سه‌در داواى له‌ عامرى ده‌كات واز له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بهێنێ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح داوا له‌ ره‌وتى سه‌در و چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌كات پشت به‌ گفتوگۆ ببه‌ستن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكییه‌كان، له‌ به‌رانبه‌ریشدا ساڵح محه‌مه‌د عێراقى كه‌ به‌ وه‌زیرى سه‌در ناسراوه‌، داوا له‌ عامرى ده‌كات له‌ چوارچێوه‌كه‌ بكشێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ یه‌كى ئاب/ 2022 هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌ راگه‌یێندراوێكدا داوا له‌ ره‌وتى سه‌در و چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌كات، به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانیان بكه‌ن و ئارام بگرن. له‌ به‌رانبه‌ردا ساڵح محه‌مه‌د عێراقى كه‌ به‌ "وه‌زیرى سه‌در" ناسراوه‌، له‌ تویته‌ر په‌یامێكى ئاراسته‌ى عامرى كردووه‌ و تێیدا داواى لێ ده‌كات واز له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بهێنێ.

له‌ تویته‌كه‌ هاتووه‌، "ئه‌گه‌رهاتوو سازشمان كرد و گفتوگۆمان قبووڵكرد به‌و مه‌رجانه‌ ده‌بێت یه‌كه‌م: عامرى و هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بكشێنه‌وه‌، دووه‌م: به‌ راشكاوى سه‌ركۆنه‌ى لێدوانه‌كانى سپایكه‌رمان (مه‌به‌ست نوورى مالیكیه‌) ئه‌وه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو له‌ دزه‌پێكردنه‌كان هاتوون، سێیه‌م: تۆ یه‌كێك بووى له‌وانه‌ى كه‌ واژووت له‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ى چاكسازى كردووه‌، جێبه‌جێت نه‌كرد، بۆیه‌ وه‌ك زامنێك بۆ گفتوگۆى چاكسازى، ده‌بێت زامنێك دیارى بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ یه‌كه‌وه‌ عێراق له‌ چڕنووكى گه‌نده‌ڵى رزگار بكه‌ین".

له‌ رۆژى شه‌ممه‌ى رابردووه‌وه‌ لایه‌نگرانى سه‌در له‌ باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق مانیانگرتووه‌، هادى عامرى كه‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى به‌شێك له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دوو راگه‌یێندراوى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، خۆى وه‌ك بێلایه‌نێك نیشانداوه‌ به‌وه‌ى په‌یامى هێوركردنه‌وه‌ى به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى و ره‌وتى سه‌در داوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین