قوباد تاڵەبانى داواى کارئاسانى لە یۆنان دەکات بۆ پێدانى ڤیزا بە هاووڵاتیانى کوردستان کوردستانی

نوچەنێت:

جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە نۆتیس میتراکی وەزیری کۆچ و پەنابەرانی یۆنان و فابریس لیگێری سەرۆکی ئاژانسی فرۆنتێکسی یۆنان لە یەکێتی ئەوروپا بۆ سنوور و پاسەوانیی دەریایی کۆبووەوە.

ئەمڕۆ شەممە (9/نیسان/2022) بەپێى ڕاگەیێندراوێکى ماڵپەڕى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە پەراوێزی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابوری دێلفی، سەبارەت بە کێشەی کۆچبەرانی کورد بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە نۆتیس میتراکی وەزیری کۆچ و پەنابەرانی یۆنان و فابریس لیگێری سەرۆکی ئاژانسی فرۆنتێکسی یۆنان لە یەکێتی ئەوروپا بۆ سنوور و پاسەوانیی دەریایی کۆبووەوە.

بەپێى ڕاگەیێندراوەکەى حکوومەتى هەرێم، قوباد تاڵەبانى لە کۆبوونەوەکەدا، "نیگەرانی خۆی لە دۆخی کۆچبەرانی کورد لە سنوورەکانی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا دەربڕی و داوایکرد بە شێوەیەکی مرۆڤدۆستانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا بکرێت."

جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوەکردەوە بۆ "چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە جیاتی ئەوەی بودجەیەکی زۆر بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکان تەرخان بکەن، باشترە بیر لەوە بکەنەوە کە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن. لەڕێی وەبەرهێنان و کاری هاوبەشی ئابورییەوە جگە لەوەی دەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو کێشەی کۆچ کردن بەرەو ئەوروپا چارەسەر بکرێت."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی یۆنانی و یەکێتی ئەوروپا کرد کە؛ ئاسانکاری زیاتر بکرێت لە پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیانی کوردستان و پرۆسەی سەفەری یاسایی ئاسانتر بکرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان چیتر بیر لە ڕێگەی قاچاخ بۆ کۆچکردن نەکەنەوە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین