ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له‌ سووریا ده‌كات تورکیە

نوچەنێت:

سه‌رۆك كۆماری توركیا رایدەگەیێنێت، "هه‌ركات پێویست بكات وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازى له‌ سووریا"، ئه‌مریكاش هه‌ڵوێستێکی روونی به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ نییه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (یه‌كی تشرینی دووه‌می 2021) ماڵپه‌ڕی (ئاڕتی) بڵاویكرده‌وه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، "هه‌ركات پێویست بكات ئۆپراسیۆنه‌كان له‌ سووریا ده‌ست پێ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌سته‌مه‌ ئێمه‌ ئۆپراسیۆنه‌كان دژ به‌ هێزه‌ كوردییه‌كانی سووریا رابگرین، هه‌میشه‌ ئه‌وه‌مان دووپات كردۆته‌وه‌ هیچ سازشێك به‌رانبه‌ر ئه‌و دۆسیه‌ ناكه‌ین."

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی رایگه‌یاند، "له‌ كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا باسم له‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هێزه‌ كوردییه‌كان كرد، نیگه‌رانی توركیام به‌رانبه‌ر ئه‌و هاوكارییانه‌ پێ راگه‌یاند‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر ئه‌و پرسه‌، ئه‌ردۆغان گوتی، "گه‌یشتینه‌ لێكتێگه‌یشتنێك تاوەکو پێكه‌وه کاربکەین‌ له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌‌، كه‌ توركیا له‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كانی قۆناغی داهاتووی داده‌نێت، هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌رێنیم لێ به‌دی نه‌كردن".

سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی سه‌رۆكی توركیا‌، وته‌بێژێك به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ تۆڕی میدیای رووداوی راگه‌یاند، ""گرنگە کە هەموو لایەنەکان رێز لە ناوچەکانی ئاگربەست بگرن و بیانپارێزن بۆئەوەی سەقامگیری لە سووریا باشتر بێت و کاریش بکرێت بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە". 

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، " لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانیان بەرژەوەندیمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا و و بەردەوامیش دەبین لە راوێژکردن لەگەڵ ئه‌و وڵاته‌ لەبارەی سیاسەتی سووریا، هەروەک چۆن راوێژ لەگەڵ دراوسێکانی دیکەی سووریا و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە دەکه‌ین".

توركیا تا ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌كات، له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو چه‌ند جارێك هێرشی كردۆته‌ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان چه‌ند ناوچه‌یه‌كی داگیركردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین