مەسرور بارزانى: مامۆستایانی کوردستان سه‌ره‌ڕای دۆخه ناله‌بارەکان هه‌موو هه‌وڵێكیاندا پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان ڕایدەگەیێنێت، "مامۆستایانی كوردستان لە سەردەم و قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی گەلی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگیان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پێگەیاندنی نەوەی نوێ  و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەبووە."

ئەمڕۆ یەکشەممە (15/ئایار/2022) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بەبۆنەی (60) ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "سوپاسی مامۆستایانی کوردستان دەکەم كه‌ سه‌ره‌ڕای دۆخه ناله‌بار و سەختەکاندا، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكیاندا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت."

 

ده‌قی په‌یامەى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان:

بەبۆنەی شەستەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و گشت مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

مامۆستایانی كوردستان لە سەردەم و قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی گەلی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ ، ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگیان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پێگەیاندنی نەوەی نوێ  و هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەبووە، بۆیە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی خەبات و تێکۆشان و ڕۆڵی گشت مامۆستایانی کوردستان لە گەیاندنی پەیامی پیرۆزی پەروەردە و فێرکردن دەکەینەوە.

مامۆستایان دەتوانن لە ڕێگەی په‌روه‌رده‌یه‌كی دروست و‌ پێشكه‌وتووەوە، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست بنیات بنێن‌، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ مرۆڤی نیشتمانپه‌روه‌ر و داهێنەر دروست بكات و بەشێک بێت لە پرۆسەی پێشخستن و گەشەپێدانی کوردستان.

سوپاسی مامۆستایانی کوردستان دەکەم كه‌ سه‌ره‌ڕای دۆخه ناله‌بار و سەختەکاندا، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكیاندا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت. هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هەموو لایەک، بتوانێت خزمەتێکی زیاتر و شایستەتری مامۆستایانی کوردستان بکات.

 مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین