كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان: تا ئێستا ساخته‌كاریى له‌ ئه‌نجامه‌كان نه‌بووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق رایگه‌یاند، هه‌ژماركردنى ده‌ستیان بۆ زیاتر له‌ 14 هه‌زار وێستگه‌ كردووه‌، تا ئێستا ساخته‌كاریى نه‌بووه‌. میلیشیاكانى شیعه‌یش كه‌ به‌ "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى" خۆیان ده‌ناسێنن، ئه‌نجامه‌كانى هه‌ژماركردنى ده‌ستى هاوشێوه‌ى ئه‌نجامى ئه‌لیكترۆنى ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" عیماد جه‌میل موحسین ئه‌ندامى تیمى راگه‌یاندنى كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق "واع" ئاشكراى كردووه‌ تا ئێستا هه‌ژماركردنى ده‌ستى بۆ زیاتر له‌ 14 هه‌زار و 621 وێستگه‌ كراوه‌ به‌ڵام "هیچ ساخته‌كارییه‌ك ده‌رنه‌كه‌وتووه‌". 

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمیسیۆن روونى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و وێستگانه‌ى پرۆسه‌ى هه‌ژماركردنى ده‌ستیان تێدا به‌ڕێوه‌چووه‌، 25% ى ته‌واوى وێستگه‌كانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق پێكده‌هێنن. 

سه‌باره‌ت به‌و گله‌ییانه‌ى هه‌یه‌، عیماد حه‌میل روونى ده‌كاته‌وه‌ ئامێره‌كانى ده‌نگدان له‌ سێ هه‌زار و 681 وێستگه‌ له‌ رۆژى ده‌نگدان به‌ شێوه‌یه‌كى كاتى وه‌ستاون، ئه‌مه‌یش له‌ كۆى 55 هه‌زار وێستگه‌ بووه‌، جگه‌ له‌مه‌یش به‌ شێوه‌یه‌كى كاتى بووه‌ و دواى دووباره‌ دانانى وشه‌ى نهێنى كاریان كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و لێدوانانه‌ به‌ خواستى میلیشیاكانى شیعه‌ نییه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ خۆپیشاندان له‌ دژى  ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ته‌واوى لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان خۆیان به‌ "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى" ده‌ناسێنن له‌ راگه‌یێندراوێكدا ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كۆمیسۆن ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌. جیا له‌وه‌یش قه‌یس خه‌زعه‌لى سه‌رۆكى میلیشیاكانى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق ئه‌مڕۆ په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى هه‌ژماركردنى ده‌ستى پشتى به‌ هه‌مان میكانیزمى هه‌ژماركردنى ئه‌لیكترۆنى به‌ستووه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ 10ى ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ به‌ڕێوه‌چوو و ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمیسیۆن بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌ میلیشیاكانى شیعه‌ به‌ ئه‌نجامه‌كه‌یان رازى نیین، بۆیه‌ كۆمیسیۆن ده‌ستى به‌ هه‌ژماركردنى ده‌ستى بۆ ده‌نگه‌كان كرده‌وه‌.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین