گوڵباخ بههرامى: بهر له راگهیاندن شیعرم دهنووسى
چنار خۆشناو -تایبهت به نوچهنێت
نوچەنێت: ساتی دەست بەکاربوونت لە بواری راگەیاندن له ساڵی چەند بوو؟
گوڵباخ بەهرامی: لە هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەستم بە کاری راگەیاندن کرد، ساڵی ( 2012 ) لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ناوخۆیی لە شاری هەولێر بوو، دواتر لە "کوردستان 24" قۆناغێکی نوێ و جیاوازترم دەستپێکرد تا ئێستاش بەردەوامم.
نوچەنێت: چۆن بەراوردی رادیۆ و تەلەڤزیۆن دەکەی؟
گوڵباخ بەهرامی: رادیۆ و تەلەڤزیۆن لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانیان، کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان هەیە کە بنەمای سەرەکین، بۆ کەسێکی راگەیاندنکار کە بیەوێت کار لەم بوارەدا بکات. بە گشتی کارکردن وەک بێژەر و پێشکەشکار لە رادیۆ لەگەڵ ئەوەی کە پەیوەندی هێڵی گواستنەوە و دروستکردنی ئەو پەیوەندییە بە گوێگرەکان تەنیا دەنگە، پێویستی بە ئەزموونی تایبەت هەیە کە چۆن بتوانێت هەموو ئەو ئامرازانەی لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە لە بەردەستن، بۆ گەیاندنی پەیامێک تەنیا لە دەنگدا کۆی بکەیتەوە و بتوانیت هەمان ئەرک جێبەجێبکەیت لە کارەکەتدا. لە تەلەڤزیۆن تایبەتمەندییەکان جیاوازترن بەو شێوەیەی کە ئامرازەکانی گەیاندن بەرفراوانترە و دەتوانیت بە شێوازی جیاواز بۆ گەیاندنی پەیامەکەت پەیوەندی لەگەڵ بینەر و بیسەرەکانتدا دروست بکەیت. دەتوانم بڵێم کارکردن لە رادیۆ ئەزموونێکی گرنگ و هەنگاوێکی خێرایە بۆ کار لە تەلهڤزیۆنیش.
نوچەنێت: راگەیاندن چی پێبەخشی؟
گوڵباخ بەهرامی: راگەیاندن ئەزموونێکی گەورەی کارکردنە بۆ من، کە گرنگترین شت کە بە منی بەخشیوە متمانە و رێزی جەماوەرە، کە ئەمەش گەورەترین سەرمایهیە و پاڵپشتێکە، بۆ بەردەوامبون وا دەکات ئیتر لەگەڵ ئەو هەموو سەختییانەی لە بەردەمماندایە بەردەوام بین، هەوڵ بۆ باشتربوون بدەین.
نوچەنێت: گوڵباغ پێشکەشکاری هەواڵی سیاسیە، چۆن بوو بواری سیاسیت هەڵبژارد حەزی خۆت بوو؟
گوڵباخ بەهرامی: بەڵی حەزی خۆم بوو بواری سیاسیم هەڵبژارد، بەڕێوەبەرایەتی کەناڵەکەشم ئەو متمانەیان بە من بەخشی، کە بتوانم لە بوارەدا کار بکەم، تا ئێستاش بەردەوامم.
نوچەنێت: حەز دەکەی لە داهاتوو وەکو ئافرەتێک بچیتە نێو کاری سیاسی و لە بواری سیاسەت کار بکەی؟
گوڵباخ بەهرامی: بەڵی بە دڵنیاییەوە، ئەگەر ئەم دەرفەتەم بۆ هاتە پێش دەچمە نێو بواری سیاسی و کار دەکەم.
نوچەنێت: لە پاڵ کاری راگەیاندن هیچ کاری تر دەکەی؟
گوڵباخ بەهرامی: نەخێر هیچ کاری تر ناکەم تەنیا بە کاری راگەیاندن سەرقاڵم.
نوچەنێت: ئەگەر راگەیاندنکار نەبایت حەزت دەکرد لە چ بوارێکیتر کارت کردبا؟
گوڵباخ بەهرامی: ئەم بابەتە پەیوەندی بە هەلومەرجی ئەو قۆناغانە هەیە کە تیایدای، بۆیە بۆ من لەو کاتەدا کە لە راگەیاندن کارم کردووە، تا ئێستاش ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ ئەو سەردەمە، پێموابێت، هەر ئەم بوارەم هەڵدەبژارد، لە راگەیاندن کارم دەکرد. هەندێجار ئەوەی کە دەبێتە دەرفەت بۆت بە ئاسانی ناگەڕێتەوە ئەگەر لە دەستی بدەیت، دواکەوتن لە بڕیاردان لەبارەی تواناکانی خۆتەوە قۆناغەکانی ژیان و داهاتووت دەگۆڕێت، بۆیە هەرچەندە بڕوامان بە خۆمان و تواناکانمان هەبێت، ئەوەندە دەتوانین ئەزموون لە دەرفەتەکان وەربگرین، خۆمان قۆناغ و رێڕەوەکانی داهاتوومان دابڕێژین، بۆ منیش وابوو.
نوچەنێت: جگەلە کاری راگەیاندکاری، شاعیریشی، دەکرێت باسی شیعرەکانت بکەی، چەند دیوانی شیعریت هەیە؟
گوڵباخ بەهرامی: لەو کاتەی لەدوا قۆناغەکانی خوێندن بووم لە قوتابخانە حەزم لە بواری ئەدەبی و نووسین وشیعر بوو، بە تایبەت کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان قەدەغەیە، منیش هەوڵمدەدا، بتوانم لە رێگەی نووسینی شیعر وهۆنراوە، هەوڵ بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی بدەم، لە ئەنجومەنی ئەدەبی شاری خۆماندا بوومە ئەندام، لەوێ چالاکییە ئەدەبییەکانم دەستپێکرد، بەشدری چەندین فیستیڤاڵی گەورەم کرد، دواتر لە بواری شیعردا توانیم شوێن پەنجەی خۆم ببینم، لەو رێگەیە زیاتر بەردەوام بم، دیوانێکی شیعریم هەیە کە هەر لێرە لە هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری یەکێتی نووسەرانی کورد، لە شاری کەرکووکی خۆشەویست چاپم کردوە.
نوچەنێت: شاعیران دڵیان ناسکە، ئایە گوڵباخ دڵی ناسکە؟
گوڵباخ بەهرامی: بەڵێ بێگومان، مرۆڤ خاوەن هەست وسۆزە، کاردانەوەشی لە هەر بارودۆخێکی تایبەتدا کە کاریگەری لە سەر هەبێت ئاساییە، منیش بەم جۆرەم لەوانهیە کەمێک زیاتریش دڵ ناسک بم، بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی تەمەندا ژیان فێرت دەکات، کە خۆڕاگرو بوێر بیت، چۆن لە بەرامبەر سەختی و بەربەستیەکاندا بوەستیت.
نوچەنێت: خێزانداریت؟
گوڵباخ بەهرامی: بەڵێ
نوچەنێت: چەند منداڵت هەیە؟
گوڵباخ بەهرامی: کوڕێکم هەیە بە ناوی هەستیار.
نوچەنێت: دایکایەتی و راگەیاندن هەردووکیان بەرپرسیاریەتیەکی قووڕسن، چۆن رێکیان دەخەی؟
گوڵباخ بەهرامی: راستە ئەرکی کارکردن لە دەرەوەو ئەرکی ماڵیش، بۆ ئێمەی ئافرەت بە تایبەت کە ئەرکی دایکایەتیشت لە سەرشان بێت زۆر قووڕسە، راگرتنی باڵانس لەنێوان ژیانی کارکردنت وژیانی تایبەتی ئاسان نییە، هەندێجار ماندووبون و کارەکەم کاریگەری لەسەر ئەرکەکانی ماڵەوەشم هەبووە، بەڵام کەمتر رێگەمداوە و رەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبێت.
نوچەنێت: دەڵێن لە گەڵ هاوسەرەکەت هاورێن ئایە یارمەتیت دەدات لە کارەکەتدا ؟
گوڵباخ بەهرامی: لە هەموو کاتەکاندا هاوسەرەکەم یارمەتیم دەدات، سوپاسی دەکەم کە هەموو کات پاڵپشتمە بۆ سەرکەوتن لە کارەکانمدا، چ لە بواری کاری ئەدەبی، چ لە بواری کاری راگەیاندکاریم، رەخنەم لێ دەگرێ و یارمەتیدەریشمە.
نوچەنێت: کەسایەتی جۆرێکە لە سەرکەوتن لە هەر بوارێک کە تیایدا کار دەکەیت چۆن پێناسەی کەسایەتی ئافرەت دەکەی؟
گوڵباخ بەهرامی: رەفتار و رەوشتی بەرز، جوانی ناخ و دەروون، بەهێزبوون، بڕوابەخۆبوون، کەسایەتیەکی بەهێز بە ئافرەت دەبەخشێت.
نوچەنێت: لە گەڵ دروستکردنی خواردن چۆنی، کابانیت؟
گوڵباخ بەهرامی: حەزم لە خواردن دروستکردنە، بە تایبەت ئەگەر کاتی پێویستم هەبێت، دەتوانم کابانێکی باش بم.
نوچەنێت: بابێمە سەر باسی جوانی، ئایا جوانی پێوەرە بۆ شاشە؟
گوڵباخ بەهرامی: جوانی پێناسەی جیاواز هەڵدەگرێت، من پێموایە هەموو کەسێک جوانی تایبەت بە خۆی هەیە، جوانی دەروونه و تێگەیشتن و رەفتارە، لە رووخسارو هەڵسوکەوتو، روانینی بەرامبەر بە ئێمە رەنگدەداتەوە، خۆمان دەتوانین ئەو رێژەییە جوانتر بکەین، یان بە پێچەوانەوە، ناشیرینی بکەین، بەڵام وەک مەبەستی پرسیارەکەی بەرێزتان، بۆیە بە بۆ چونی من جوانی پێوەری سەرەکی نییە.
نوچەنێت: ئەزموون دەوری هەیە بۆ کاری راگەیاندن، چونکە دەبینین کەسانیک بێ ئەزموونن، دەست بەکاری راگەیاندن دەکەن؟
گوڵباخ بەهرامی: بەڵی بێگومان ئەزموون واتە تۆ چەندە لە بوارەکەتدا، خۆتت ناسیوەتەوە تا چەندە دەتوانی بەرپرسیارانە ئەرکەکانت جێبەجێبکەی، تا بتوانی هەنگاوەکانی سەرکەوتنەکانی داهاتووت لە سەر ئەو ئەزموون و لێهاتووییت بنیات بنێیت، پتەوییان بکەیت، بە دڵنیاییەوە ئەو ئەزموونە لە درێژەی کارو هەوڵەکانمان لەو بوارەدا دروست دەبێت کە کاری تێدا دەکەین، ئەزموون بەرهەمی رابردووە بۆ بنیاتنانی داهاتویەکی بەهێز، بۆیە رۆڵی سەرەکی لە سەرکەوتنەکاندا بوونی ئەزمونێکی دەوڵەمەندە.
ئەگەر ئەم دەرفەتەم بۆ هاتە پێش دەچمە نێو بواری سیاسی و کار دەکەم
نوچەنێت: بیری رۆژهەڵات ناکەی؟
گوڵباخ بەهرامی: لە نیشتمانی دووەمەوە هەموو کات دڵتەنگی نیشتمانی دایکمم، ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو قۆناغی زۆر سەختمان بڕیوە، کۆچ، دەربەدەری و ئاوارەبوونمان بینیوە، قوربانیمانداوە، هێشتاش هەر چاوەڕێی گەیشتن بە ئامانجەکانمانین، هەمووشی لە پێناو مافی رەواو بەرگری لە خاکی پیرۆزماندا بووە، بۆ من رۆژهەڵات زێد و نیشتیمانی دایکە، کە بە ناچاری بە جێمهێشت، ئێرەش وەک نیشتیمانم هەمیشە بۆ من پیرۆزە، وەک لانکەیەکی ئارام ودایکێکی میهرەبان، کە هەموو کات باوەشی بۆ هەر کوردێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان ئاوەڵا بووە، بیری رۆژهەڵات دەکەم هیوادارم کە ئەم سنوورە دەستکردانە نەمێنن، رۆژێک سەربەخۆیی کوردستانی ئازیزمان ببینم.
نوچەنێت: لە گەڵ وەرزش چۆنی؟
گوڵباخ بەهرامی: زۆر باشم رۆژنە وەرزش دەکەم، بە پێی کات شاخەوانیش دەکەم.
نوچەنێت: پێناسەی گریانم بۆبکە و گوڵباخ کەی دەگری؟
گوڵباخ بەهرامی: گریان هاوارێکی بێدەنگە، دەربڕینێکی واتادارە، من پێموایە گریان لە لاوازبوون و بێدەسەڵاتی نییە، بەڵکو هێزی دەربڕینە، بە شێوەیەکی جیاوازتر، من هەر کات دڵ تەنگبم دەگریم.
نوچەنێت: هاوڕێ چ واتایەکی هەیە لای تۆ؟
گوڵباخ بەهرامی: متمانە.
نوچەنێت: شاشە لای تۆ چیە؟
گوڵباخ بەهرامی: رێگایەک بۆ خزمەت بە نەتەوەکەم، بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانمان.
نوچەنێت: ئەی سیاسەت ؟
گوڵباخ بەهرامی: مێژوو، ئێستا، داهاتووشمان.
نوچەنێت: دوا وتەت؟
گوڵباخ بەهرامی: هیوای سەرکەوتنم هەیە بۆ هەموو هاونیشتیمانیە خۆشەویستەکانم، ئەوانەی لەڕێگەی ئێوەوە ئەو پەیامەی من دەبینن، هیوادارم هەر کەس هەر ئامانجێک هەر هیوایەکی هەیە، پێی بگات، هەوڵی بۆ بدات، هەموومان ئەرکی پاراستنی ئەم نیشتیمانەمان لەسەر شانە، هەریەکەمان بە شێوەیەک دەتوانینن رۆڵێکی کاریگەرمان لە جوانترکردنی وڵاتەکەمان ئاوەدانی کوردستاندا هەبێت، بە هیوای بەدیهاتنی ئاواتی گەورەمان کە کوردستانێکی سەربەخۆیە، زۆر سوپاس بۆ ئێوە کە ئەو دەرفەتەتان بۆ من رەخساند.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment