هیوای سەید سەلیم: هێرشەکەی سەر هەرێمی کوردستان تیرۆرستانەیە کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

چاودێرێکی سیاسی سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی رابردووی سەرشاری هەولێر دەڵێت: هێرشەکەی شەوی رابردوو تیرۆرستانەیە چونکە شوێن و خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج.

شەوی رابردوو(13/ئازار/2022 ) هێرشێکی موشەکی کرایە سەر شاری هەولێر، جگە لە زیانی ماددی تەنیا شوفێرێکی تاکسی برینداربوو. ئەمڕۆ سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی خۆی لەم هێرشە راگەیاند.

هیوا سەید سەلیم، چادێری سیاسی، لە بارەی ئەگەرەکانی ئەم هێرشە لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت گوتی: ئەوە پەیامە زۆریش بێویژدانانەیە، دەتوانم بڵێم تیرۆرستانەشە، لەبەر ئەوەی هەر شتێکت کە هەیە دەربارەی هێزەکانی کوردستان دەتوانن لە رێگەی گفتوگۆ یەکلایی بکەیتەوە نەوەک خەڵکی سڤیل بکەن بە ئامانج.

هیوا سەید سەلیم، رایوایە کە ئەو شەڕەی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا هەیە کاریگەری لەسەر جیهان هەیە، ئێستا خوێندنەوەکان لەوە تێپەڕیوە پێمان وابێ ئەوەی روودەدات تەنیا ململانێی وڵاتانی هەرێمییە، یارییەکە زۆر لەوە فراوانتر بووە ئێستا زلهێزانی ناوچەکە لە تورکیا لە ژێر ئەجندای ئیسرائیل کۆدەبنەوەو پلان بۆ بارودۆخی روسیاو ئۆکرانیا تاوتوێ دەکرێت، تەسفییەی حساباتی وڵاتانی زلهێزە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە هەمیشە جێی نیگەرانییە هەمیشە لەو ناکۆکی و ملمڵانێیەی وڵاتان هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج و کوردیش و ئەزمونەکەی دەکرێتە قوربانی، بۆخۆشمان وەکو کارەکتەر ئەو راستییەی کە هەیە نەمانتوانییوە وا بکەین پڕوشکی ئاگری وڵاتان بەر کوردستان نەکەوێت، بۆیە بەراستی ئەوە مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئەزمونەکەی و سەرئەنجام خەڵکی سڤیل دەبێتە قوربانی.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم هێرشانە بەردەوام دەبێت لەکاتێکدا عیراق لە نزیک وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار؟ هیواسەید سەلیم گوتی: پێمان وایە پرسی  نێو ماڵی شیعە کە کورد خۆشی بۆتە بەشێک لەو ململانێیە، بەشێکە هەر لەو بارودۆخە نەک هەر بە تەنیا تا یەکلا کردنەوەی سەرۆککۆمار بگرە تا ئەو کاتەی وڵاتان دەست لە کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان وەردەدەن، هەرێمی کوردستان ئەگەر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ  ئەو بارودۆخە نەکات هەمیشە دەکرێتە ئامانجی ئەم جۆرە پەلامارانە.

سەبارەت بە ئەگەری هێرشەکە کە ئایا ئەمەش بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆککۆمارە ئەو چاودێرە سیاسییە جەخت لەوەدەکاتەوە: کەزیاتر بۆ پرسی سەرۆککۆمارە، ئێران  دەیەوێت هەژمونی لە بەرامبەر هێزە باڵا دەستەکانی هەرێمی کوردستان نیشان بدات، تورکیاش دەیەوێت بڵێت منیش هەم، لەو کێشانەدا ئەوەی زەرەر مەندە هەر کوردە.

 هاوکات بەرای ئەم چاودێرە سیاسییە، ئەم جۆرە هێرشە پەیامە، کوردەواری پەندێکی هەیە دەڵێت، کوتکی بن عەبا، ئەوە بەڕاستی پەیامە پەیامێکی زۆریش بێویژدانانەیە، دەتوانم بڵێم تەنانەت تیرۆرستانەشە، لەبەر ئەوەی تۆ هەر شتێکت کە هەیە دەربارەی هێزەکانی کوردستان دەتوانی لە رێگەی گفتوگۆ یەکلای بکەیتەوە نەوەک خەڵکی سڤیل بکەی بە ئامانج.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین