شرۆڤه‌كارێكى ئه‌مریكى لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر ده‌كات کوردستانی

نوچه‌نێت

مایكل نایتس شرۆڤه‌كاری به‌ناوبانگى ئه‌مریكى له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى په‌یمانگه‌ى واشنتن بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، پێیوایه‌ ئێران و میلیشیاكانى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێریان ئه‌نجام داوه‌ و ده‌شڵێ ئۆتۆمبیله‌ مووشه‌كهاوێژه‌كه‌ له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا یاخود له‌ سه‌رگه‌ڕانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ نزیك هه‌ولێر.

ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ى ئه‌مریكى و ماڵپه‌ڕى په‌یمانگه‌ى واشنتن وتاره‌كه‌ى نایتسیان به‌ زمانى ئینگلیزى و عه‌ره‌بى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ ئه‌مریكییه‌ پێیوایه‌ ئێران و میلیشیاى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق له‌ پشت هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێرن و هه‌رچه‌نده‌ گرووپى سه‌رایا ئه‌ولیا ده‌م به‌رپرسیارێتى خۆى له‌ هێرشه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام نایتس ده‌ڵێ، ئه‌و ناوه‌ په‌یوه‌ندى به‌ عه‌سائیبه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ به‌شێكى تردا ده‌ڵێ، هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ سه‌رلێشواوانه‌ بووه‌ و ویستوویانه‌ 28 مووشه‌ك ئاراسته‌ى شارێكى پڕ له‌ دانیشتووان بكه‌ن كه‌ پێشتر نموونه‌ى ئه‌م جۆره‌ هێرشه‌ نه‌بووه‌.

ئۆتۆمبیله‌ مووشه‌كهاوێژه‌كه‌ له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا 
یان له‌سه‌رگه‌ڕانه‌وه‌ هاتووه‌

 

سه‌باره‌ت به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌یش پێیوایه‌ شێوازێكى "بلیمه‌تانه‌"ى به‌كارهێناوه‌، له‌ناو ئۆتۆمبیلى كشتوكاڵى خۆى حه‌شار داوه‌ و تا گه‌یشتووه‌ته‌ سنوورى رۆژئاواى هه‌ولێر.

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ ئه‌مریكییه‌ مه‌زنده‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات ئۆتۆمبیله‌كه‌ به‌ناو زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان هاتووه‌، جا یان له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا یاخود له‌ ناوچه‌ى سه‌رگه‌ڕانه‌وه‌ هاتووه‌.

رۆژى دووشه‌مى رابردوو كاتژمێر 9:30 ى ئێواره‌ هێرشێكى مووشه‌كى كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێر و له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌كه‌ كه‌سێك گیانى له‌ده‌ستدا و نۆ كه‌سى تریش له‌ هاوپه‌یمان و خه‌ڵكى سڤیل بریندار بوون. تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌ و دوێنێ 16ى شوبات پارتى دیموكراتى كوردستان لایه‌نێكى سه‌ربه‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى تۆمه‌تبار كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین