌ شارێكه‌ میزاجییه‌ت و ئه‌جنداى ده‌ره‌كى حوكمى تێدا ناكات".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ دووى ئابى /2022 فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ ژماره‌ى 3696/ رۆژنامه‌ى هه‌ولێر وتارێكى نووسیوه‌ به‌ ناونیشانى، "به‌ ده‌نگ بانگهێشته‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ وه‌رن" له‌ وتاره‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخى مه‌ترسیدارى ئه‌مڕۆى عێراق ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌ولێر لایه‌نه‌كان كێشه‌كانى عێراق چاره‌سه‌ر بكه‌ن و بۆ ئه‌مه‌یش نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بانگهێشتنامه‌یه‌كى ئاراسته‌ كردوون.

له‌ چه‌ند په‌ره‌گرافی یه‌كه‌مى وتاره‌كه‌دا فازڵ میرانى باس له‌ مه‌ترسدارى بارودۆخه‌كه‌ ده‌كات، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ى كه‌ رووده‌ده‌ن له‌  به‌رژوه‌ندى تاك و كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى نیین. دواتریش باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا وێنه‌یه‌كى "ناشیرین" بۆ عێراق دروست بووه‌ 

فازڵ میرانى ده‌ڵێ، "ئه‌مه‌ وێنه‌ى عێراق نییه‌، عێراق شایه‌نى ئه‌وه‌ نییه‌ ناوبانگه‌كه‌ى به‌و شێوه‌یه‌ ناشیرینه‌ بڵاوببێته‌وه‌ و ببێته‌ى مانشێتى سه‌ره‌كى هه‌واڵه‌كان" میرانى دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌ى پێش ئێستا بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان كراون، چاره‌سه‌رى نه‌بوون، به‌ڵكو هێوركه‌ره‌وه‌بوون "هێشتا نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ جه‌سته‌ ره‌سمییه‌كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كات و فراوانتر ده‌بێت".

هه‌ولێر كه‌ شارێكه‌ میزاجییه‌ت و ئه‌جنداى ده‌ره‌كى حوكمى تێدا ناكات

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ 31/ ته‌مووز په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ و نیگه‌رانى خۆى بۆ بارودۆخى ئێستاى عێراق ده‌ربڕى، له‌ په‌یامه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گوتى، " هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر، بۆیه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ین بێن له‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى دووه‌میان ده‌ست به‌ گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ى كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن و له‌ سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى وڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن. هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت".

فازڵ میرانى له‌ وتاره‌كه‌ى ئه‌مڕۆى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و په‌یامه‌ و ده‌نووسێ، "سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى هه‌ڤاڵێكى دێرینه‌ له‌ گۆڕه‌پانى خه‌بات و تێكۆشان، كه‌ ساڵانێكى پڕ له‌ شانازى و به‌رخۆدان و تێكۆشانى راسته‌قینه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌، كارمان كردووه‌، بانگه‌وازه‌كه‌ى بانگه‌وازێكى عێراقى كوردى نیشتیمانییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى خه‌بات و كۆششى كردووه‌، له‌ پێناو عێراقێكى باشتر، عێراقێكى بێ دكتاتۆرییه‌ت و بێ تائیفى و ره‌گه‌زپه‌رستى، بێ برسێتى و خوێن بزربوون، باشتر هه‌ستى پێ ده‌كه‌ن".

له‌كۆتایى نووسینه‌كه‌یشى فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ده‌ڵێ، "به‌ ده‌نگى نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ وه‌رن، وه‌رن بۆ هه‌ولێر، ماڵى خۆتان، به‌ ئارامى و بێ فشار و ترساندن، چونكه‌ هه‌ولێر شارێكه‌ میزاجییه‌ت و ئه‌جنداى ده‌ره‌كى حوكمى تێدا ناكات، با متمانه‌ى گه‌ل به‌ده‌ست بێنینه‌وه‌، ئه‌و گه‌ل و كه‌سانه‌ى كه‌ چاوه‌ڕوانى تروسكه‌یه‌ك رۆناهیین نه‌ك تاریكى".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین