مه‌سرور بارزانى : کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی پیشەییانە هەیە کوردستانی

نوچه‌نێت

له‌ رۆژى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، " کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی پیشەییانە هەیە".

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22ى نیسانى 2022 مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یامێكدا به‌ بۆنه‌ى  124 مین ساڵیادى ده‌رچوونى یه‌كه‌م رۆژنامه‌ى كوردى، په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

لە (124)مین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی (ڕۆژنامەی كوردستان) لەسەر دەستی خواڵیخۆشبوو میر میقداد میدحەت بەدرخان و هاوكارانی، کە هاوكاتیشە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم راگەیاندنکاران و رۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

ڕاگەیاندن پەیامێکی گرنگ و پبرۆزی هەیە کە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی راست و دروستە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان هەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی كۆمەڵگەی كوردستاندا بکات و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئیتیكی پیشەیی میدیاكاریدا، بە گیانێكی بەرپرسیارانە و بە باشترین و جوانترین شێوە، لە خزمەتی كۆمەڵگە و ئامانجە نیشتمانییە باڵاکاندا بێت.

جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە لە هەرێمی كوردستاندا، ژینگە و دەرفەتێکی باش بۆ کار و بزاڤی رۆژنامەوانیی و ئازادی راگەیاندن بە گشتی رەخسێنراوە و سەدان دەزگای جۆراوجۆر و فرەدەنگی راگەیاندن، سوودیان لەم کەشە ئازادە وەرگرتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کردووە و بەوپەڕی ئازادییەوە کار دەکەن.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە رۆژنامەنووس و راگەیاندنکارە راستەقینەکانی کوردستان بکەم کە رێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک، ئەم پیشە و ئەرکە گرنگ و سەنگینە، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و ناوزڕاندن و بێ رێزی و سووکایەتیکردن بە بەها بەرزەکانی نیشتمان بەکاربهێنن.

لە کۆتاییدا بە رێز و پێزانینەوە، یادی رۆژنامەوانە پێشەنگەکان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە خزمەتێکی زۆری كاروانی رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی كوردستانیان کردووە.

مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

22ی نیسانی 2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین