دواى بریندارکردنى راگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەلاحەدین گیانى لەدەستدا کوردستانی

نوچەنێت:

دواى ئەوەى د. کاوان ئیسماعیل، راگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەلاحەدین، لەلایەن قوتابییەکەوە بە چوار فیشەک لەناو زانکۆ، خۆى و هاوکارێکى بریندارکرد، کەمێک پێش ئێستا د. کاوان ئیسماعیل گیانى لەدەستدا.

ئەمڕۆ سێشەممە (28/حوزەیران/2022) ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لە نەخۆشخانەى ئیمیرجینسى گیانى لەدەستدانى د. کاوان ئیسماعیل، راگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەلاحەدین ڕاگەیاند.

ئومێد خۆشناو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گووتى، "بەداخەوە د. کاوان ئیسماعیل، راگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەلاحەدین، بەر لەوەى بگاتە نەخۆشخانە گیانى لەدەستداوە، چونکە پێنج فیشەکى بەرکەوتبوو، یەکێک لە فیشەکەکان بەر سەرى کەوتووە."

پارێزگارى هەولێر، کوشتنى مامۆستایەکى تر بە ناوى د. ئیدریس حەمەخان، مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیاریى زانکۆى سەلاحەدین پشتڕاستکردەوە و گووتیشى، "تاوانبارەکە دیارە و پێویستە بە زووترین کات خۆى ڕادەستى هێزە ئەمنییەکان بکات."

دەشڵێت، "ئەو تاوانبارەى دوو تاوانەکەى ئەمڕۆى ئەنجامدا پێشتر پێشنەى تاوانى هەبووە، جگە لە کوشتنى راگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەلاحەدین و مامۆستایەکى کۆلێژى ئەندازیارى، یەکێک لە هاوکارەکانى (د. کاوان ئیسماعل)ى بریندار کردووە، بەڵام ئەویان ڕەوشى تەندروستى باشە."

جێگەى ئاماژەپێدانە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ تاوانبارێک لەکاتى دەوام، د. کاوان ئیسماعیل، راگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەلاحەدین و هاوکارێکى بەرفیشەک دا، هەمان تاوانبار دواى ئەو ڕووداوە، هێرش دەکاتەسەر ماڵى د. ئیدریس حەمەخان و لە ماڵەکەى خۆیدا دەیکوژێت، بەپێى قسەى هاوڕێیەکانى، تاوانبار کێشەى لەگەڵ خێزانى د. ئیدریس حەمەخان هەبووە، کە ئەویش لە زانکۆى سۆران مامۆستاى زانکۆیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین