لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌ هه‌ولێر ده‌ستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كرد کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ شاندێكى باڵاى په‌رله‌مانى عێراق گه‌یشته‌ هه‌ولێر و به‌رپرسى راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، ئه‌وان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ هاتوون و ده‌یانه‌وێ له‌ نزیكه‌وه‌ شوێنى بۆردومانكردنى هه‌ولێر ببینن.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ى ئادارى 2022 شاندێكى په‌رله‌مانى عێراق سه‌ردانى هه‌ولێریان كرد، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ به‌ نوچه‌نێت دراوه‌، شانده‌كه‌ له‌مانه‌ پێكهاتوون :حاكم زاملى جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق، شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگرى دووه‌مى سه‌رۆك په‌رله‌مان و نایف شه‌مه‌رى جێگرى سه‌رۆكى فراكسیۆنى سه‌روه‌ریى سوننه‌، عه‌توان عه‌توانى سه‌رۆكى فراكسیۆنى دەوڵەتی یاسا، هه‌رێم كه‌مال ئاغا سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى، عه‌باس زاملى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح.

وه‌ك له‌ ناوى ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ زۆربه‌ى فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كانى په‌رله‌مان پێكهاتووه‌، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسى راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان دووپاتى له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و شانده‌ ته‌نیا بۆ ده‌ربڕینى هه‌ڵوێستى سیاسى نه‌هاتوون، به‌ڵكو بۆ به‌دواداچوون بۆ هێرشه‌كه‌ ده‌كات كه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانى 13ى ئه‌م مانگه‌ كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێر.

سامان ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت به‌ نوچه‌نێت گوتى، "دیارە لە پەرلەمانی عێراق بڕیارێک دەرچووە بۆ پێكهێنانى لیژنەی  لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون. لە هەموو دنیادا کاری پەرلەمان بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و چاودێریکردنە، هەروەها بۆ هەر رووداو پێشهاتێکیش لیژنە پێک دێت دیارە ئەوانیش لە چوارچێوەی ئەوە کە بە چاوی خۆیان بیبینن رووداوەکە چۆن بووە و ئەو زەرەر و زیانەی کە بەو شوێنە مەدەنیانە کەوتووە چین".

به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان باسى له‌وه‌یش كرد كه‌ ئه‌و شانده‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیش كۆده‌بێته‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانى 13ى ئادار به‌ 12 مووشه‌كى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆردومانى هه‌ولێر كرا. هه‌رچه‌نده‌ هیچ زیانێكى گیانى تۆمار نه‌كراوه‌، ته‌نیا زیانى مادى نه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م هێرشه‌ به‌ پێشێلكاریى سه‌روه‌رى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌زانرێت، بۆیه‌ له‌ لایه‌ن وڵاتانى جیهان و ناوچه‌كه‌ سه‌ركۆنه‌ كرا.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین