به‌شێك له‌ هێزه‌كانى یه‌به‌شه‌  و ئاسایشى ئێزدخان له‌ شنگال كشاونه‌ته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى ئاشكراى ده‌كات دواى خۆپیشاندانى خه‌ڵكى شنگال له‌ دژى بوونى هێزى چه‌كداریى له‌ شاره‌كه‌یان، هێزه‌كانى یه‌به‌شه‌ و ئاسایشى ئێزدخان له‌ شنگال كشاونه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ حه‌وتى ئایارى 2022 سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى به‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى راگه‌یاندووه‌، چه‌ندان هێزى چه‌كدارى له‌ ناوچه‌كانى دوگورێى و سنۆنى و ناو شنگال كشاونه‌ته‌وه‌ و  به‌ره‌و چیاى شنگال رۆیشتوون.

سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌كه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ده‌ڵێ، "دواى ئه‌م خۆپیشاندانه‌ دێت كه‌ دوێنێ پێكهاته‌ى ئێزیدى له‌ شنگال ئه‌نجامیان دا، داوایان كرد هێزه‌ چه‌كداره‌ نافه‌رمییه‌كان له‌ شاره‌كه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌".

 بۆ ره‌وشى ئێستاى شنگالیش باس له‌وه‌ ده‌كرێت، ئێستا هێزێكى زۆرى پۆلیس و سوپاى عێراق له‌ شاره‌كه‌ن.

هه‌فته‌ى رابردوو چه‌ند رۆژێك شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانى یه‌كینه‌كانى به‌رخۆدانى شنگال "یه‌به‌شه‌" و هێزه‌كانى عێراق به‌ڕێوه‌چوو، كوژران و بریندار له‌ هه‌ر دوو لا هه‌بوو. هێزه‌ عێراقییه‌كان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ده‌ركردنى هێزه‌كان له‌شنگال كه‌ بڕگه‌یه‌كى گرنگى رێككه‌وتنى شنگاله‌ و ئه‌و رێككه‌وتنه‌یش له‌ ساڵى 2020 له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق واژۆ كراوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین