چین داوا لە ئەمریکا دەکات سزاكانى سەر ئێران هەڵوەشێنێتەوە

نوچه‌نێت

وەزیری دەرەوەی چین داوای لە ئەمریکا کرد بگەڕێتەوە سه‌ر ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵوەشێنێتەوە.

بە پێی هەواڵی "سپۆتنیک"، ڤانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ئەمڕۆ یەکشەمە حه‌وتی ئادار گوتی، هیوادارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ڕایگەیاندووە دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە زووترین کات هەنگاوی کردەیی لەو بوارەدا هەڵبگرێت و لەوانە گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبوەشێنێتەوە.

ڤانگ یی لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی گەورەی ساڵانەدا گوتی، "لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جدی بەڵێنەکانی خۆی پێشێل کرد، بە شێوەی تاک لایەنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چووە دەرەوە و گوشارێکی قورسی خستە سەر ئێران کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ئیدارەی نوێی ئەمریکا ویست و مەیلی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەربڕیوە، ئێمە هیوادارین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاستگۆ بێت و بە زووترین کات بۆ ئەو مەبەستە هەنگاو بنێت".

هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئێران بە تەواوەتی بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکاتەوە وبەرپرسیارییەتی خۆی لەبەرانبەر ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی چەکە ئەتۆمییەکان لە ئەستۆ بگرێ. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین