ده‌نگى ناڕه‌زایى له‌ دژى حكومه‌تى ته‌وافووقى به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌دا ئاشكراى ده‌كات ده‌نگى ناڕه‌زایى له‌ دژى گه‌ڕانه‌وه‌ى حكومه‌تى ته‌وافووقى هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ حكومه‌ته‌ به‌ له‌ناوبردنى پرۆسه‌ى چاكسازى و داواكارییه‌كانى راپه‌ڕینى تشرین ده‌زانرێت. نه‌یارانى بیرۆكه‌ى ته‌وافووقى ده‌ڵێن گێڕانه‌وه‌ى حكومه‌تى ته‌فوافووقى واته‌ى سووربوون له‌سه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌گه‌ینێ كه‌ له‌ 2003 وه‌ له‌ عێراق په‌یڕه‌و ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28 ى تشرینى دووه‌م رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا هاتووه‌ هه‌ندێك له‌لایه‌ن و سیاسه‌تمه‌دارانى عێراق هۆشداریى له‌ گێڕانه‌وه‌ى حكومه‌تى ته‌وافووقى ده‌ده‌ن و دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تى داهاتوو ته‌وافووقى بێت ئه‌وا ماناى ئه‌وه‌یه‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و داواكارییه‌كانى راپه‌ڕینى تشرین له‌ناوده‌چێت.

یونادم كنا په‌رله‌مانتارى مه‌سیحى له‌ خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێ، "پێداگریى هه‌ندێك لایه‌نى سیاسى له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تى ته‌وافووقى ماناى مانه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌مان بارودۆخ بێ چاكسازى و گۆڕانكاریى".

كنا له‌سه‌ر ره‌خنه‌كانى له‌باره‌ى حكومه‌تى ته‌وافووقى به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، "ئامانجى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردن و خه‌رجكردنى پاره‌ و ئاماده‌كارییه‌كان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان گرنگتر له‌مانه‌یش خۆپیشاندان و قوربانییه‌كان، هه‌مووى بێ ئه‌نجام ده‌بێت ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ته‌وافووقى بێت".

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌موو دنیا وایه‌ لایه‌نێك براوه‌ ده‌بێت و لایه‌نه‌كانى تر ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن و چاودێرى حكومه‌تى لایه‌نه‌ براوه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ده‌شڵێ، "حكومه‌تى زۆرینه‌ واته‌ى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى مافى پێكهاته‌كانى تر نییه‌".

ره‌وتى سه‌در كه‌ براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌ داواى پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كات، كه‌چى له‌به‌رانبه‌ردا لایه‌نه‌ دۆڕاوه‌كانى شیعه‌ داواى حكومه‌تى ته‌وافووقى ده‌كه‌ن، دوێنێ سه‌ركرده‌یه‌كى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات پاڵپشتى بۆ بانگه‌شه‌ى سه‌در راگه‌یاند.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین