فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران گه‌یشته‌ به‌غدا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دواى راگه‌یاندنى بڕیارى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندى لایه‌نه‌ شیعه‌كان نه‌بوو، ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى ئاشكراى كردووه‌، ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ى كانوونى دووه‌م دادگاى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى به‌ یاساییبوونى دانیشتنى یه‌كه‌مى په‌رله‌مانى دا و هه‌روه‌ها كارى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كارا كرده‌وه‌. ئه‌مه‌یش دوو بڕیار بوو كه‌ به‌ خواستى لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ نه‌بوو.

ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودس به‌په‌له‌ و به‌ سه‌ردانێكى رانه‌گه‌یێندراو گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا. پێشتر قائانى دوو جار له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در دانیشتبوو، به‌ڵام نه‌گه‌یشته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كانى تر له‌ حكومه‌ت به‌شدارى پێبكات.

موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ وتارێكى ته‌له‌ڤزیۆنى كه‌ دواى ده‌رچوونى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى په‌خشكرا، هه‌ندێك له‌ نهێنیه‌كانى دانوستاندنه‌كانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعه‌كانى تر ئاشكرا كرد. له‌وانه‌ گوتى، "داوام له‌ هادى عامرى و قه‌یس خه‌زعه‌لى و فالح فه‌یاز كرد به‌شداربن له‌ حكومه‌تى زۆرینه‌، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى مالیكى به‌شدار نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیان كرده‌وه‌، چوارچێوه‌ه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ هاتنى بۆ حه‌نانه‌ گره‌وى به‌ به‌شداریكردنى مالیكى كردووه‌ منیش به‌وانم گوت،  با به‌ دڵى خۆتان بێت!"

هه‌روه‌ها سه‌در ده‌ڵێ، "چوارچێوه‌كه‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ له‌ ئێستادا به‌ره‌نگارى گه‌نده‌ڵى ببێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانى گوتویه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى وا ده‌كات زیندانه‌كان پڕ بن".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌یش له‌ عێراق موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌ڵێ، "مه‌رجه‌عیه‌ت له‌ سیاسییه‌كان تووڕه‌یه‌ وده‌رگاى به‌روویان داخستووه‌". ئاشكرایشى ده‌كات كه‌ هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح رازیبووه‌ به‌وه‌ بێ مالیكى به‌شدارى حكومه‌ت بكات، به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ یه‌كلایى نه‌بووه‌ته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین