سوعاد قادر: تا رۆڵ بۆ ئافرەت نەگەڕێنرێتەوە ئینتیمای نەتەوەیی لە لاوازیدا دەبێت دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش-نوچەنێت

سوعاد قادر عەزیز، یەک لە ژنە چالاکە ئیسلامییەکانی ناو بزووتنەوەو دواتر کۆمەڵی ئیسلامییە، پیشەی مامۆستایەو دەرچووی کۆلێژی زانستی بەشی کیمیای ساڵی 1979یە. دامەزرێنەری(شورا) بۆ ژنان لەناو بزووتنەوەی ئیسلامی و دواتر رێکخراوی خوشکانی کۆمەڵی ئیسلامییە، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت، باس لە کار وئامانجی رێکخراوەکانی ئافرەتان دەکات و دەڵێت: بەشێکیان کاریان کردووەو بەشێکیشیان زیادن، ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی بە رۆڵی ژن وەکو دایک دەبەستێتەوەو پێیوایە، کە دایک رۆڵی خۆی بینی هەر خێزانێک دەبێ بە دەوڵەتێک.

نوچەنێت: لە ساڵی چەند دەستت بە کاری سیاسی کرد؟ 

سوعاد قادر: لە ساڵی 1994وە پەیوەندیم بە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە کرد. رێکخراوێکی ژنانم دروستکرد بە ناوی (شورا) دواتر کە بووە کۆمەڵی ئیسلامی و جیابوونەوە دروستبوو رێکخراوی خوشکانی کۆمەڵی ئیسلامیمان دامەزراند. لە ساڵی ٢٠١٠وە دەستم لە کارکێشایەوەو ئێستا سەنتەرێکم دروستکردووە بەناوی سەنتەری پەروەردەو پێگەیاندنی گەنجان. ئامانج و دروشممان خزمەتکردن بە پێگەیاندنی ئافرەت بوو لە رووی کۆمەڵایەتی و بانگخوازییەوە کە بتوانێ بەهێزبێت.

نوچەنێت: تا ئێستا ئەم رێکخراوە بە هەمان ئامانج و دروشم بەردەوامە؟

سوعاد قادر: هەر ئایدیایەک دەکەوێتە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان، هەرچەندە ئیسلام دینە ئایدیا نییە. بۆیە گۆڕانکاری بەسەر شێوازی کارکردندادێت و ناتوانی بۆ نمونە بڵێی تەکنەلۆژیا کاریگەری نییە هەندێجار کارەکانمان بەرەو هەڵكشان و هەندێجار بەرەو داکشانە واتە لە ئاستێکدا نامێنێتەوە. 

نوچەنێت: کاتێک ئێوە دەستتان بەکارکرد، لە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی کەسانی توندڕەو هەبوون رێگرییان لێنەکردن بە بیانووی رێگەنەدانی شەرعەوە، هەیانە ئێستاش لەسەر هەمان توندڕەوی بەردەوامە؟

سوعاد قادر: کە رێگری هەبوایە من نەمدەتوانی بگەمە سەرکردایەتی، بەڵکو هانیشیان دەداین بەردەوام بین لە کارکردن. هەتا ئێستاش ئەوە دەبینین ئافرەتان پشتگیری دەکرێن بۆ چوونە پەرلەمان، بە تایبەتیش کاتێک کۆمەڵێک ئافرەت بوونە خاوەن بڕوانامە.

راستە کەسانێکی توندڕەو هەبوون دواتر ئەوان جیابوونەوەو شتی تریان دروستکرد.

کەسە توندڕەوەکان جیابوونەوە و شتی تریان دروستکرد

نوچەنێت: چۆن هاوکارییان دەکردن؟

سوعاد قادر: هانیان دەداین و رێگەیان بۆ خۆشدەکردین، بە دەنگدان دەچووینە پێشەوە بەپێی بارودۆخ، کاتێک حکومەت دامەزرا بەپێی ئەو بەرنامانەی هەبوو کەسیان هەڵدەبژارد. 

نوچەنێت: کارکردنی ئافرەتان لە ناو هێزێکی سیاسی چەکداری، زادەی واقیع بوو یان باوەڕبوون بوون بە تواناو کاری ئافرەتان؟

سوعاد قادر: بابەتی چەکداری بزووتنەوەی ئیسلامی، لە سەردەمی رژێمی سەدامەوە دەستیپێکرد، واتە ئەوکاتە دژ بە رژێمی داگیرکار بوو. دوای ئەوە رۆڵی خۆیان بینی هەر لە کاری رێکخستنی ناو شارەوەو زیندانیکردنی خۆیان و کەسوکاریان تا رووبەرووبوونەوەی چەکداری.

نوچەنێت: لە ئیسلامدا تێکەڵبوونی ژن و پیاو حەرامە، ئێستا سەردەمێکە ئافرەتان ناچارن کاربکەن، ناشتوانین خۆمان ئەو کەسانە هەڵبژێرین کە کاریان لە گەڵدا دەکەین، ئەوە چۆن دەگونجێت؟

سوعاد قادر: قەت بە یەکلا سەیری ی ئیسلام مەکەن. ئیسلام لەگەڵ واقیع کاردەکات، بۆ نمونە دۆخی کچێکی گەنج لەگەڵ ژنێکی بەتەمەن جیاوازە، کۆمەڵگەو ناوەندێکی پاک کە بتوانێ کەسایەتی و لایەنی جەستەیی و رۆحی ئافرەت بپارێزێ دەکرێ کاری تێدابکەیت. یاساکانی ئیسلام پاراستنی کەسایەتی مرۆڤەکانە بە باشترین شێوە.

ئیسلام کارکردنی بۆ ژن قەدەخە نەکردووە. لەسەردەمی پێغەمبەر(د.خ) ئافرەت لە بازاڕ شتی فرۆشتووە، کەسیش رێگەی لێنەگرتووە. تەنیا ئەو ئایەتەی کە بۆ ژنانی پێغەمبەر هاتووەتە خوارەوە، تایبەتە بە ئەوان کە لە ماڵەوە بمێننەوە. 

نموونەیەکی تر ئەوەیە، ئافرەتێکی جولەکە لە بازاڕ کاری کردووە، کراسەکەی بە شتێک بەستبۆوە کە هەستا لەشی دەرکەوت نەهاتن بڵێن بڕۆ لە ماڵەوە دانیشە ئیش مەکە، ئیسلام ژینگەیەکی دروست کردبوو کە کەسایەتی ژنی تێدا پارێزراوبێت. 

لەسەردەمی عومەر( رەزای خوای لێبێت)  بۆ ئاسایشی ئابوری و پارێزگاری ناوبازاڕ و گران نەبوونی نرخ ژنێکی کردبووە بەرپرسی بازاڕ.

بە دواداچوونم کردووە لە مێژووی ئیسلامدا، زۆر ئافرەت هەبوون کە رۆڵی گرنگیان بینیوە، ژن هەبووە سەرکردایەتی کردووە. لە کوردستان نمونەی ژنی وەکو خانزادی میری سۆران و حەپسەخانی نەقیبمان هەیە. لە شام ئافرەتێک کە لە نەوەکانی سەڵاحەدینی ئەیوبی بووە پارێزگاری شاری ئیدلیب بووە.لەو سەردەمە  زانکۆو مزگەوت و رێگابانی دروستکردووە. ئافرەت دەتوانێ کاربکات بە مەرجێک هاوسەنگی رابگرێت لە نێوان ئەرکەکانی وەکو ژنێک و کارەکەیدا. 

حەزرەتی عومەر ژنێكی کردووەتە بەرپرسی ئاسایشی ئابوری لە بازاڕ

نوچەنێت: بە پێی قۆناخەکان و پێداویستی و بارودۆخ، کارکردنی ژن بووە بە پێویستی، ئافرەت هەیە پێویستی بەوە هەیە بە درێژایی رۆژ کاربکات. 

سوعاد قادر: ئەگەر لێکۆڵینەوە بکەی و بە مێژوودا بچیتەوە، بە درێژایی مێژوو ئەو کۆمەڵگایانەی کە دەستیان بە دینی خواوە گرتووە ئیتر دینە مەسیحی، جو، ئیسلام  بووبێت ئەم حاڵەتانەی کە ئێستا دەیبینین رووینەداوە. ژنان کاریان کردووە بەڵام کاتیان بۆ ژنێتی و دایکایەتیش تەرخان کردووە.

خاتو عایشە ژن بووە بەڵام پیاوەکان پرسیان پێکردووە و 1500فەرمودەیان لیوەرگرتووە، خاتوو خەدیجە بازرگان بووە.  بە حوشتر گەشتی بازرگانییان لە مەککەوە بۆ شام کردووە کە رێگایەکی دوورودرێژە. ژن نابێ رادەستی ئارەزوو بێت دەبێ هەرکارێک دەتوانێ بکات بە مەرجێک کەسایەتی خۆی بپارێزێت.

دەبێ ئێمە بزانین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەرجارەی بە جۆرێک سامان لای کەسێک یان گروپێک کۆبووەتەوە، بۆ نمونە وەکو سەردەمی فیرعەونەکان یان قارون، لە سەردەمی شیوعییەکان لەدەستی دیکتاتۆری پڕۆلیتاردابووە، لە سەردەمی ئێستادا لای سەرمایەدارەکانە. ئێستا ئەمریکییەکان دەیانەوێت سەرمایەی هەموو جیهان بکەوێتە دەستی ئەوان. کەواتە لەسەردەمێکدا دەژین کە ئافرەت دەبێ زۆر وریای خۆی و کەسایەتی خۆی بێت. 

نوچەنێت: پێتوایە دیارترین و ئاڵۆزترین کێشەی ژن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چییە؟

سوعاد قادر: ژن دەبێت وەک ژن پەروەردەبکرێت و کەسایەتی سروشتی خۆی لێوەرنەگیرێتەوە. ئێمە ئێستا هەر لە پەروەردەوە هەڵەدەکەین، پەروەردە بووەتە پەروەردەیەکی ماددی روت. لەسەردەمی سەدام حەزمان دەکرد وڵاتێکی سەربەخۆمان هەبێ و ئازاد بین، کاتی خۆی خەومان بە کوردستانێکەوە دەبینی ژن تێیدا سەرکردە بێت، ئەوەش بەوە دەکرێت کە ژنێتی لێنەسنرێتەوە. بەم دۆخەی ئێستا تا دەگاتە وەزیفەو کاروباری خۆی دەبێتە رۆبۆت.

ئافرەت کاتێک کاردەکات نابێ ببێتە پیاو، دەبێ وەکو ژن کاربکات سروشتەجوانەکەی خۆی بپارێزێت. ئەحمەد شەوقی کوردێکی خەڵکی سلێمانییەو کاتی خۆتی چووەتە میسر دەڵێت" کاتێک دایکت گەورەکرد شەعبت بۆ پەروەردە دەکات".

ئافرەت کاتێک ماوەیەک کاری دەرەوەی کردو نیوەی رۆژەکە گەڕایەوە ماڵ، یانیش موچەیەکی بۆ بڕایەوە کە بەشی پێداویستییەکانی بکات و خەریکی پەروەردەکردنی منداڵەکانی بوو، ئەوکاتە هەر ماڵێك دەبێتە دەوڵەتێک و بە ئاسانی دەوڵەت دادەمەزرێنین بە پێچەوانەوە تا ئافرەت رۆڵی راستەقینەی خۆی وەردەگرێتەوە هەموو ئینتیماکان لاوازدەبن.

ژن کراوە بە رۆبۆت و رۆڵی لێوەرگیراوەتەوە

نوچەنێت: ئینتیما بۆ خاک و نەتەوە بە دایکەوە دەبەستیتەوە، ئەوە بۆ گرنگی رۆڵی دایک دەگەڕێتەوە؟ ئەی رۆڵی پیاو لەم پرسەدا چییە؟

سوعاد قادر: گەورەترین رۆڵ لە مرۆڤایەتیدا رۆڵی دایکە، ئەو دەتوانێ منداڵی ببێت لە هەموو قۆناخەکان لەگەڵیدابێت و گەورەی بکات. منداڵەکانی لەسەر بەرنامەیەک پەروەردە بکات کە سودیان بۆ خۆیان و کۆمەڵگە هەبێت و دەست بە دینەوە بگرن، چونکە دین دامەزرێنەری ئەخلاقە، ئەوە دینەکەمە بە من دەڵێت نابێت لە ناو نەتەوەی دیکەدا بتوێیتەوە زمان و کلتوری دیکە بەسەر زمان و کلتوری نەتەوەی خۆتدا زاڵ بکەیت. من برایەکم لە ئەبوغرێب زیندانی بوو دایکم دەیگوت، ئەی ئەگەر کوڕی من و کوڕی ئەویتر نەیکات کێ بیکات؟  دایک هەبوو پێنج کوڕی هەبوو دەیگوت بە قوربانی کوردستان بێت، دایکانی ئەوکات نەخوێندەواریش بوون کەچی دایکی ئێستا نازانن ئینتیما چییە؟ 

ماڵ زۆرگرنگە کە ئافرەت دەبێ تێیدا رۆڵی سەرکردە بگێڕی، ماڵ زەمینەی خێزان و پەروەردەو پێگەیاندنی ئەندامانی خێزان بۆیە دایک دەبێ واز لە دایکایەتی و پەروەردەکردنی منداڵ نەهێنێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین