ناسک سەعید: یەکجار نوسراوی سەرۆکی پەرلەمانمان بۆ هاتووە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-تایبەت

رێواس فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کورستان لەمەراسیمی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی تووندوتیژی و کوشتن بە بیانوی شەرەف لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: چەند جارێک رێکخراوەکانی ژنانیان بە نوسراوی فەرمی ئاگادار کردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر یاسایەک پێویستی بە گۆڕین بێت بگۆڕدرێت، یانیش یاسای نوێ دەربکرێن بەڵام تاکو ئێستا هیچ وەڵامێک لەو رێکخراوانەوە نەبووە. پێت وایە هیچ یاسایەک نەبێ پێویستی بە گۆرین بێت؟ چالاکوانێکی بواری ئافرەتان دەڵێت: داوای لە کێ کردووە؟ کەس ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە.

ناسک سەعید، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان. سەبارەت بە قسەکەی سەرۆکی پەرلەمان لە گفتوگۆیەکدا بۆ نوچە دەڵێت" ئێمە تۆڕی هاوبەشی ئافرەتانی رێکخراوەکانی هەرێمی کوردستانمان هەیە، ئەم تۆڕە پێکدێت لە ئافرەتانی پارتە سیاسییەکان و هەموو لایەنەکان دەگرێتەوە، نزیکە حەڤدە پارتی سیاسین، لەساڵی 2021 چەندین جار کۆبونەوەی تایبەتی خۆمانمان کردووە سەبارەت بەو بابەتە بەلامەوە سەیرە کە سەرۆکی پەرلەمان قسەیەکی لەو شێوەیە بکات، چونکە ئێمە لە ڕێگەی ئەو تۆڕەوە سەردانی پەرلەمانی کوردستانمان کردووە و چوینە لای لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان، بە سوپاسەوە پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لە ئێمە کرد، یاداشتێکمان دایە لیژنەی داکۆکی کردنی مافی ئافرەتان، بێگومان لەو یاداشتە کۆمەڵێک خاڵ هەبوون ئاماژەمان پێکرد، بۆ نمونە هەموارکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت بوو هەروەها پێشنیارکردنی پرۆژە یاسا بوو".

ناسک سەعید، هەر لە بارەی قسەکەی رێواس فایەق، باس لەوە دەکات کە تەنیا یەکجار نوسراوی فەرمی پەرلەمانیان پێگەیشتووە" داوامان کرد هەرکاتێک گۆڕانکاری بکرێت بۆ ئەوەی بەشدار بین لە گفتوگۆکان لە هەموارکردنی یاساکان رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان ئاگادار بکرێنەوە، ئێمە یەک جار نوسراوی فەرمی پەرلەمانمان پێگەیشتوە دەقی نوسراوەکەش ئەوە بوو کە پێشنیارمان چییە لەسەر هەموار کردنی یاساکانی تایبەت بە ئافرەتان، یاخود هەر رێنمایەک هەبێ یان بابەتێک هەبێ پێویست بێت بەدوا داچونی بۆ بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکانی ئافرەتانی کوردستان کۆبوونەوەی تایبەتی خۆمانمان کرد کۆمەڵێک پێشنیاری زۆر باشمان لەبەر دەست بوو کردمان بە دوو پەرەگراف،  بەشێکمان تایبەت کرد هەموار کردنەوەی چەند خاڵێک یەک لەوانە یاسای باری کەسێتی بوو لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بەشی دووەمیش تایبەت بوو بۆ بەدواداچوونی هەندێ بابەت لە پەرلەمانی کوردستان ئیشی لەسەر بکرێت تاکو لەناو حکومەتدا چالاکتر بکرێت  پێشکەشی دکتۆرە رێواس سەرۆکی پەرلەمانمان لە پەرلەمانی کوردستان".

لە نجە عەبدوڵڵا، سەرۆکی دەزگای وارڤین کە پێشتر گۆڤارێکیان لەسەر پرسەکانی ئافرەتان دەردەکرد سەبارەت بە قسەکەی سەرۆکی پەرلەمان گوتی" نازانم سەرۆکی پەرلەمان داوای لە کێ کردووە نەچووە، من خۆم چەند ساڵە لەو بوارە کاردەکەم بەڵام هیچ داواکاری یان بانگهێشتنامەیەکم بۆ نەهاتووە، کە داوابکات پێشنیا بۆ هەموارکردنەوەی هیچ یاسایەک بنێرین".

بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان باس لە هەموارکردنەوەو دەرکردنی کۆمەڵێک یاسای باش دەکات " لەو کاتەی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو کۆمەڵێک یاسای زۆر باش  لە پێناو باشتر کردنی پرسی ئافرەتان چارەسەرکردنی کێشەکانی خێزان لە هەرێمی کوردستان دەرچوو و هەموارکرانەوە، بەڵام دەبێ بزانین زۆر جار یاساکان لەو کاتەی کە دەردەچێ بۆ ئەو کات باشە بەڵام بەحوکمی گۆڕانی کۆمەڵگە وبەرەو پێش چوون یان ئەو بەریەکەوتانەی کە رۆژانە روو ئەدات هەندێ حاڵەت دێتە پێش پێویست دەکات جارێکیتر ئەو یاسایانە هەندێ برگە و مادەی هەموار بکرێتەوە بۆیە ئیش لەسەر ئەو بابەتانە کراوە".

ناسک سەعید، ئاماژە بە پڕۆژە یاسایەک دەکات کە پێشکەشیان کردووە"ئێمە پرۆژە یاسایەکمان پێشنیار کرد بە ناوی پرۆژە یاسای مافی هاوسەران، بەڵام زانیمان دەرچونی پرۆژە یاسا کاتی زۆری دەەوێت بۆیە ئەو بڕگانەی لەو پرۆژە یاسایەدا بە گرنگمان زانی هەڵمانگرت لەناو یاسای باری کەسێتی جێگیرمان کرد، داوامان کرد کە جارێکیتر لەناو یاسای باری کەسێتی هەندێ خاڵ و بڕگە و ماددەی هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو بابەتانە جێگیر بکرێتەوە تێیدا".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین