ئەردۆغان: شەوێک لە ناکاو ئۆپراسیۆنێک لە باکوورى سووریا ئەنجام دەدەین تورکیە

نوچەنێت:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا، دواى گەڕانەوەى لە ئازەربایجان دەڵێت، "لە باکوورى سووریا هەر جۆرە دەستدرێژیەک بکرێتەسەر تورکیا، بێگومان وەڵاممان دەبێت."

ئەمڕۆ یەکشەممە (29/ئایار/2022) ماڵپەڕى (سی ئێن ئێن) بڵاوکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەبارەت بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن بۆ سەر باکوورى سووریا ڕاگەیاند، "لە باکوورى خۆرهەڵاتى سووریا دژەکانمان خۆیان لە چەند شوێنێک حەشارداوە و کۆبوونەتەوە، بە داخەوە هەر لە سەرەتاوە ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە چەک و هاوکارى دارایى پشتیوانییان لەو گرووپانە کردووە، وە هێشتا بەردەوامن لە هاوکاریکردنیان."

ئەردۆغان لە درێژەى قسەکانى زیاتر ڕوونیکردەوە، "تا ئێستا بە سەدان بارهەڵگرى چەک بۆ باکوورى سووریا لەلایەن ئەمەریکاوە نێردراوە، ئەم چەکانە بە کێ دراوە؟ بێگومان بە پەکەکە و یەپەگە و پەیەدە دراوە، بەردەوام لەسەر سنوورەکان مەشقیان پێدەکەن."

سەرۆک کۆمارى تورکیا، چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر ئاماژەى بەوەکردبوو ئۆپراسیۆنێکى نوێ ئەنجام دەدەین، ئەمڕۆش بە ڕۆژنامەنووسانى ڕاگەیاند، "هەروەک چۆن لە چەند ڕۆژى ڕابردوو ئۆپراسیۆنمان لە عێراق ئەنجامدا، چەند جارێکى تریش گووتوومە، بە هەمان شێوە شەوێک لەناکاو بۆ سەر باکوورى سووریا هێرش دەکەین، ناچاریشین ئەم ئۆپراسیۆنە ئەنجام بدەین."

سەبارەت بە رێگرییەکانى ئەمەریکا بەرامبەر ئۆپراسیۆنى تورکیا بۆ سەر باکوورى سووریا ئەردۆغان جەختى لەوەکردەوە، "پێویستە ئەمەریکا ئەو بەرپرسیاریەتییەى دەکەوێتە سەرشانى بەرامبەر دوژمنەکانمان لە باکوورى سووریا ئەنجامى بدات، ئەگەر ئەمەریکاش بە ئەرکى خۆى هەڵنەستێت، ئەوکات ئێمە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچەیە مۆڵەت لە هیچ وڵاتێک وەرناگرین."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین