سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: لایه‌نه‌ سیاسییه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ین بێن له‌هه‌ولێر گفتوگۆ‌‌ بكه‌ن کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەبارەت بەدۆخى عێراق و خۆپیشاندانەکانى دوێنێى پەرلەمانى عێراق پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌وپه‌ڕى دان به‌ خۆیاندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێ بكه‌ن."

ئەمڕۆ یەکشەممە (31/تەممووز/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "له‌ كاتێكدا ڕێز له‌ خواستى خۆپیشاندانى ئاشتیانه‌ى جه‌ماوه‌ر ده‌گرین، جه‌خت له‌ پاراستنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و ئاسایش و سه‌ر و ماڵى هاووڵاتییان و كارمه‌ندانى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌."

 

دەقى په‌یامەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:‌

به‌ نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ دۆخى سیاسیى عێراق و پێشهاته‌كانى ده‌ڕوانین، داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌وپه‌ڕى دان به‌ خۆیاندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێ بكه‌ن. له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا ئاڵۆزبوونى زیاترى دۆخه‌كه‌، ئاشتیى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاسایش و سه‌قامگیریى وڵات ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌ كاتێكدا ڕێز له‌ خواستى خۆپیشاندانى ئاشتیانه‌ى جه‌ماوه‌ر ده‌گرین، جه‌خت له‌ پاراستنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و ئاسایش و سه‌ر و ماڵى هاووڵاتییان و كارمه‌ندانى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌. گه‌لى عێراق شایانى ژیان و ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتره‌ و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شى هه‌موو هێز و لایه‌نه‌كانه‌ پێكه‌وه‌ عێراق له‌م دۆخه‌ هه‌ستیار و مه‌ترسیداره‌ ده‌رباز بكه‌ن.

هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر، بۆیه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ین بێن له‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى دووه‌میان ده‌ست به‌ گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ى كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن و له‌ سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى وڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن. هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/7/31

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین