ئه‌ردۆغان ئاماده‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر كۆببێته‌وه‌  تورکیە

نوچەنێت:

لیوا خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر فه‌رمانده‌ی سوپای لیبیا داوای كردووه‌ له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كۆبێته‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیاش ده‌ڵێت، "ئه‌ردۆغان ره‌تی كردۆته‌وه‌ پێشوازی له‌ حه‌فته‌ر بكات."

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ (28)ی كانوونی یه‌كه‌می (2021) ماڵپه‌ڕی (خه‌لیج جه‌دید) بڵاویكرده‌وه‌، مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، "خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر فه‌رمانده‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی لیبیا داوای كردووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا كۆبێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ردۆغان ره‌تی كردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵی كۆبێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و فوئاد ئه‌قای جێگری سه‌رۆك كۆمار ده‌توانین له‌گه‌ڵی كۆبینه‌وه‌."

له‌به‌شێكی تری قسه‌كانی ئۆغلۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "عه‌قیله‌ ساڵح سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی لیبیا چه‌ند جارێك ویستوویه‌تی سه‌ردانی توركیا بكات، به‌ڵام دواتر پاشگه‌زبوویته‌وه‌، من وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌م پێشوازییان لێ بكه‌م، ئێمه‌ له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ له‌ به‌شی رۆژهه‌ڵات نزیكترین، ئێستا هه‌ڵبژاردنه‌كان دواخراوه‌، ئه‌وان خۆیان ده‌توانن بڕیاره‌ له‌كاروباری خۆیان بدە‌ن، ئێمه‌ ده‌ست له‌كاروباریان وه‌رناده‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فاف بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ قبوڵی بكه‌ن، جه‌ندین جار جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ ئێمه‌ هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی لیبیا ناكه‌ین، به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات هه‌ندێك له‌ توركیا دوور بوون، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌ بوو ئه‌جێندایان جیاواز بوو بۆیه‌ لێمان دووربوون."

ئه‌غلۆ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، "هه‌ركات دۆخه‌كه‌ گونجاو بێت هێڵی ئاسمانی توركیا ده‌ست به‌گه‌شته‌كانی ده‌كاته‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵات کونسوڵخانه‌ له‌ به‌نغازی ده‌كه‌ینه‌وه‌، بڕیاریشه‌ له‌و نزیكانه‌ كه‌نعان یه‌ڵماز باڵیۆزی توركیا له‌و لیبیا سه‌ردانی به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات بكات و په‌یوه‌ندیی به‌ لاینه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كات."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین