سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پشتگیریى خۆى بۆ چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، ‏فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان ‏فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و سووریا، جەخت لە "پشتگیریى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و بۆ پرۆسه‌ى چاكسازیى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌" دەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه (28/حوزەیران/2022)‌ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ‏فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، ‌پێشوازى له‌ جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان ‏فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و سووریا و شاندێكى باڵاى سه‌ربازیى یاوه‌رى كرد.‏

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان ‏دووپات كرده‌وه‌ بۆ ئه‌و پشتگیرى و هاوكارییه‌ى له‌ كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا و ئێستاش ‏پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له‌ پشتگیریى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و ‏حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ پرۆسه‌ى چاكسازیى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ‏یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌.‏"

لە بەرامبەردا جه‌نه‌رال برێنان دووپاتى كرده‌وه‌ "كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ پشتگیرى و یارمه‌تیدانى ‏پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و یه‌ك فه‌رمانده‌ییدا ‏كۆبكرێته‌وه‌ و بكرێته‌ هێزێكى نیشتمانیى پیشه‌گه‌ر كه‌ به‌ هێز و توانا بێت و بتوانێت ئه‌ركى خۆى ‏جێبه‌جێ بكات."

جێگەى ئاماژەپێدانە، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و ‏به‌ڕێزان وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ و سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ و پله‌دارانى ‏پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ بوون، "پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دوایین هه‌نگاوه‌كانى ‏یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه و پێشنیارێكى ئه‌مه‌ریكییه‌كان ‏له‌مباره‌یه‌وه،‌‌ تاوتوێ كران.‏"

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە، "دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر و پێویستیى هاریكاریى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى ‏عیراق و به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، ‏ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏"

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، ڕۆژى (22-6-2022) لە کۆلێژى سەربازیی قەڵاچوالان لە وتارێکدا، دووپاتى کردەوە، پێویستە هەنگاوەکانى یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان خێراتر بکرێت و پارتى و یەکێتى دەستى حیزب لەو هێزەکانى پێشمەرگە نەهێڵن و هەموو هێزەکان بخرێنەژێر دەسەڵاتى وەزارەتى پێشمەرگە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین