پاساوەكانى توركيا بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل شیکاری

نوچەنێت:

رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆكى کۆمارى تورکیا ئەمجارە بەبێ گوێدانە رەخنەکان و لەبەرچاوگرتنى دروشمەكانى پێشووى خۆى، سوورە لەسەر ئەوەى بەخێرايى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل ئاسايى بكاتەوە.

مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا رايگەياند، "مانگى داهاتوو ئيسحاق هێرزۆغ، سەرۆكى ئيسرائيل سەردانى ئەنقەرە دەكات، ئێمە پابەندين بە دروستكردنى دەوڵەتى فەڵەستين، ئەوەش لە پێناو پەيوەندييەكى بەهێزترە لەگەڵ ئيسرائيل."

چاودێرانى دۆخى فەڵەستينى پێيانوايە، "توركيا پاساوەكانى بۆ ئاساييكردنەوەى لەگەڵ ئيسرائيل ئامادە كردووە، بەهۆى ئەو قەيرانە ئابوورييەى تووشى بووە، فەڵەستينيەكان رەخنەى لێناگرن، وەك ئەو وڵاتانەى پەيوەندييەكانيان لەگەڵ ئيسرائيل ئاساييكردۆتەوە، تا ئێستاش نە دەسەڵاتى فەڵەستينى و نە حەماس هيچ رەخنە و هێرشێكيان نەكردۆتە سەر توركيا، مەحمود عەباس لە پەيوەندى راستەوخۆى توركيا لەگەڵ ئيسرائيل نيگەران نابێت، ئەوەش لەبەر ئەوەيە نايەوێت قەتەر لێى تووڕە بێت، چونكە ئێستا دەسەڵاتەكەى تووشى قەيرانێكى قووڵ بووە، دواى ئەوەى بەرەى كلاسيكى عەرەبى پشتيان تێكرد، ئێستا گرەو لەسەر بەرەى قەتەر ــ توركيا دەكات."

بزووتنەوەى حەماسيش يا بێ دەنگ دەبێت، ياخود رايدەگەينێت، "ئێمە لە پاساوەكانى سەرۆكى توركيا تێدەگەين." ئەو هێرشانەى لەكاتى ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانى هەندێك وڵاتى عەرەبى لەگەڵ ئيسرائيل كرديانە سەر ئەو وڵاتانە، ئەو هێرشە ناكانە سەر توركيا.

وەزيرى دەرەوەى توركيا رايگەياند، "هەر هەنگاوێك بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەنديمان لەگەڵ ئيسرائيل، وەك وڵاتانى عەرەبى لەسەر حيسابى پرسى فەڵەستين نابێت."

توركيا ئەوەى بۆخۆى بەڕەوا دەزانێت، بۆ ئەوانەى تر سەبارەت بە دۆسيەى فەڵەستين رەتى دەكاتەوە، توركيا پەيوەندييەكى دێرينى لەگەڵ ئيسرائيل هەيە، بۆ جوانكردنى وێنەى خۆى لاى جيهانى ئيسلامى، هەندێك دروشمى فەڵەستينيەكانى بەرزكردۆتەوە، بەڵام پەيوەنديى سەربازى و ئابوورى و هەواڵگرى لەگەڵ تەلئەبيب نەپچڕاندووە، ئێستاش بەدواى دەستكەوتى زياتر دەگەڕێت، لەسايەى ئەو قەيرانە ئابوورييە گرەو لەسەر بەدەستهێنانى دەكات.

چەند رۆژێكة ئەردۆغان رايگەياندوە، سەرۆكى ئيسرائيل لە ناوەڕاستى مانگى ئازارى داهاتوو سەردانى توركيا دەكات، بەڵام تا ئێستا ئيسحاق هێرزۆغ ئەو سەردانەى پشتڕاست نەكردۆتەوە، ئيسرائيلييەكان زۆر بە هەستيارى مامەڵە لەگەڵ ئەو لێدوانانەى توركيا بۆ ئاساييكردنەوەى پەيوەندييەكانيان دەكەن.

بەرپرسێكى باڵاى ئيسرائيلى بە رۆيتەرزى راگەياند، "ئيسرائيل هەنگاوى گەورە بەرانبەر ئەو سووربوونەوەى توركيا دەهاوێت، ناكۆكييەكانى ئەو ناوچەيە پێويستى بەوە هەیە هەردوولا رێگر نەبن پەيوەندييەكانيان ئاسايى بكەنەوە."

لە وەڵامى پرسيارێكى رۆژنامەوانى دەربارەى ئاسايكردنەوەى پەيوەندييەكان لەگەڵ توركيا نەفتالى بنێت، سەرۆكوەزيرانى ئيسرائيل رايگەياند، "كارەكان بە ئەرێنى بەڕێوە دەچێت."

لە لايەكى ترەوە ئيبراهيم كاڵن، وتەبێژى سەرۆكايەتى توركيا بە كەناڵى (خەبەرى) توركى رايگەياند، "لەو كاتەوەى حكومەتى نوێ لە ئيسرائيل پێكهاتووە، ئاڕاستەيەكى ئەرێنى لەو وڵاتە هەيە، دەتواندرێت كارى لەگەڵ بكرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین