لە ساڵیادى قۆناخى چوارەمى ئەنفال دا، شەش داواکارى ئاراستەى حکوومەت و پەرلەمان دەکرێت کوردستانی

نوچەنێت:

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان، داوا لە حکوومەتى هەرێم و پەرلەمان دەکات، پێوستە بایەخى زیاتر بە دۆسیەی ئەنفال بدەن و چیتر کەمتەرخەم نەبن، دەشڵێت، "چونکە ھەمو لایەک لە دۆسیەی ئەنفالدا کەمتەرخەمن."

ئەمڕۆ سێشەممە (3/ئایار/2022) یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان ڕاگەیێندراوێکى لە یادى قۆناغى چوارەمى ئەنفال بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "قۆناغی چوارەمی ئەنفال یەکێکە لەھەشت قۆناغە شومەکەی ئەنفالی قڕکردنی گەلی کورد، لە رۆژی 3-5-1988 دەستیپێکرد و ناوچەیەکی جوگرافی بەرفراوانی لە دەوروبەری زێی بچوک لە ناوچەکانی (شوان و شێخ بزێنی و کۆیەو تەقتەق و خەلەکان و قڵاسێوکە) و گوندەکانی بەتەواوی گرتەوە".

بەپێى ڕاگەیێندراوەکەى یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان، لە قۆناغى چوارەمى ئەنفال (10) هەزار مرۆڤى کورد بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن.

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بەشى کۆتایى ڕاگەیێندراوەکەى شەش داواکارى ئاراستەى حکوومەتى هەرێم و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیارەکان دەکات:

یەکەم: ئەو شوێنانەی پێی دەوترێت مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال، بایەخیان پێ بدەن و  بکرێن بەمۆنۆمێنت و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکرێت. بە راستی بکرێن بە مۆنۆمێنت.

دوەم: ئەرکە یاساییەکان رابپەڕێنن بەتایبەتی بەتاوان ھەژمارکردنی گومانکردن لەقەبارەی قوربانیانی ئەنفال و پیاھەڵدان و ستایشکردنی تاوانبارانی ئەنفال.

سێیەم: ھێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال لە باشوری عیراق دوای پشکنینی پزیشکی. ئەم بابەتە بکرێت بە دۆسیەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقی.

چوارەم: گۆڕینی میکانیزمی یادکردنەوەی قوربانیەکان بە پرۆژەو کارو خزمەتکردن نەک گوتارو بەناو چالاکی رووکەش.

پێنجەم: ھەوڵدانی ھەمەلایەنە بۆ ناساندنی ئەنفال لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان و لەئاستی ناوخۆش.

شەشەم: داواکارین پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسای یەکێتیەکەمان پەسەند بکات بۆ ئەوەی کارایانەتر نوسەرانی جینۆساید بتوانن ئەرکە ھاوبەشەکانیان راپەڕێنن و یەکێتیەکەمان رۆڵی گەورەی خۆی ببنێ لەم پێناوانەدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین