جەبار یاوەر: داعش تەواونەبووە تا سەرهەڵبداتەوە دیمانە

نوچەنێت

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیمانەیەکی نوچەنێت ئاماژە بە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و هۆکاری جموجوڵی داعش لە ناوچەکە دەکات و دەڵێت: داعش کۆتایی نەهاتووە تا سەرهەڵبداتەوە. ئێمە لە کۆتایی ساڵی 2017وەکو وەزارەتی پێشمەرگە هەمان قسەمان کرد.

نوچەنێت: جموجوڵ و کردە تیرۆرستییەکانی داعش لە عیراق و سوریا سەری هەڵداوەتەوە، هۆکارەکەی چییە؟ 

جەبار یاوەر: داعش تازە سەری هەڵنەداوەتەوە هەرهەبووە. لە کۆتایی ساڵی 2017 کە بە حساب خەلافەتەکەی کۆتایی هات کردەی تیرۆرستی هەرهەبوو، تەنیا لە ساڵی 2018(724) کردەی تیرۆرستی ئەنجامداوە.واتە بەردەوام کردەی تیرۆرستی هەبووە بەڵام هەندێ مانگ زیاد و هەندێ مانگ کەمترە. داعش لە دوای 2017تەنیا خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام وەکو زەوی لە دەستداوە، ئەگەرنا لە رووی فکری و چەکدارییەوەبەردەوامە تەنیا شێوازی کارکردنی گۆڕاوە. بۆنموونە، لە سۆشیال میدیا وەکو خۆیەتی و بانگەشەی فکری توندڕەوی دەکات، بەردەوام فکری داعش بڵاودەکاتەوە لە کوێ بۆی بگونجێ ئۆتۆمبیل یان خۆیان دەتەقێننەوە، بە قەنناس لە خەڵک دەدەن، خەڵک دەڕفێنن و لەبەرامبەردا داوای پارە دەکەن، بەڵام لە جیاتی گۆڕەپانی شەڕ بە شێوەی گروپی بچوک بچوک ئەم کردانە ئەنجام دەدەن کە باسمان کرد.

نوچەنێت: دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عیراق، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ساڵی 2017 داعشیان تێکشکاند، حکومەتی عێراقی بڵاوی کردەوە کە کۆتاییان بە داعش هێنا و ئەو توانایەی نەماوە کردەی تیرۆرستی ئەنجامبدات، بەڵام ئێوە دەڵێن بەردەوامە.

جەبار یاوەر: داعش وەکو رێکخراوێکی تیرۆرستی جیهانی، نەک لۆکاڵی ماوەو بەردەوامە لە کردەی تیرۆرستی، لە سوریا، لیبیا، جارهەیە لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی کردەی تیرۆرستی ئەنجام دەدات، لە وڵاتانی ئەوروپا بە سەیارەو چەقۆ لە خەڵک دەدەن، ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە قەت نەمانگوتووە، داعش کۆتایی پێ هاتووە، ئەوە کاتی خۆی لە 2017 سەردەمی دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی بوو، گوتیان کۆتاییمان بە داعش هێنا، بەڵام ئێمە هەمان رۆژ بەیاننامەیەکمان دەرکرد و گوتمان: داعش کۆتایی نەهاتووە تەنیا خۆی رێکدەخاتەوەو بەشێوازێکی تر دەستدەکاتەوە بە کردەی تیرۆرستی.

تەنیا لە ساڵی2018، 724کردەی تیرۆرستییان ئەنجامداوە

نوچەنێت: ئامادەکاریتان وەک وەزارەتی پێشمەرگە بەرامبەر بە ئەگەری بەهێزبوونەوەی داعش چییە؟ پلان و ئامادەکاریتان بۆ ئەم ئەگەرانە هەیە؟

جەبار یاوەر: ئێمە بە هیچ شێوازێک ئەو پلانانەی کە لەکاتی شەڕی داعش هەمانبوو نەمان گۆڕیوە، هەمان هێڵی بەرگریمان هەیە. لە حەمرینەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە سحێلا، واتە لە سنوری ئێرانەوە تا سنوری سوریا، هێڵی بەرگریمان هەیە، هەموو لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەو هێڵە بەرگرییە ئامادەسازی و سەنگەر سازییان هەیە.

کەمترین کردەی تیرۆرستی داعش لەو هێڵانەی ئێمەیە. زۆرترین کردەی تیرۆرستی داعش لەو شوێنانەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوپای عێراقە، زۆرجاریش کە دێن پەلاماری ئێمە دەدەن لەو سنورانەوە دێن کە لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری عێراقە.

ئێمە وەکو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاڵوگۆڕمان بە هێڵە بەرگرییەکانمان نەکردووە، بەڵکو بەهێزترمان کردووە. 

نوچەنێت: وەکو وەزارەتی پێشمەرگە، هەماهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عیراق چۆنە؟

جەبار یاوەر: تاکو ئێستا هەر بنکەی ئەفسەرانمان هەیە. بۆ هەماهەنگی هاوبەش نزیکەی چواربنکەمان هەیە، لە دیالە، کەرکوک و مەخمور، ئێستا دووبنکەی هەماهەنگیمان هەیە یەکێکیان لە هەولێر و یەکێکیان بەغدایە. بۆ هەماهەنگیکردن دەربارەی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەبارەی تیرۆرستانی داعش بە گشتی، هەروەها ئاسانکاری بۆ هاموشۆی هێزەکان و پلاندانان بۆ کاری هاوبەشی سەربازی، بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە داواکراون.

ئێستاش لە هەوڵی ئەوەداین دوولیوای هاوبەش دروستبکەین، بۆجێگیرکردنیان لە نێوان ئەو بۆشاییانەی کە لە نێوان هێڵەکانی دابەشبوونی هێزی عیراق و هێزەکانی پێشمەرگەیە. 

هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێڵەکانی بەرگری بەهێزتر کردووە

نوچەنێت: بەپێی هەندێ زانیاری لە دوای سەری ساڵەوە هێزەبیانییە شەڕکەرەکان، لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە، کاریگەری لەسەر ئامادەباشی و بەرگری ئێوە چۆن دەبێت؟

جەبار یاوەر: ئێمە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەگەر هاوپەیمانان مەبەستت لە هێزەکانی ئەمریکا بەتەنیایە جیاوازە چونکە هاوپەیمانان واتە ئەو وڵاتانەی کە بەرەیەکیان بۆ شەڕکردن لە دژی داعش دروستکردووە 61 وڵاتن، لەو وڵاتانە تەنیا ئەمریکا رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ حکومەتی عیراق هەیە و ئیمزای کردووە کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییە شێوازی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق گۆڕانکاری بەسەردادێت. لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ هێزی پشتیوانی، واتە پشتیوانی هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەن لە رووی راوێژکاری و پێدانی هەواڵگری و زانیارییەوە، لە رووی مەشقکردنی هێزەکان و چەک و تەقەمەنی بێگومان ئەگەر خوانەخواستە بڕیارێکی لەو جۆرە لە پڕ بدرێت ئەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر هێزەکانی عێراق و هەم هێزی پێشمەرگە دەبێت. 

نوچەنێت: ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێک لە ناوچەی نەینەوا بەڕێوەدەچێت، ئێوە بەشدارن؟

جەبار یاوەر: ئەو ئۆپەراسیۆنە هێزەکانی عیراق دەیکەن و هێزەکانی پێشمەرگە بەشدارنین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین