د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا: چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌یه‌وێ خۆى له‌ ئیحراجى ده‌رباز بكات کوردستانی

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باس له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق ده‌كات، كه‌ ئامانجێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو واده‌یه‌ك بۆ دانیشتنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار ده‌ستنیشان بكرێت، شاخه‌وان عه‌بدوڵا ده‌ڵێ، "ئه‌م داوایه‌ له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بوو، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ خۆیان له‌ ئیحراجى رزگار بكه‌ن و تۆپه‌كه‌ بخه‌نه‌ گۆڕه‌پانى ئێمه‌وه‌".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18/ ته‌مووزى 2022 له‌ په‌رله‌مانى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆك په‌رله‌مان و د.شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگرى دووه‌مى سه‌رۆك په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان ئه‌نجام درا. د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت راگه‌یاند، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو هه‌ندێك له‌ پڕۆژه‌ یاساكان ده‌ستنیشان بکرێن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ وه‌رزى داهاتووى یاسادانان تاوتوێ بكرێن، د.شاخه‌وان عه‌بدوڵا گوتى، "له‌ كۆى 80 پڕۆژه‌ یاسا 20 دانه‌مان هه‌ڵبژاردووه‌".

چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌یه‌وێ تۆپه‌كه‌ بخاته‌ گۆڕه‌پانى ئێمه‌وه‌ 
 

جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت باس له‌ ئامانجێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌م ته‌وه‌ره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داواى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بووه‌. د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا گوتى، "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى داواى كرد رۆژێك بۆ دانیشتنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار دیارى بكرێت، ئێمه‌ پێمانوابوو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ داوا ده‌كات، تا خۆى له‌و ئیحراجییه‌ ده‌رباز بكات كه‌ تووشى بووه‌. چونكه‌ پێشتر ده‌یانگوت به‌ هۆى ره‌وتى سه‌دره‌وه‌ ناتوانن كه‌سێك ده‌ستنیشان بكه‌ن، ئێستا به‌ بێ ره‌وتى سه‌دریش چوارچێوه‌كه‌ ناتوانێ كه‌سێك ده‌ستنیشان بكه‌ن، بۆیه‌ له‌به‌رده‌م ئیحراجییه‌كى گه‌وره‌ن و ده‌یانه‌وێ تۆپه‌كه‌ بخه‌نه‌ گۆڕه‌پانى ئێمه‌وه‌".

د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا له‌ لێدوانه‌كه‌ى هه‌ڵوێستى خۆى ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێ، "ئێمه‌ ئه‌و بابه‌ته‌مان ره‌تكرده‌وه‌ و من پێمگوتن هیچ واده‌یه‌ك ده‌ستنیشان ناكه‌ین، تا ئێوه‌ كه‌سێك دانه‌نێن، چونكه‌ هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌ یه‌ك پاكێجه‌، ئه‌وه‌ بوو ئه‌وان داوایان كرد رۆژى چوارشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكرێت، ئێمه‌ ره‌تمان كرده‌وه‌، ئێستایش پێنجشه‌ممه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تر دیارى كراوه‌، من ره‌تمكردووه‌ته‌وه‌".

من كۆبوونه‌وه‌ى پێنجشه‌ممه‌م ره‌تكردووه‌ته‌وه‌
 

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى د. شاخه‌وان عه‌بدوڵا دووپات له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى خۆمان سوورین، ده‌بێت سه‌ره‌تا ئه‌وان كه‌سێك بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت و كه‌سێك بۆ جێگرى سه‌رۆك په‌رله‌مان ده‌ستنیشان بكه‌ن، ئینجا بێن فشار بۆ سه‌ر كورد دروست بكه‌ن تا رێكبكه‌ون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ هیواخوازین ئه‌م كه‌یسه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كلایى بێته‌وه‌، یاخود میكانیزمێك ده‌ستنیشان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان رۆڵیان هه‌بێت له‌ ده‌ستنیشانكردنى كاندیدى سه‌رۆك كۆمار چونكه‌ ئه‌مه‌ ئیستحقاقى كورده‌ ده‌بێت كورد بڕیارى له‌سه‌ر بدات، ناكرێت ئیستحقاقى لایه‌نێك بێت".

له‌دواى 2005 وه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌ كورد دراوه‌، ئه‌و پۆسته‌ له‌ هه‌موو خوله‌كان یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان وه‌ریگرتووه‌، ئه‌م جاره‌ پارتى رێبه‌ر ئه‌حمه‌دى بۆ پۆسته‌كه‌ كاندید كردووه‌ و یه‌كێتیش د. به‌رهه‌م ساڵح.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین