سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ شاندێكى باڵاى سەربازی و ئه‌منیی عێراق کۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ شاندێکى باڵاى سەربازی و ئەمنى عێراق ڕایدەگەیێنێت، "به‌ چاوى هاوبه‌ش و وه‌ك به‌شێك له‌ سیستمى به‌رگریى عێراقى سه‌یرى پێشمه‌رگه‌ بكرێت."

ئەمڕۆ یەکشەممە (19/حوزەیران/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى سەربازی و ئه‌منیى عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیى جه‌نه‌راڵ عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاروڵڵا سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپاى عیراق كرد، كه پێکهاتبوون‌ له‌ فه‌رمانده‌كانى هێزى زه‌مینى، ئاسمانى، پاسه‌وانى سنوور، پۆلیسى فیدراڵى، هه‌واڵگرى، هه‌والگریی سه‌ربازى و ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان و چه‌ند پله‌دارێكى دیكه‌ى سه‌ربازى و ئه‌منى.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "شانده‌كه‌ پیرۆزبایییان له‌ گۆڕانكارییه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ئه‌و فه‌رمانده‌ و پله‌دارانه‌ خواست كه‌ له‌ پۆسته‌كانى وه‌زاره‌تدا ده‌ستبه‌كار بوون."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە، "شانده‌كه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌یان به‌شێكه‌ له‌ به‌رنامه‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى سوپا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و ئاماده‌یییان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى وه‌زاره‌تى به‌رگریى عیراق له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، نیشان دا."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە کۆبوونەکەدا، سوپاسى شاندەکەى کرد، "دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌یان په‌یامێكى به‌هێزى پشتگیرى و هاوكارییه‌ و هیواى خواست به‌ چاوى هاوبه‌ش و وه‌ك به‌شێك له‌ سیستمى به‌رگریى عیراقى سه‌یرى پێشمه‌رگه‌ بكرێت كه‌ بۆ هه‌مان ئامانج كار ده‌كه‌ن، ئه‌ویش پاراستنى وڵات و ئارامى سه‌قامگیرییه‌."

ئەوەش هاتووە، "هه‌ڕه‌شه‌ و جمووجووڵه‌كانى داعش به‌تایبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى كه‌ جوگرافیایه‌كى سه‌ختیان هه‌یه و له‌ ناوچه‌كانى سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ سووریا‌، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو. تیایدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ و سوودوه‌رگرتن له‌ پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى كرده‌وه‌ بۆ بنه‌بڕكردنى یه‌كجاره‌كیى داعش."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین