ئایا ئەمریکا دەتوانێ لە یەک کاتدا جەنگی ئێران و چین و ڕووسیا بکات؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە

ئەمریکا لە سێ بەرەوە لەژێر فشاردایە و دەبێت بڕیار بدات لەبارەیانەوە کە بە چ جۆرە چەکێک بەرەنگاریان ببێتەوە.

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا باس لەو مەترسییانە دەکات کە ڕووبەڕووی هەژموونی ئەمریکا دەبێتەوە لە حاڵەتی هەڵگیرسانی شەڕێکی سێ سەرەدا.

تێیدا دەڵێت پلانی سەربازیی ئەمریکا لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە کە بتوانێت لە یەک کاتدا لە دوو بەرەدا شەڕ بکات لە دوو ناوچەی جیاجیای جیهاندا.

پلان داڕێژەرانی سەربازی پلانی ئەوەیان نەبووە کە ئەمریکا بتوانێت سێ جەنگ لە سێ ناوچەی جیاوازدا ئیدارە بدات.

بەڵام ئێستا ئەمریکا لە بەردەم مەترسی هەڵایسانی جەنگدایە لە سێ ناوچەی جیای جیهان کە بریتین لە: ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، ئەمەش لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە گەورەترین ئاڵنگارییە لە بەردەم هێزی جیهانیی ئەمریکادا.

بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەی ئەوەیان پیگەیشتووە کە ڕووسیا نیازی هەیە لە ساڵی 2022 ئۆکرانیا داگیربکات!

لەلایەکی دیکەوە لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند کە چین لە نزیک تایوان خەریکی مانۆڕێکی ئەوتۆیە کە ڕەنگە نیازی داگیرکردنی ئەو دورگەیەی هەبێت!

هەرچی ئێرانیشە ئەوە دوور نیە لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەوەش ئەو بابەتەیە کە ئەمریکا چەندین دەیەیە هەوڵی ڕێگرتن لە ڕوودانی دەدات.

بەشێک لە شرۆڤەوانان ترسیان هەیە هێرشێکی نێودەوڵەتیی ڕێکخراو ڕووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە. لەم میانەیەدا کارڵ بێلدت دیپلۆماتکاری نێودەوڵەتی  و سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوید هۆشداری دایە سیاسەت دروستکەران و داوای لێکردن خۆیان ئامادە بکەن بۆ داگیرکرانی ئۆکرانیا و تایوان لە یەک کاتدا.

بیڵدت هەروەها وتوویەتی "ئەم دوو داگیرکارییە پێکەوە ڕووبدەن، دەبنە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە هاوسەنگیی هێزی جیهانیدا"، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەو ڕووداوە دەبێتە دوا بزمار لە تابووتی سیستمی نێودەوڵەتیی ئێستا، کە چەند دەیەیە لەسەر بنەمای ئاشتیی جیهانی بنیات نراوە. 

ڕاستە یەک پلانی هاوبەش لەگۆڕێ نییە کە هەڵپەکانی پەکین و مۆسکۆ و تاران پێکەوە ببەستێتەوە، بەڵام هۆشداریش هەیە کە ڕووبدات.

هەر سێ حکومەتی چین و ڕووسیا و ئێران دادیانە لەدەست هەڵمەتەکانی "گۆڕینی ڕژێم" کە ئەمریکا ئەنجامیان دەدات، دیارە هەر یەک لەم حکومەتانە هەڵپەی هەیە لە ناوچەکانی دراوسێیدا و هەریەکەشیان پەیوەندیی لەگەڵ جەماوەر دەکەنە بەهانەی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵک لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتەکانیان.

سەرۆک شی جەخت دەکاتەوە لەسەر چارەنووسی چین کە بریتییە لە هێنانەوەی تایوان بۆ ناو سنووری نیشتیمانیی چین.

سەرۆک پووتینیش باس لەوە دەکات کە ئۆکرانیا هەڵمەتی لەناوبردن ئەنجامدەدات دەرهەق بە ڕووسی زمانەکانی ناو وڵاتەکەی و ئەرکی ڕووسیا بیانپارێزێت.

ئێرانیش دەڵێ لەسەرمانە پاسەوانیی ئیسلام بکەین و گرووپە شیعەکانی دەرەوەی سنووری خۆی کردووەتە بریکاری خۆی.

هەرچی ئەمریکایە، ئەوە دوای کشانەوە بێ سەروبەرەکەی لە ئەفگانستان لاواز دەردەکەوێ، ئەمەش پاڵی بە چین و ڕووسیا و ئێرانەوە ناوە تۆڵەی پێشوو بکەنەوە و هەنگاو بنێن بۆ بەدیهێنانی ئەو هەڵپانەی خەونیان پێوە دەبینین.

ئەگەر هێرش بکرێتە سەر تایوان و ئۆکرانیا بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرهەڵستکاری، ئەوە دەبێتە وەرچەرخان لەو هاوسەنگیی هێزەی بیڵدت و ئەوانی دیکە باسی دەکەن.

هێزی باڵای ئەمریکا و متمانەکەشی لە ئەنجامی سازش کردن لەگەڵ ئەو هێزانەی دژبەریدا پاشەکشە دەکات.

ئەوروپیەکان لە ئێستاوە لەسەر ئەو قسەیەی بایدن ترسیان لێ نیشتووە کە باسی لەوە کرد لەگەڵ ڕووسیا بگەنە چارەسەرێکی ئەمنی لە ئەوروپا.

ئەگەر ئەمریکا لە پرسی ئۆکرانیادا سازش بۆ ڕووسیا بکات، ئەوە هەڕەشەی چین قوتدەبێتەوە و فشارەکانی لەسەر تایوان زیاتر دەکات، ئێرانیش زیاتر باوەش دەکات بە پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەیدا.

ئیدی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا، کە گرنگن بۆی، دەستبەرداری دەبن، چونکە متمانەیان پێی نامێنێت. بۆیە وا دیارە کۆشکی سپی ڕەنگە ناچاربێت شەڕ هەڵبژێرێت!

پێگەی بەهێزی ئەمریکا لە ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاریدەی گێڕانەوەی سەنگی ئەمریکا دەدات لە سەرتاسەری جیهاندا. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەمریکا کام شوێن هەڵدەبژێرێت بۆ نماییشی هێزەکەی!

چین هەڕەشە گەورەکەیە بە نیسبەت ئەمریکاوە، هەرچی روسیایە ئەوە لایەنە تێکدەرەکەیە، بەڵام مەترسییەکانی ئێران بچووکن، بەو پێیەی هێشتا نەیتوانیوە ببێتە هێزێکی ئەتۆمی.

لەڕوی ستراتیجییەوە ئەمریکا هەست دەکات دەبێت بەڕووی چیندا هێزی خۆی نمایش بکات، بەو پێیەی چین ئاڵنگاریی هەرە گەورەیە لە بەردەم هێزی تاقانەی ئەمریکادا لەسەر ئاستی جیهان.

ئەوە بوو بایدن وتی کە ئەگەر تایوان رووبەڕووی هێرشی چین ببێتەوە، ئەوە ئەمریکا بەرگری لێدەکات، کەچێ لێدوانی بەمجۆرەی نیە لەبارەی ئۆکرانیاوە.

لێدوانە جیاوازەکانی بایدن لە بارەی تایوان و ئۆکرانیاوە لە کاتێکدایە زۆرینەی شرۆڤەوانانی ئەمریکا بڕوایان وایە پێناچێت ساڵی ٢٠٢٢ چین پەلاماری تایوان بدات، چونکە سەرۆک چی پێویستی بە دۆخێکی سەقامگیرە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی پتەو بکات لە کۆنگرەی داهاتوو حیزبی کۆمۆنیستدا کە بڕیارە پاییزی ئاییندە بەڕێوە بچێت.

لەو لاوە ئەگەری ئەوە هەیە ڕووسیا ساڵی ٢٠٢٢ هەڕەشەکانی بباتە سەر سەبارەت بە ئۆکرانیا، بەڵام ئەگەری ئەوە قورسە ئەمریکا و ڕووسیا وەکوو دوو هیزی ئەتۆمی بکەونە جەنگی ڕاستەوخۆ.

لە بری ئەمە، بایدن هەڕەشەی لە ڕووسیا کردووە کە ئەگەر پەلاماری ئۆکرانیا بدات ئەوە سزای قورسی ئابووری دەدرێت و پشتیوانیی سەربازیی ئۆکرانییەکانیش دەکرێت.

لە میانەی هەموو ئەمانەدا، بە نیسبەت ئەمریکاوە لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، مەترسییەکی کەمی هەیە بەراورد بە پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا و چین.

بەڵام جۆ بایدن، هاوشێوەی ئۆباما و بایدن، دوودڵە لە دەستپێکردنی جەنگێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

ئەوە روونە کە ئەمریکا بژاردەی سەربازی بە تەواوی نەکێشاوەتەوە لە هیچکام لەو سێ ململانێیەدا، بەڵام زیاتر پشت بە چەکی دیپلۆماسی و ئابووری دەبەستێت، هاوشێوەی ئەو سزا ئابوورییە سەختانەی سەپاندوونی بەسەر ئێراندا و دەکرێت دژ بە ڕووسیا و چینیش بەکاریان بهێنێت، ئەگەر پەلاماری ئۆکرانیا و تایوان بدەن. هەموو ئەمە مانای سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی سێهەم نابێت، بەڵام بە مانای کۆتایی هاتنی جیهانگەرایی دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین