لیژنەی باڵای ئەزمونەکان: (111) حاڵەتی هەوڵی گزیکردن لەکاتی تاقیکردنەوەکان تۆمارکراوە کوردستانی

نوچەنێت:

لیژنەی باڵای ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا، وەڵامى ئەو هاووڵاتییە دەداتەوە، کە گوایە پرسیارى تاقیکردنەوەکانى پۆلى (12) ئامادەیى فرۆشراوە و حاڵەتى گزیکردنیش لە ڕێگەى هێڵى تەلەفۆن کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (31/تەممووز/2022) لیژنەی باڵای ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "هاووڵاتییەک دوێنێ شەو هەندێک قسەی کردوە لەسەر بابەتی گزیکردن، ئێمە وەک لیژنەی باڵا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیشدا ئاماژەمان پێدا کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی فرۆشتنی بلوتوپ هەیە و قوتابیانی پێ فریو دەدرێت، وەک خۆشی روونکردنەوەی داوە ئەوەی کە باسی دەکات لە چوارچێوەی ئەو (111) حاڵەتەیە کە ئێمە کۆنترۆڵمان کردووە."

 

دەقى ڕوونکردنەوەیەکەى لیژنەی باڵای ئەزموونەکان:

وەک پێشتر ئێمە رامانگەیاندبوو کە (111) حاڵەتی هەوڵی گزیکردن لەکاتی تاقیکردنەوەکان تۆمارکراوە کە رێکاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتە بەر، هاووڵاتییەک دوێنێ شەو هەندێک قسەی کردوە لەسەر بابەتی گزیکردن ، ئێمە وەک لیژنەی باڵا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیشدا ئاماژەمان پێدا کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی فرۆشتنی بلوتوپ هەیە و قوتابیانی پێ فریو دەدرێت، وەک خۆشی روونکردنەوەی داوە ئەوەی کە باسی دەکات لە چوارچێوەی ئەو (111) حاڵەتەیە کە ئێمە کۆنترۆڵمان کردوە. وەزارەت هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەسەرکەوتووی توانیویەتی کۆنترۆڵی ئەو بابەتە بکات. لەسەر بەکارهێنانی نامەی مۆبایل بۆ گزیکردن کە لەسەرەتادا بەهۆی کەمتەرخەمی لە پشکنین لەچەند هۆڵێکی دیاریکراوی تاقیکردنەوە مۆبایل براوەتە ژوورەوە، ئەوەی ناوبراو ئاماژەی پێدەدات لەلایەن وەزارەت بەهەماهەنگی هێزەکانی ئاسایش کۆنترۆڵ کراوە و بەکارهێنەرانیشی کە ژمارەیان زۆر کەم بووە و لەناو تاقیکردنەوە ئەو کارەیان کردوە بەمەبەستی سوودی شەخسی خۆیان، ئەنجامەکەیان بە گزیی بۆ هەژمارکراوە، لایەنە ئەمنییەکان کە ژمارەی ئەو سیمکارتانەمان داونەتێ وردەکاریی و تەنانەت فۆرمی ژمارەکەشیان بۆ ناردوینەتەوە و ئاسایش کاری پێویستی لەسەر کردوە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگاش کردووە، تیمی تایبەتی لە لایەن بەرێزان لە ئاسایش هەبووە، بەناوکردن و نەکردنی سیمکارتەکە رێگر نەبوە کە کاری پێویست ئەنجامبدرێت (ئەم وردەکارییەک ئێمە نامانەوێت باسی بکەین) و بەکەمتر لە دوو کاتژمێر دەستگیرکران و پاش لێکۆڵینەوە ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگا کراون.

 لیژنەی باڵا بەووردی هەموو رێکارەکانی گرتۆتەبەر بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێبەجێ بێت و بەکارهێنەرە نایاساییەکان رووبەرووی دادگا بکرێنەوە کە روبەرووش کراونەتەوە ، تەنانەت ئەگەر لە هۆڵێکیش کەمتەرخەمی کرابێت و (دوایی تاقیکردنەوەش) وێنەی پرسیارێک گیرا بێت سزای کارگێریی هەموو بەرێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێرانەشمان داوە کە کەمتەرخەم بوون.

پاکی و باش بەڕێوەچونی پرۆسەکە جێگەی خۆشحالی ئەزموندەران و خانەوادەکانیان بووە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ نموونەیی باشی بوون لەچاو هەموو تاقیکردنەوەکانی دیکە، قسەکردنی نابەرپرسانە رەتدەکەینەوە کە کاریگەریی لەسەر دەروونی قوتابیان و خوێندکاران هەبێت .

هەوڵی گزیکردن لەناویان لە کاتی تاقیکردنەوە هەیە بەڵام گرنگ کۆنترۆڵکردنی هەوڵی گزییەکەیە بۆ بەدیهێنای دادپەروەری و ئەمەش بەڵگەکانە بەوەی کە ئەو کەسەش ئاماژەی پێداوە کە خۆشی دەڵێت ئەوەی من باسی دەکەم لە چوارچێوەی ئەو حاڵەتەیە کە وەزارەت کۆنترۆڵی کردوە ، بەڵام ئێمە ئەم رێکارە وردانەی کە کردومانە بەئەرکمان زانیوە و منەتمان لەسەر کەس نەکردوە تا باسی هەموو هەوڵەکان و وردەکارییەکان بکەین .

لیژنەی باڵای ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە

31ی7ی2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین