دادگاى فیدڕاڵى كاندیدبوونى هۆشیار زێبارى راگرت کوردستانی

نوچه‌نێت

دادگاى باڵاى فیدڕاڵى له‌ عێراق بڕیارى دا به‌ شێوه‌یه‌كى كاتى كاندیدبوونى هۆشیار زێبارى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار بوه‌ستێنرێت، تا ئه‌و كاته‌ى بابه‌تى ئه‌و سكاڵایانه‌ى له‌سه‌ریه‌تى یه‌كلایى ده‌بنه‌وه‌.

 ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ شه‌شى شوباتى 2022 دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كى كرد، له‌سه‌ر ئه‌و تانانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر كاندیدبوونى هۆشیار زێبارى كاندیدى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌ دادگاكه‌ درابوون.

دادگاكه‌ بڕیاریدا كاندیدبوونه‌وه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى كاتى بوه‌ستێنرێت تا ئه‌و كاته‌ى بابه‌تى سكاڵاكانى سه‌ر هۆشیار زێبارى یه‌كلایى ده‌كرێنه‌وه‌. بڕیاره‌كه‌ى دادگا له‌ چوار لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌ و به‌ ته‌واوى تاوتوێى بابه‌ته‌كه‌ى كردووه‌. دادگا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌ هۆى ئه‌وه‌ى هۆشیار زێبارى كه‌ ئه‌و كاته‌ى وه‌زیرى دارایى عێراق بووه‌ له‌ 25ى ئابى 2016 له‌ په‌رله‌مان لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه‌، وه‌ڵامه‌كانیشى بۆ په‌رله‌مانتاران رازیكه‌ر نه‌بووه‌، بۆیه‌ په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى دوورخستنه‌وه‌ى له‌ پۆسته‌كه‌ى داوه‌.

دواى ئه‌مه‌یش له‌ ساڵى 2018 هۆشیار زێبارى له‌ دادگاى كه‌رخ ده‌بووایه‌ ئاماده‌ بێت، بۆ تاوتوێكردنى چه‌ند بابه‌تێك كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى عێراقه‌وه‌ هه‌بووه‌، كه‌چى له‌و دادگاییه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌. دادگاى فیدڕاڵى له‌ درێژه‌ى ورده‌كارییه‌كانى باس له‌وه‌یش ده‌كات كه‌ قبووڵكردنى زێبارى وه‌ك كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌رپێچى ده‌ستوور بووه‌.

بڕیاره‌ سبه‌ى حه‌وتى شوبات دانیشتنى په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار بكرێت، كه‌ جیا له‌ هۆشیار زێبارى 25 كاندیدى تر هه‌ن، یه‌كێك له‌وان به‌رهه‌م ساڵحى سه‌رۆك كۆمارى ئێستایه‌ كه‌ كاندیدى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانه‌.

دوێنێ ره‌وتى سه‌در كه‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى په‌رله‌مانه‌ رایگه‌یاند، بایكۆتى دانیشتنه‌كه‌ ده‌كات و ئاماده‌ نابێت. كۆتایى هه‌فته‌ى رابردوویش دادگاى فیدڕاڵى رایگه‌یاند، هه‌ر كاندیدێكى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار به‌ دوو له‌ سێى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران ده‌بێته‌ سه‌رۆك.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین