په‌یمانگه‌یه‌كى ئه‌مریكى: زۆربه‌ى كرێكارانى عێراق كارامه‌ نیین کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

په‌یمانگه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه‌ له‌ ئه‌مریكایه‌ له‌ راپۆرتێكى ده‌ڵێ، “زۆربه‌ى كرێكارانى عێراق كارامه‌ نیین و ئه‌وانه‌ى ده‌رچووى زانكۆكانیشن كارێكى گونجاو نازانن”.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27 حوزه‌یرانى 2022 ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز پوخته‌ى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن په‌یمانگه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئاماده‌كراوه‌، ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى هزرییه‌ شیكردنه‌وه بۆ سیاسه‌ت و خزمه‌تگوزاریى پێشخستنى فێركردن و پیشه‌یى ده‌كات و به‌ كورتكراوه‌ى MFI  ده‌ناسرێت. 

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌ زۆرینه‌ى كرێكارانى عێراق ناكارامه‌ن، زۆربه‌ى ده‌رچووانى زانكۆییش كارى گونجاو نادۆزنه‌وه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌یش كردووه‌ به‌گوێره‌ى ئامارێكى 2020 ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 15 تا 24 ساڵیدایه‌، 70%ى هێزى كاركه‌ر له‌ عێراق پێكده‌هێنن، كه‌ زۆربه‌یان هه‌لی چوونه‌ سه‌ركاریان له‌ كه‌رتى گشتى و كه‌رتى تایبه‌ت بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌. 

ده‌شڵێ، "رێژه‌ى بێكارى له‌نێو گه‌نجان به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌رسوڕهێنه‌ر زیادى كردووه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2020 گه‌یشتووه‌ته‌ 27.2% ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ى زانیارى رێكخراوى كارى نێوده‌وڵه‌تى".

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، "زۆرینه‌ى كرێكارانى عێراق كارامه‌ نیین، له‌ نیوه‌ى ژێره‌وه‌ى ریزبه‌ندى به‌رهه‌مى وڵاتانى سه‌ربه‌ رێكخراوى كارى نێوده‌وڵه‌تى دانراون، هه‌روه‌ها كێشه‌ له‌ كارگێڕى و هاندانى كرێكاران هه‌یه‌، وه‌ك شكستهێنان له‌ پێشخستنى پیشه‌یى كه‌ وا ده‌كات بازاڕ بۆ له‌خۆگرتنى گه‌نجان گه‌شه‌ نه‌كات".

له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ باسى گه‌نجانى خاوه‌ن بڕوانامه‌ كراوه‌، كه‌ هیچ كارێك نازانن، ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ رێژه‌ى بێكاریى به‌رز ببێته‌وه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كرێت به‌په‌له‌ هه‌لى كاریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ى ريزبه‌ندى رێكخراوى شه‌فافیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى، له‌سه‌ر ئاستى جیهان عێراق پله‌ى یانزه‌مى له‌گه‌نده‌ڵى هه‌یه‌، بۆیه‌ كۆمه‌ڵێك قه‌یران له‌م وڵاته‌ دروست بووه‌، یه‌كێكیانه‌ قه‌یرانى ئابوورییه‌، بۆیه‌ بێكارییش یه‌كێكه‌ له‌ لێكه‌وته‌كانى ئه‌م قه‌یرانانه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین