بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار دوایین ده‌رفه‌ت به‌ پارتى و یه‌كێتى ده‌درێت کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و جێگره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى واده‌یه‌ك بۆ دانیشتنى تایبه‌ت به‌ سه‌رۆك کۆمار دیارى بكرێت. سه‌رچاوه‌كان گوتوویانه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دوایین ده‌رفه‌تیش به‌ پارتى و یه‌كێتى ده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر كاندیدێك رێكبكه‌ون، ئه‌گینا دانیشتنه‌كه‌ ده‌كرێت و په‌رله‌مانتاران سه‌رپشك ده‌كرێن ده‌نگ به‌ هه‌ر كاندیدێكى تر بده‌ن.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18/ ته‌مووزى 2022 له‌ په‌رله‌مانى عێراق محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان كۆببنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى واده‌یه‌ك بۆ دانیشتنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار دیارى بكه‌ن.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى سیاسى به‌ ماڵپه‌ڕى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دیدیان راگه‌یاندووه‌، جگه‌ له‌ واده‌كه‌، دوایین ده‌رفه‌تیش به‌ پارتى و یه‌كێتى ده‌درێت، بۆئه‌وه‌ى له‌سه‌ر یه‌ك كاندید رێكبكه‌ون، ئه‌گینا دانیشتنه‌كه‌ ده‌كرێت و په‌رله‌مانتاران سه‌رپشك ده‌كرێن له‌وه‌ى ده‌نگ به‌ كامه‌ كاندید ده‌ده‌ن.

سه‌رچاوه‌كان دووپاتیشیان كردووه‌ته‌وه‌، تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان پارتى و یه‌كێتى نییه‌، بۆیه‌ له‌ حاڵه‌تى رێكنه‌كه‌وتن، مه‌ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پارتى و سه‌ربه‌خۆكان بایكۆتى دانیشتنه‌كه‌ بكه‌ن، به‌مه‌یش رێژه‌ى یاسایى ئاماده‌بووان ته‌واو نابێت.

یه‌كه‌م جاره‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار له‌ په‌رله‌مانى عێراق هێنده‌ دوا بكه‌وێ، بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك ده‌بێت 220 په‌رله‌مانتار له‌ دانیشتنه‌كه‌ ئاماده‌بن، دواى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكیش، سه‌رۆك گه‌وره‌ترین فراكسیۆن راده‌سپێرێ بۆ ئه‌وه‌ى كاندیدى سه‌رۆكى حكومه‌ت دیارى بكات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین