د. ڕێزان حسێن: ئافرەتان زیاتر لە پیاوان تووشى خەمۆکى دەبن دیمانە

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

هەموو مرۆڤێک تووشى دڵتەنگى و بێزارى دەبێت لە ژیان، د. ڕێزان حسێن، بەڕێوەبەرى تەندروستى لە وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیمانەیەکى تایبەت تیشک دەخاتەسەر جۆرەکانى دڵتەنگى و خەمۆکى لەگەڵ خستنەڕووى جیاوازییەکان لە نێوان دڵتەنگى و خەمۆکى.

د. ڕێزان حسێن لەگەڵ ئەوەى هۆکارەکانى تووشبوونى بە مرۆڤ بە خەمۆکى، باس لەوەشدەکات، ئافرەتان زیاتر لە پیاوان تووشى خەمۆکى دەبن، دەشڵێت، "پێویستە هەر کاتێک نیشانەکانى خەمۆکى لە مرۆڤ دەرکەوت سەردانى دکتۆرى دەروونى بکات، ئەمە وا دەکات چارەسەرکردنى خێرا و ئاسان تر بێت."

 

دەقى دیمانەى د. ڕێزان حسێن بەڕێوەبەرى بەشى تەندروستى دەروونى لە وەزارەتى تەندروستى:

نوچەنێت: خەمۆکی چییە؟

د. رێزان حسێن:  خەمۆکى لەکەسێکەوە بۆ کەسێک جیاوازی هەیە، بۆ نموونە تۆ ئەمڕۆ دەڵێیت دڵم تەنگە، دواتر بەپێی رۆژەکە چاک دەبیتەوە ئەوە خەمۆکی نییە، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام هەستت بە دڵتەنگی کرد ئەوە پێی دەگوترێ خەمۆکی، ئەوە نەخۆشییە و خەریکە تووشی دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ شتێک لەتۆدا روویداوە تۆ بڵیی دڵم تەنگە ئەوە بەنەخۆشی داناندرێت.

نوچەنێت: هۆکارەکانی دروست بوونى خەمۆکى چین؟

د. رێزان حسێن: زۆر هۆکار هەن، گرنگترین هۆکار جێندەرە لە ژناندا، ژن دوو ئەوەندەی پیاو زیاتر تووشی دڵ تەنگی دەبن، بەهۆی ئەو هۆڕمۆناتەی لە ژندا دەگۆڕێت بۆ نموونە لەکاتی سووڕی مانگانەدا یاخود سکپڕی یاخود دەگاتە تەمەنێک کە لە سووڕی مانگانە ڕادەوەستێت، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی تووشی خەمۆکی ببێت، زۆرجاریش دەگەڕێتەوە بۆ خێزان ئەگەر لەخێزانێکدا دوو سێ کەس تووشی خەمۆکی بووبێت ئەوە لەوانەیە ئەو کەسەش تووش ببیت ئەوە پێی دەوترێ جینات، هەروەها ئەو کەسانەی کە ئازیزێکیان لێدەمرێت بۆ ماوەى 40)) رۆژ یاخود دوو مانگ هەتا لەسەری تێپەڕ دەبێت، هەروەها ئەو کەسانەی کە تووشی توندوتیژی دەبن، ئیتر هەرجۆرە توندوتیژییەک بێت، توندوتیژی هەیە لێدانە، دەست درێژی سێکسییە، هەشمانە دەروونییە، دەروونییەکە ئەوەیە تۆ لەگەڵ کەسێک دەژیت بەردەوام کەمت دەکاتەوە و قسەی نەشیاوت پێدەڵێت ،ناهێڵێت هەست بە خۆشی ژیان بکەی، ئەوەیان بۆی هەیە زۆر خراپتر بێت لە توندوتیژی جەستەیی، توندوتیژی سێکسى ئەمجۆرەیان کە لە منداڵییەوە دەستدرێژی دەکرێتەسەر ئەگەر کێشەکەی بۆ چارە سەر نەکرابێت کەگەورە بوو هەرجارێک بیری دێتەوە خەم دایدەگرێت و بیری لێدەکاتەوە  رقی لە چوار دەوری دەبێتەوە، ئەوەش جۆرێکە لە خەمۆکی.

هەروەها هەندێکجار بوونی نەخۆشیە درێژخایەنەکان کە هۆکارێکن بۆ دروست بوونی خەمۆکی، وەک: شەکرە، شێرپەنجە، هتد.. زۆرجاریش گۆڕان لەژیانی مرۆڤ، هەتا ئەگەر گۆڕانەکەی ژیانیشی خۆشبێت بۆنمونە، ئەگەر کارەکەت باشترکرا یاخود سەفەرێکی وڵاتێکی ترت کرد یاخود هەر شتێک خۆش لەژیاندا بێت دەبێتە هۆی دڵتەنگی و ئەگەر گۆڕانەکە خراپ بێت ئەوە زیاتر تووشی خەمۆکییەکە دەبێت.

خەمۆکى هەندێ کات پەیوەندیى بە کەسایەتیی مرۆڤەوە هەیە، ئێمە هەرکەسەو جۆرە کەسایەتییەکمان هەیە، هەندێک لە جۆرەکانی کەسایەتی هەر ئەوانەن کە زۆربەی کات لە بچووکترین کێشەی ژیان تووشی دڵتەنگی دەبن، لەهەمان کاتدا ئەو کەسانەی کە رۆژانە پاڵە پەستۆیەکی زۆریان لەسەرە،  بۆ نموونە ئەرکێک یاخود کارێک داوای شتی زۆرت لێدەکات ناتوانی دەستەبەری بکەیت، ئەوانە هەموویان دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی مرۆڤ تووشی خەمۆکی ببێت، کۆتا شت کە دەبێتە هۆی خەمۆکی بەکارهێنانی دەرمانە، ئەگەر دەرمانەکە تەندروست بێت وەک کۆرتیزۆن و یاخود دەرمانی ماددەی هۆشبەر بەتایبەت لەگەنجەکان کە ئاڵوودەبوونیان زۆر بووە، ئەوکاتانەی کە دەرمانەکە بەکاردەهێنێت زۆر دڵخۆشە ئەو کاتەنەی کە لێێ دوور دەخەیتەوە یاخود بۆی دەستەبەر ناکرێت، دۆخی دەروونی تێکدەچێت، هەربۆیە حەزیان لێیە بەردەوام ئاڵوودەبن چونکە دڵخۆشدەبن بە رێگەیەکی دەستکرد ئەوانە هەموو دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی مرۆڤ تووشی خەمۆکی ببێت.

نوچەنێت: دیاریترین نیشانەکانی خەمۆکی چییە؟

د. رێزان حسێن: دووجۆری هەیە، جەستەیی و دەروونی هەیە، جۆری دەروونییەکە بۆ ماوەی دووهەفتە هەستی کرد فشاری دەروونی لە نزمبوونەوەیە هیچ شتێک دڵی خۆش ناکات بەردەوام دەگری، کاتێک نەخۆشەێک سەردانمان دەکات دەڵێن، "کە سەردانی ماڵی باوکمان دەکرد هەستمان بە خۆشی دەکرد، بەڵام ئێستا هەست بەو خۆشییە ناکەین، یاخود لەگەڵ هاوڕێکانم دەچوومە دەرەوە هەستم بەخۆشی دەکرد ئێستا هەستی پێ ناکەم" هیچ شتێک خۆشیم پێ نابەخشێت ئەوە یەکێکە لە مەترسییەکان کە هەست بە هیچ نەکەیت هیچ شتێک دڵت خۆش نەکات.

هەروەها نەخۆش زۆرجاریش هەست بەوە دەکات کە بێبایەخە هەست بەوە دەکات کە گرنگ نییە بۆ کەس، بەردەوام هەست بە کەمبوونەوە دەکات، بچوکترین شت دەیگرێنێت بۆ نموونە دراماکان، فلیمەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆی لەناخەوە نارەحەت و تێکشکاوە، بۆیە بە بچوکترین شت دڵگران دەبێت و دەگریێ.

کەسى وا هەیە ناتوانێت بخەوێت وەک پێشوو، مێشکی وەک سەعات قورمیش کراوە بۆ نموونە کاتژمێر (11) دەخەوێت کاتژمێر (7)هەڵدەستا، ئەو شێوە خەوتنەی نامێنێت، نەخۆش کە دێتە لامان دەڵێت، " کە سەرم لەسەر سەرین (بالیف) دانا هەرچی شتی خراپە بە مێشکمدا دێت و خەوەکەم دەروات" ئەوە زۆر کاریگەری لەسەر مرۆڤ درووست دەکات مرۆڤی ئاسایی ئەگەر بۆ ماوەی سێ رۆژ نەخەوێت هیچ کێشەشی نەبێت، لەوانەیە زۆر شتی مەترسیداری لێ دەرکەوێت دووەمینی نان نەخواردنە حەزی خواردنی نامێنێت، یاخود پێچەوانەکەی زۆر کەس هەیە دەڵێت کە زۆر دڵتەنگم نان زۆر دەخۆم هیچیش تێر نابم تێر بوونم نییە، لەبەر ئەوەی هەست بە بۆشایی دەکات وا دەزانێت بە خواردن پڕی دەکاتەوە، بەڵام زۆربەی کات لاواز دەبێت،  بۆ نموونە پێنج کیلۆ دە کیلۆ لاواز دەبێت لەبەر ئەوەی ناخوات خەویشی نییە دوورە پەرێزەو باری دەروونی باش نییە حەز دەکات بەتەنیا بێت، بەتەنیاش کاتێکی خۆش ناباتە سەر، زۆر کەس هەیە بەتەنیایە کتێبێک دەخوێنێتەوە یاخود سەیری فیلمێک دەکات یاخود قاوەیەک دروست دەکات و کاتێکی خۆش دەباتە سەر، بەڵام ئەمە وانییە هەمووکات دانیشتووە داڵغەی لێداوە یاخود دەگری و بیر لە شتی خراپ دەکاتەوە.

هەروەها زۆرجاریش نەخۆشییان لێ پەیدا دەبێت نەخۆشییەکەیان هیچ بنەمایەکی نییە جەستەیی نییە دەروونییە، لەبەر ئەوەی خەمۆکی هەیە تووشى (سەر ئێشەی بۆ دروست دەبێت ئازاری سک دەبێت، دڵە کوتەو ترس) دەبێت هەموو ئەمانەی تووش دەبێت خۆشی هەستی پێ ناکات لەبەر ئەوەی دڵتەنگی هەیە کەس چارەسەری نەکردووە، ئەگەر ئێمە هەموو ئەو نیشانانەمان هەست پێکرد و گوێمان پێنەدا لەوانەیە زۆربەیان هەست بەوە بکەن بڵێن ژیان هیچ تامێکی نییە، من بۆ بژیم من زیادەم یاخود ئالودەبوون و ماددەی هۆشبەر بۆ ئەوەی کە خۆی لەبیر بکات زۆر شتی تریش لەو کاتەدا بۆی هەیە خۆی بکوژێت خۆی لەناو ببات.

دڵتەنگی سێ جۆرە (دڵتەنگییەکیان هەیە زۆر بەهێزە، دڵتەنگی هەیە مام ناوەندە، دڵتەنگیش هەیە زۆر کەمە) ئەوەی زۆر کەمە زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت، تەنیا تۆزێک قسەی خۆشی لەگەڵدا بکەی بیگەڕێنیت ئەوەی لەناو دڵیدایە هەوڵبدەی باسی کات و بەردەوام بڵێیت چاک دەبێت، بەڵام دڵتەنگییە بەهێزەکە ئەگەر لەکاتی خۆی چارەسەر نەکرێت ڕەنگە کەسەکە تووشی حاڵەتێک بێت پێی دەڵێن (سایکۆسس) وادەزانێت بانگی دەکەن سەیر دەکات کەس نییە، لەگەڵ خۆی قسە دەکات بەردەوام هەست دەکات کەسێک قسەی لەگەڵ دەکات گوێی لەدەنگێک پێیى دەڵێت هەستە بڕۆ خۆت بکوژە یان کوفر بکە، زۆر جار ئەو کەسانە گرنگیان پێنادرێت یا کەسوکارەکەی نایەنەوێت بیبەن بۆ دکتۆری دەروونی لەبەر ئەوەی پێیان شەرمە، بەداخەوە لە کۆتا قۆناغ دەگاتە دەستی ئێمە کە چارەسەرکردنی زۆر زۆر زەحمەت دەبێت بۆ نەخۆشەکە و بۆ دکتۆرەکەش ناڵێم چارەسەر نییە، هەیە بەڵام بە درەنگ چاک دەبێتەوە، ئێمە پێمان خۆشە هەر نەخۆشێک لەیەکەم نیشانەوە بگاتە دەستمان بۆ ئەوەی بە ئاسانی چارەسەری بۆ بکەین و زوو  چاک بێتەوە هەتا بۆ خۆشی، بۆچی ئەو هەموو ئازارە ببینێت .

نوچەنێت: چۆن خەمۆکى چارەسەر دەکرێت؟

د. رێزان حسێن: چارەسەر بە دووجۆر دەکرێت، یەکیان بە دەرمانە هەندێکجار لەبەر ئەوەی جارجار دڵمان خۆشە هەست بە خۆشی دەکەین جەستە ئەو ماددانە قبوڵ ناکات کە دەدرێت بە نەخۆشەکە ئێمە ناچارین بە شێوازێکی دەستکرد پێیبدەین، شەش مانگ کەمترین شتە زۆرجار ساڵێکە، بەڵام ئەگەر زانیمان کەسەکە دووبارە تووشی هەمان دڵتەنگی بۆیەوە ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژتر چارەسەرکردنەکەی درێژ دەکەینەوە، بەڵام ئەگەر بۆ سێیەمجار وای لێهاتەوە دەبێت بۆ هەتا هەتایە بەردەوام بێت لە دەرمان و چارەسەرکردنەکە.

جۆرەکەی تریان، چارەسەری دەروونی پێ دەووترێ بە چەند جارێکە زۆربەی کات بەوە نەخۆش چاک دەبێتەوە دەرمانیشی ناوێ، بۆ نموونە (هانی دەدەی هەموو رۆژێک سەری خۆی بشوا، وەرزشبکات بەتایبەت وەرزشی پیاسە لە پارکەکان چونکە ئەوکاتە ئۆکسجین زۆرە بەڵام بەتەنیا بێت و قسە نەکات بۆ ئەوەی مێشکی خۆی خاڵی کات لەهەموو ئەو شتانەی بۆتە هۆی ئەوەی بیری لێدەکاتەوە و گۆشەگیری دەکات تا وەکوفشاری دەروونی نەمێنێت) سەرەتای تووش بوونی نەخۆشەکە بە خەمکۆى، پێویستە زووزوو لەگەڵی دابنیشین لەدانیشتنەکان دوو هەفتە جارێک، دوای ئەوە دەبێت بە مانگی جارێک هەتا دەبینین بارودۆخەکەی باشتر بووە و نیشانەکانی لەسەر نەماوە ئەو کاتە وازی لێدەهێنین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین