مقەدەم فەرمان: ساڵ بە ساڵ رێژەی توندوتیژی زیاد دەبێت
نوچەنێت
مقەدەم فەرمان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خیزانی لە هەولێر. لە گفتوگۆیەکی نوچە، دەڵێت: ساڵ بە ساڵ رێژەی توندوتیژی لە هەڵكشاندایە، بۆ کەمکردنەوەی پێویستمان بە ئیرادەی زیاترە.
رێژەی توندوتیژی لە چ ئاستێکە؟ گۆڕانکاری بەسەر ئامارەکەدا هاتووە؟
مقەدەم فەرمان: رێژەی توندوتیژی زۆرە بەڵام ئەو رێژەیەی کە لەلای ئێمە تۆماردەکرێت جیاوازە لەو رێژەیەی کە لە کوردستاندا هەیە. ئەو رێژەیەی کە ئێمە ساڵانە بڵاوی دەکەینەوە فەرمییە، واتە ئەوەیە کە دێنە دەزگاکانی ئێمە و سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن و کێشەکە دەگاتە دادگاکان. بۆیە لەوانە هەموو رێژەکە نەگاتە لای ئێمە و رێژەکە زۆر لەوە زیاتر بێت کە ئێمە بڵاوی دەکەینەوە. هەروەها ئەو حاڵەتانەش کە سەردانی ئێمە دەکەن بەشێکیان سکاڵا تۆمار ناکەن، کەسەکە نایەوێ سکاڵا تۆماربکات، چونکە بە دانیشتن و قسەکردن لەگەڵ هەردوولا کێشەکە چارەسەر دەکرێت. ئێمە ئەو حاڵەتانەش لەگەڵ ئامارەکان حساب ناکەین، بەڵام وەکو چالاکی تۆماری دەکەین، چونکە سەنتەرێکی راوێژکاریمان هەیە و ساڵانە ئەو کارە دەکات و لەگەڵ ئەو کەسانە دادەنیشێت کە کێشەیان هەیە. ئەوەش دەزانین بەشێكی زۆری کێشەکانی توندوتیژی هەن کە نایەنە لای دەزگاکەی ئێمەش، بەشێکی هەر خەڵک خۆی لەمەڵەوە رێککدەکەون نایگەیەننە شوێنی فەرمی، یان سوڵحی عەشایەری یان کپ دەکرێت.
کام جۆری توندوتیژی زیاتردەبێت؟
مقەدەم فەرمان: ساڵ بە ساڵ رێژەی توندوتیژی زیاد دەبێت. بە گشتی، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەرەو زیادبوونن، بەڵام ئەو کێشانەی کە بەهۆی سۆشیال میدیا و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بە رێژەی بەرچاو بەرزدەبنەوە. لەسەری سەرەوەی رێژەکانی توندوتیژی سوکایەتیکردن، لێدان و توندوتیژی سێ جۆری یەکەمی توندوتیژین.
زیاتر کێن هەڕەشە دەکەن لە ناو خێزان؟
مقەدەم فەرمان: ئێستا رێژەی لە ٣٥٪ بۆ ٣٨٪ سکاڵاکان، لە لایەن پیاوانەوە تۆماردەکرێت. ئەوەی تر ئافرەتانن.
کێشەی ئەو پیاوانەی کە سکاڵا تۆماردەکەن چییە؟
مقەدەم فەرمان: زۆربەی جار کێشەیە لەگەڵ کەسوکاری خۆیانە، لەگەڵ برا یان باوک، یان باوک لەگەڵ کوڕ، یان لەگەڵ هاوسەری بە ماددەی (٣٧٧) کە ناپاکی هاوسەرییە.
ئایا رێژەی ناپاکی زۆربووە، یان جاران ئەگەر لایەنێک ناپاکی کردبا پەنا دەبرایە بەر توندوتیژی و کوشتن، ئێستا خەڵک هوشیارترە دێن سکاڵا تۆماردەکەن؟
مقەدەم فەرمان: بەپێی ئامارەکان هەمووجارێ کە لە کۆتایی ساڵ بڵاوی دەکەینەوە، هۆکارەکان دەنوسرێن بەڵام ئەو شیکردنەوەیە کاری زانکۆ و ئەو شوێنانەیە کە پەیوەستن بە شیکردنەوە و لێکدانەوەی ئامارەکان، بەڵام وەکو ئەنجام ئێمە بڵاوی دەکەینەوە.
ئەگەر سەیری ئامارەکان بکەین تۆمارکردنی سکاڵا لایەنی ئەرێنیشی هەیە، ئەو کەسەی پێشتر دەچوو لە دیوەخانی پیاوێکی عەشایەر سكاڵای تۆماردەکرد، ئێستا دێتە دادگا سكاڵا تۆمار دەکات، یان زۆر پێی عەیب بوو کە بڵێ هاوسەرەکەم ناپاکی کردووە، یان دەیکوشت یان دەیناردەوە ماڵی باوکی، بەڵام ئێستا دێن لە دادگا چارەسەری دەکەن. واتە لایەنی ئەرێنیش لە زیادبوونی رێژەکان هەیە، لایەنی نەرێنی زیادبوونی ئەوم رێژەیەش ئەوەیە کە رێژەی توندوتویژی بە هەمووجۆرەکانییەوە زیادبووە.
هۆکارەکانی ئەم زیادبوونە رەنگە یەکەم زیادبوونی رێژەی دانیشتوان بێت، کاتێک رێژەی دانیشتوان زیاد دەبێ بێگومان رێژەی توندوتیژیش زیاد دەبێت. نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر هەیە هەمووی لەسەر ئەم رێژەیە حسابە. بەڵام رەنگە ئەگەر بەراوردی ئەمساڵ و دە ساڵ پێش ئێستای ئاماری توندوتیژی بکەین رێژەکە زۆر بەرچاوە، چونکە خەڵك زیاتر روودەکاتە دادگان. هەروەها دۆخی ئابوری رۆڵی هەیە هەروەها خراپ بەکارهێنانی ئامارەکانی پەیوەندی.
ئەی کۆرۆنا کاریگەری نەبووە، لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەکە؟
مقەدەم فەرمان: کۆرۆنا کاریگەری لەسەر دابەزینی ژمارەکە کردووە، تەنیا لە شاری هەولێر سێسەد سکاڵا کەمتربوو، لە ساڵی ٢٠١٩، ماوەیەکی زۆر دادگا داخرا و قەدەغەی هاتوچۆ بوو، بەڵام ئێمە داتایەکی ئۆنلاینمان هەبوو بزانین ئایا لەگەڵ دابەزینی ژمارەکان توندوتیژیش دابەزیوە؟
لەوێ ئامارەکە پێچەوانەوەبوو، رێژەکە بەرز ببووەوە، کەسانێکی زیاتر دووچاری توندوتیژی ببوون، بەڵام سکاڵایان تۆمارنەکردووە لەبەرئەوەی دادگاکان داخراو بوون. یان لەبەر ترس لە نەخۆشییەکە نەیانوێراوە بڕۆنە دەرەوە.
ماوەیەک جەستەی ژن بووەتە ئامرازی شەڕ و ململانێ، هەم وەک دیاردەی بازرگانی و سەرمایەداری هەم وەک نمایشی ئیسلامی سیاسی، ئێوە راتان چییە؟
مقەدەم فەرمان: ئەوە دەرئەنجامی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەیە کە وەکو کاڵا سەیری جەستەی ژن دەکەن، واقیعێکە کە دەبێ ئێمە دانی پێدابنێین، بەڵام دەوەستێتە سەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەو پڕۆژەیە. ئەگەر دەزگای حزبی بیکات ئەوە بۆ کۆکردنەوەی رێژەی دەنگە، ئەگەر کەسێکی بازرگان بیکات بۆ زیدکردنی کڕیار بۆ براندەکەیەتی، لە زۆربەی وڵاتانیش هەیە بەڵام لای ئێمە تازەیە و رێچکەیەکی باشی نەگرتووە و بەشێوەیەکی تر بەکارهاتووە.
وەک دیارە لەو حاڵەتانە هیچ گرنگییەک بە کەسایەتی ئافرەت وەک مرۆڤ نەدەراوە. تەنها بە دیارخستنی ئافرەتانە بۆ ئامانجێک. ئەگەرنا مەبەستیان پێشخستنی تواناکانی ئافرەتە، دەتوانن لە زۆربواردا یارمەتی ئافرەت بدەن و پێویست بە ریکلامیش ناکات.
ئەوانەی خەمی ئافرەتیانە دەتوانن لەسەر هوشیارکردنەوە و فکری ئافرەت کاربکەن، کە چۆن کەسایەتی خۆی بەهێزبکات و خۆی لەو پاشکۆیەتییە رزگاربکات کە هەیە. بەڵام هەموو ئەم پڕۆژانە مەبەستی تایبەتی لە پشتە تەنیا ئامانجیان قازانجی خۆیانە.
هەنگاوەکانی ئێوە بۆ هوشیارکردنەوەی ئافرەتان چین؟
مقەدەم فەرمان: لەو شوێنانەی کە دەستمان پێڕا بگات ئامادەییمان لە راگەیاندنەکان هەبووە. هەمیشە باسی هوشیارکردنەوەی تاکی کۆمەڵگەمان کردووە بە هەردوو رەگەزەوە، بەتایبەتیش ئافرەتان لە باسکردنی یاسا و خۆپاراستنیان.
بەڵام ئەگەر بمانەوێ رێگری لە بە کاڵاکردنی ئافرەتان و خراپ بەکارهێنانیان لە ریکلام و مەرامی سیاسی بگرین، ئەوا رێکخستن و کارکردن لەسەر ئەم بوارە زیاتر پەیوەستە بە ئەنجوومەنی خانمانەوە کە سیاسەتی حکومەت دادەڕێژێت. لە بواری تواناکانی ئافرەتان، چونکە کاری ئێمە بە جۆرێکە دەبێ کەسەکە بێت داوای یارمەتیمان لێبکات. هەروەها کەسێک کە دادخواز بێت بەڵام نەتوانێ بێت بۆلای ئێمە نەک نەیەوێت ئێمە دەتوانین هاوکاری بکەین.
هەنگاوەکانی هوشیارکردنەوە و گۆڕانکاری کلتوریش هەیە، باوک هەبووە لەسەر یەک نامە کچی خۆی کوشتووە، بەڵام ئێستا کەسوکاری دێن دەڵێن، کچەکەمان تووشی هەڵەیەک بووە دەمانەوێ راستی بکەینەوە و دۆخەکە لەوە خراپتر نەبێت.
بۆچی تا ئێستا هیچ کەناڵ یان مینبەری هوشیارکردنەوەتان نییە؟ جگە لە سۆشیال میدیا.
مقەدەم فەرمان: لە راستیدا کە لە ساڵی ٢٠١٢ کارەکانی ئەم دەزگایە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەرکەکەی ئەوەندە قورسبووە لە گۆڕانکاری و کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی، رەنگە کەمتر دەرفەتی بیرکردنەوەمان لەم خاڵە گرنگە بۆ رەخسابێت. کە یەکێک لە زەروریەتەکانی ئەو دەزگایەیە. بەدیلی ئەوە توانیومانە لەگەڵ رادیۆی هێلین، کە تایبەتە بە یەکێتی ئافرەتان هەموو پێنجشەممان بەرنایەکمان هەیە. هەروەها توانیومانە لە کایەکانی خوێندن زۆرترین سیمینار و ۆورکشۆپ ئەنجام بدەین و هەروەها کاری ناوە بە ناوەمان هەبووە لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی، لەگەڵ توێژەرانی کۆمەڵایەتی قوتابخانەکان، ئەمانە هەمووی دەچێتە بواری زیادکردنی هوشیاری کۆمەڵایەتی.
ماوەیەک پرسی توندوتیژی لە ئەولەویەتی کاری حکومەت بوو، ئیستاش لە هەمان ئاستە؟
مقەدەم فەرمان: دەستپێکردنی پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٧، ئەو کاتەی کە حکومەت بڕیاریدا ئەم دامودەزگایانە لە دامودەزگای پۆلیس جیا بکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١١ یاسا دەرکرا، لە ساڵێ ٢٠١٤، کە یاسای لێبوردنی گشتی دەرچوو، بکوژانی بەبیانوی شەرەفی لێ بەدەرکرا. ئەوانە هەمووی هەنگاوی زۆرباشبوون کە لە رێگەی حکومەتەوە بۆ پەرلەمان چوون.
لەبەرئەوەی ئەو هەوڵە زەرور و گرنگانەی کە پێشتر هەبوون و ئێستاش بەردەوامیان هەیە، دەتوانین بڵێین ئێستاش زۆرباشە، بەڵام ئێمە کە لەو دەزگایانە کاردەکەین پێمانوایە، بابەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە کاری زیاترە و ئەوەی هەیە بەس نییە، بەو پێیەی کە گوتمان ساڵانە ژمارەکان بەرەو هەڵکشانن شێوازەکانیش گۆڕانیان بەسەردادێت.
کەواتە پێویستمان بە وزە و ئامێری باشترە، پێویستمان بە رێکاری نوێترە بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی. هەتا پێویستمان بە گۆڕانکاری یاساییش هەیە بۆ نموونە لە ٢٠٠٣، کە یاسایەک دەرچووە کە نەوعی و باشبوو بەڵام ئێستا پێویستی بە هەموارکردنەوەیە.
لە کاتێکدا دەتوانین بڵێین لە دوای ئوردن دووەمین شوێنە کە یاسای وا باشی لێدەرچووە بەڵام، ئەوکاتە مۆبایل ئەوەندە بڵاو نەبوو یان مۆبایلی بە شاشە و ئینتەرنێت لە گیرفانی هەموو کەسدا نەبووە، ئێستا ئەم یاسایە پێویستی بە گۆڕانکارییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانی نوێ.
کاتێک بەڕێز سەرۆکی حکومەت سەردانی دەزگاکای ئێمە و هێڵێ گەرمی ١١٩-ی کرد ئەو داوایەمان ئاراستە کرد.
ئەم خزمەتگوزارییە چۆنە؟
مقەدەم فەرمان: درکمان بەوە کردووە کە هەندێ لە ئافرەتان وەکو پێویست دەنگیان ناگاتە دەزگا رەسمییەکان، بەتایبەت دەزگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بۆیە پێوستبوو کەناڵێک دابنرێ کە ئافرەتان ئاسانتر دەستیان بە ئێمە رابگات، ئەویش کردنەوەی هێڵی گەرمی ١١٩-یە کە خزمەگوزارییەکی ٢٤کاتژمێری بەردەوامە، هەرکەسێک لە هەر شوێنێکی کوردستان دەتوانێ پەیوەندی پێوەبکات، بەبێ ئەوەی پێویستی بە باڵانس بێت، گرنگی تری ئەوەیە هەر لە ریگەی ئەم هێڵەوە دەتوانێ راوێژی یاسایی، کۆمەڵایەتی و دەرونی وەربگرێت. هەروەها دەتوانێ سکاڵا تۆماربکات. واتە ئاسانکارییەکی زۆرباشە.
کەواتە ئێستا ئەم گرنگیدانە لە هەمان ئاستدایە؟
مقەدەم فەرمان: ئێمە زۆر قۆناغی سەختمان تێپەڕاند لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بەڵام هێشتا پێویستمان بە گرنگیدانی زیاترە، پێویستمان بە سەرمایەی مرۆیی باشتر و ئامرازی نوێترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی. داوامانکردووە کە بۆردێک بۆ ئەم مەبەستە دابمەزرێت بە ئەندامێتی وەزیری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، جەنابی سەرۆکی حکومەت خۆی سەرۆکایەتی بۆردەکە بکات. پێشتریش ئەم بۆردە هەبووە پێویستە ئێستا کارابکرێتەوە.
هەماهەنگیتان لەگەڵ رێکخراوەکانی ئافرەتان چۆنە؟
مقەدەم فەرمان: بەشێک لە رێکخراوەکان هەماهەنگییان لەگەڵ ئێمە هەیە و باشە، تا راددەیەکی باش توانیومانە کە هاوکار و هەماهەنگ بین، پێشمانوایە هەمو وئەو رێکخراوانەی کە لەو بوارە کاردەکەن پێویستیان بە هەوڵ و وزەی ئێمە دەبێت لەبەرئەوەی ئێمە لە بوارە یاساییەکە کاردەکەین. هەندێ جار ئێمە کەیس بۆ ئەوان دەنێرین و هەندێجاریش ئەوان کەیس بۆ ئێمە دەنێڕن.
هەماهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی کار چۆنە؟
مقەدەم فەرمان: هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی کار لە بواری لیژنەکانی ئاشتەوایی، هەروەها لە بواری بەڕێوەبردنی شەڵتەر و گرتووخانەکان هەیە.
ئەی هەماهەنگیتان لەگەڵ ئەنجوومەنی خانمان چۆنە؟
مقەدەم فەرمان: هەماهەنگی ئێمە زیاتر لەگەڵ ئەنجوومەنی خانمان ئەوەیە کە هەندێجار کەیسمان بۆ دەنێرن، لەوە زیاتر نییە و هەماهەنگیمان لاوازە، کاری ئەوان ئەوەیە کە بەرپرسن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی حکومەت، بۆ بابەتی جێندەر و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بەرزکردنەوەی تواناکانی ئافرەتان.
لە هەندێ کەناڵ ریکلام، شانۆگەری و نواندن هەیە کە بوار بۆ توندوتیژی دەڕەخسێنن، بۆ نموونە رۆڵی کەسایەتییەک دەدەنە ئافرەت کە هەمیشە زۆربڵێیە، هاروهاجە و ...هتد یان لە میدیای نوسراو جۆرەها چیرۆک و نوسینی ناشایستە بە رۆڵێ ژن دەنوسرێت، چیتان کردووە بۆ رێگری لەو دیاردەیە؟
مقەدەم فەرمان: بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها بە دەزگا و وەزارەتێک ناکرێت، دەبێ لە هزری خەڵکەوە دەست پێبکەین ئایا چی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک هەیە؟ وەزارەتی ئەوقاف بەشێکی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە، وەزارەتی رۆشنبیری بەو پێیەی سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن لە کۆنتڕۆڵی ئەواندان، ئێمە وەکو وەزارەتی ناوخۆ لە رووە یاساییەکەوە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە، ئەرکی ئێمەیە. دەزگای داواکاری گشتی ئەرکێکی زۆر گەورەی لەسەر شانە کە بەپێی یاسای داواکاری گشتی ماددەی ٧ دیاریکراوە، کە بەرپرسە لە پاراستنی خێزان و منداڵ بە هەموو شێوەیەک.
ئەی داواکاری تایبەتتان بۆ وەزارەتی رۆشنبیری نەناردووە بۆ رێگری لەم حاڵەتانە؟
مقەدەم فەرمان: بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەیەکمان پێشکەش بە وەزراەتی رۆشنبیری کردووە کە لە شەش خاڵ پێکهاتووە، پێمانوایە ئەو پڕۆژەیە پێویستی کۆمەڵگایە، کە بەڕاستی پێویستە هەندێک لەو کەناڵانەی بیری توندئاژۆیی بڵاودەکەنەوە سانسۆر بکرێن.
هیچ وەڵامدانەوە هەبوو لەو وەزارەتە؟
مقەدەم فەرمان: تەنها پڕۆژەیەکەیان وەرگرت هیچ هەنگاوێکیان نەناوە. کەواتە ئەوەیە کە دەڵێم پێویستمان بە ئیرادەیەکی بەهێزتر هەیە، ئەوەیە.
دەبێ بزانین کە رێژەی توندوتیژی لە کوردستان بەرزە، ئێمە ساڵانە داتای کوشتنی ئافرەتان بڵاودەکەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چوار بەرامبەری ئەوە کوشتنی پیاوان هەیە لە ساڵی ٢٠٢٠.
(٢٥) ئافرەت کوژراوە لە هەرێمی کوردستان بەشێواز و هۆکار و فاکتەری جیاواز، لە بەرامبەردا ( ٢٠٨) پیاو کوژراوە.
ئەوەمان بیرنەچی کە کۆمەڵگەیەک ئامادەیی تێدابێت لە ساڵێکدا ٢٠٨ پیاو بکوژێت، دەبێ ئەو ئافرەتانە لە ژێر چ هەڕەشەیەکدا بن کە لەو کۆمەڵگەیە دەژین. ئەمە جگە لەوەی ئەو پیاوانەش کە دەکوژرێن کاریگەرییان لە سەر ئەو ئافرەتانە هەیە کە چاودێرییان کردوو.
ئێمە پێویستمان بە گرنگیدانی زیاترە، کارمەندی ئافرەتمان کەمە، ئەوەش کە هەیە زوو بێزار دەبێت، چونکە ئێمە ناتوانین مۆڵەتیان پێبدەین و فشاری کارمان زۆر لەسەرە، هەروەها پێویستمان بە ئەفسەری لێکۆڵینەوەی ئافرەتە، تا ئێستا نوسینگەکانمان لە خانویی کرێدان، لە رووی گرنگیپێدانەوە لە ئاستێکی خراپداین.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment