سه‌عید هه‌ركى په‌رله‌مانتار: یاساى چاكسازى ته‌نیا بۆ یه‌ك خوول نییه‌ کوردستانی

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سه‌عید هه‌ركى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان باس له‌ جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ، "هێشتا زۆر بوار ماوه‌ چاكسازى تێدا بكرێت و پڕۆژه‌كه‌یش ته‌نیا بۆ ئه‌م خوله‌ نییه‌".

چه‌ند رۆژێكه‌ وه‌زیره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ بۆنه‌ى تێپه‌ڕبوونى سێ ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم، به‌ لێدوانى فه‌رمى باس له‌ چاكسازى وه‌زاره‌ته‌كانیان ده‌كه‌ن و ئامارى پێویست ده‌خه‌نه‌ڕوو. به‌ڵام ئایا چ بوارێك ماوه‌ هێشتا چاكسازى تێدا نه‌كراوه‌. یان چاكسازییه‌كه‌ وه‌ك پێویست نه‌بووه‌؟نوچه‌نێت ئه‌م پرسیاره‌ى له‌ سه‌عید هه‌ركى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى په‌رله‌مانى كوردستان كرد و ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا گوتى، "زۆر بوار هه‌یه‌ هێشتا چاكسازى به‌ ته‌واوى تێدا نه‌كراوه‌، یانیش چاكسازییه‌كه‌ وه‌ك پێویست نییه‌". 

سه‌عید هه‌ركى روونكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى دا، مه‌رج نییه‌ به‌ یه‌ك كابینه‌ ته‌واوى چاكسازییه‌كان بكرێت، به‌ڵكو بۆ خوله‌كانى تریش جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌و گوتى، "بابەتی یاسای چاکسازی یاسایەک نییە تەنیا بۆ ئەم خوولە بێت، یاخود بۆ چەند وەختێکی دیاریکراو بێت ئەم یاسایە بەردەوام دەبێت بۆ خوولەکانی ئایندە، هەم ئەوانی رابردوو دەگرێتەوە، هەم ئەوانەی ئایندە، بۆیە ئەم یاسایە بەردەوام دەبێت، ئەو وەزارەتانە یاخود ئەو سێکتەرانەی حکومەت کە تائێستا چاکسازی نەیگرتۆتەوە یاخود یاساکە نەچۆتە بواری جێبەجێکردن بەردەوام ده‌بێت".

دواتر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى په‌رله‌مانى كوردستان دوو نموونەی هێنایه‌وه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ وردبینیه‌ له‌ دۆسیه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كوردستان، كه‌ تا ئێستا ته‌واو نه‌كراوه‌، سه‌عید هه‌ركى گوتى، "دەبێت پێداچوونەوە بۆ  هەموو دۆسیەکانی فەرمانبەران بکرێت، لەبارەی پلەی زیاد و كه‌مى فه‌رمانبه‌ران، رەنگە لە هەندێ وەزارەت تەواو نەکرابێت، لە هەندێ وەزارەت لەوانیە دۆسیەکانیان زۆر بێت تەواو نەکرابێت، بۆیە ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت".

نموونه‌ى دووه‌م كه‌ سه‌عید هه‌ركى باسى كرد، تێكه‌ڵنه‌كردنه‌وه‌ى یه‌كه‌ى 70 و 80 پێشمه‌رگه‌ بوو، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى، "ئەمە یەکێکە لە مادەکانی چاکسازی، پێویستە یەکەی 70 و 80 تێکەڵ ببنەوە، دەبێت یەکەی ژمێریاری ئەو دوو یەکە بکرێتە یەک ژمێریاری و بچێتەوە ژێر چەتری ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە، دواتریش لەژێر چاودێریی دارایى دابێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دوو بەشە بە نموونە ده‌هێنمەوە کە نەچۆتە بواری جێبەجێکردن، بۆ نموونە ئەو دوو یەکە پێویستان بە کات هەیە، رێسایه‌كى سه‌ربازى  هەیە دەڵێت رێکیبخە ئینجا یەکیانبخە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین