فراكسیۆنى یه‌كێتى تێڕوانینى حزبه‌كه‌ى بۆ حكومه‌تى نوێ ده‌خاته‌ڕوو کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

هه‌رێم كه‌مال ئاغا سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان تێڕوانینى حزبه‌كه‌ى بۆ حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێ، "گرنگه‌ حكومه‌ته‌كه‌ بتوانێ هێرشی وڵاتانى بیانى بۆ سه‌ر عێراق رابگرێت".

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 18 /تەمووزى 2022 هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، سه‌باره‌ت به‌ حكومه‌تى داهاتووى عێراق تێڕوانینى حزبه‌كه‌ى خسته‌ڕوو دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ تێڕوانینى ئه‌وان له‌ تێڕوانینى حزبه‌كانى ترى كوردستان جیاواز نییه‌ و گوتی، "بێگومان ئێمە وەکو لیسته‌ کوردستانییەکان پێمان باشە کارنامەی حكومه‌ت ره‌چاوى بنەما دەستوورییەکان بکات لەرووی داراییەوە، بە لای ئێمەوە گرنگە حکومەتێکی بەهێز بێت و سیادە بپارێزێت و ئۆپەراسیۆنەکانی داگیرکەرانی کوردستان رابگرێت و بۆردومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە فرۆکە و درۆن رابگرێت، حکومەتێکی بەهێز بتوانێت سیادەی عێڕاق بپارێزێت لە بەسڕەوە تا دەگاتە زاخۆ و شەنگال".

له‌ لێدوانه‌كه‌ى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى خۆیان بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار، بۆ مه‌سه‌له‌ى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تیش پێیوابوو شیعه‌كان له‌ دیاركردنى كه‌سێك نزیكبوونه‌ته‌وه‌، هه‌رێم كه‌مال ئاغا له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى گوتى،  "تائێستا شیعه‌كان خەریکن رەنگە بۆ بەیانی مەسەلەی پۆستی سەرۆک وەزیران یه‌كلایى ببێته‌وه‌، ئیتر وادەی پەرلەمان دیاری دەکرێت، بۆ کورد رێککەوتن باشە، رێکنەکەوتن ئیتر هیچ هەڵبژاردەیەک نییە ئەم پڕۆسەیە کاتەکەی بۆ دیاری دەکرێت و دەبێت بەشداریش بکات".

ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مانى عێراق، محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگرى سه‌رۆك، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى واده‌یه‌ك بۆ دانیشتنى په‌رله‌مان كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار دیارى بكه‌ن. له‌دواى 2005 وه‌ ئه‌م پۆسته‌ به‌ كورد ده‌درێت، ئه‌م جاره‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌رهه‌م ساڵحى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار كاندید كردووه‌، پارتیش رێبه‌ر ئه‌حمه‌د.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین