گازی سروشتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بازارەکانی ئەورووپا دەکرێت کوردستان- عێراق

نوچەنێت

کۆمپانیایە ئیماراتیەکان بە هاوبەشی ئەمریکیەکان کار بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروستی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە پلانیاندایە ڕێژەی بەرهەمهێنان لە 440 پێ سێجا بۆ زیاتر لە ملیارێک پێ سیجا زیاد بکەن و هەناردەی بازارەکانی تورکیا و دواتریش ئەورووپای بکەن.

ناوەندی S&P Global لە راپۆتێکیدا، کاتی هەناردەکردنی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بۆ بازارەکانی ئەورووپا ئاشکرا دەکات.

مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری کۆمپانیای کریسێنتی ئیماراتی، کە بەشێکن لە کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پێڕڵ پێتڕۆلیۆم، لەبارەی هەناردەکردنی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان دەڵیت"  لە چاوەڕوانیی ئەوەداین دوای پێنج ساڵی دیکە، گازی هەرێمی کوردستان هەناردە بکەین".

هەروەها دەشڵێت" کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پێڕڵ پێتڕۆڵیۆم کە لە لایەن کۆمپانیاکانی دانا گاز و کریسێنتی ئیماراتیییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، و بە دوو قۆناخ  سەرقاڵی پلانێکی تۆکمەن لە پێناو فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆرە"

سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان، جەعفەر وتی"ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە لە لە 440 ملیۆن پێ سێجا بۆ 1 ملیار پێ سێجا لە رۆژێکدا".

بەڕێوەبەری کۆمپانیای کریسێنتی ئیماراتی ئەوەیشی دووپاتکردەوە، کە لە ماوەی درێژخایەندا، کۆمپانیایەکەیان توانای ئەوە هەیە کە گازی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و دواتریش بۆ ئەوروپا هەناردە بکرێت".

بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە لە کاتێکدایە، لە پێناو فراونکردن و پەرەپێدان و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی، لە  ئەیلوولی ئەمساڵدا، کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پێڕڵ پێتڕۆڵیۆم، رێککەوتنێکی 250 ملیۆن دۆلاریی لەگەڵ دامەزراوەی ئەمریکیی نێودەوڵەتیی گەشەپێدانی دارایی واژۆ کرد و ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنەکە دووپاتکردەوە.

لەبارەی بەندەکانی ڕیککەوتنەکە و قۆناخەکانی پەرەپێدانی کێلگە گازیەکانی هەرێمی کوردستان، مەجید جەعفەر وتی"لە قۆناخی یەکەمدا، بڕیارە پڕۆژەی یەکەمی کێڵگەکە تەواوبکرێت لە نیسانی ساڵی 2023 دەست بە بەرهەمهێنانی 250 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا بکات". 

هاوکات وتیشی" لە پرۆژەی دووەمیشدا دەست بە بەرهەمهێنانی ئەو سووتەمەنییە سرووشتییە دەکرێت، کە ئەویش بە هەمانشێوە توانای بەرهەمهێنانی 250 ملیۆن پێ سێجا گاز لە رۆژێکدا دەبێت".

دەربارەی قۆناخی دووەم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کریسێنتی ئیماراتی وتی"  قۆناخی دووەمی بەرزکردنەوەی توانای کێڵگەی کۆرمۆر بریتییە لە گرێبەستی فرۆشتنی گازەکەی کە تاوەکو ئێستا واژۆ نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت گرێبەستەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کارگە پیشەسازیانە بێت کە لە ناوچەکەدان، لە نێویشیاندا کارگەکانی دروستکردنی چیمەنتۆ، کە ئێستا گازوایل، بەنزین و سووتەمەنییەکانی دیکە بەکاردەهێنن"

مەجید جەعفەر: توانای بازاڕی نێوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراقمان بە 1 ملیار پێ سێجا لە رۆژێکدا دیاریکردووە

بە گوێرەی قسەکانی مەجید جەعفەر بێت، حکومەتی فیدڕالیی عێراق ئارەزووی خۆی بۆ کڕینی گازی سرووشتیی کێڵگەی کۆرمۆر پیشانداوە چ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یان  درێژخایەن بێت، بەڵام جارێ کاری لە پێشینە ئەوەیە کە پێداویستیی نێوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق دابین بکەین و دوای ئەوەش دەکرێت بۆ هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق دابینبکرێ.

کۆمپانییە ئیماراتیەکە لە بارەی ئامانج و پلانی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سێکتەری گازی سروشتی دەلێت" حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت گرێبەستی فرۆشتنی گازی کێڵگەی چەمچەماڵیش بەدەستبێنێت کە ئەو کێڵگەیەش هەر لە لایەن کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پێڕڵ پێتڕۆڵیۆمەوە گازەکەی دەردەهێنرێت. 

سەبارەت بەو پلانە ی حکوومەتی هەرێم، مەجید جەعفەر وتی: “ئێمە بیر لەوە دەکەینەوە کە چۆن  لە کێڵگەی چەمچەماڵیش دەست بە بەرنامەیەکی بەرهەمهێنان بکەین و ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆداین کە دەیەوێت ئەو گازە بکڕێت و پێشبینی دەکەین ئاستی بەرهەمهێنانی نزیک 80 ملیۆن پێ سێجا بێت لە رۆژێکدا”

لەبارەی  یەدەگی گازی سروشتی کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە ڕاپۆرتەکەی S&P Globalــدا هاتووە،   هەردوو کێلگەکە خاوەن 15 ترلیۆن پێ سێجان و هاوکات  لە کێلگەکاندا دەکرێت بەرهەمهێنانی نەوتیش ئەنجام بدرێت. مەجید جەعفەر لەو بارەیەوە وتی:  "ئەگەری هەبوونی نەوت لە هەردوو کێڵگەکەدا هەیە، بەڵام ئێمە هێشتا لە قۆناخەکانی سەرەتاداین، بۆیە کاری زۆر زیاتر پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ.".

مێژووی کارکردنی ئەو دوو کۆمپانیاییە  ئیماراتیە دەگەرێتەوە بۆ نیسانی ساڵی 2017.  هەردوو کۆمپانیای دانا گاز و کریسنت پێتڕۆلیۆم،  لە هەمان ساڵدا،  رێککەوتننامەیەکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا واژۆکرد بۆ ئەوەی کە مافی گەشەپێدان، هەڵسەنگاندن، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن و فرۆشتنی گازی کێلگەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ بۆ ئەو دوو کۆمپانیایە پارێزراو بێت.

جگە لەو دوو کۆمپانییە،  کۆمپانیاکانی OMV, MOL و RWE  کۆمپانی دیکەی نێو کۆمەڵەی پیڕڵ پێتڕۆلیۆمن و هەر یەکیان 10٪ی پشکەکانی  ئەو دوو کێلگانەیان بەردەکەوێت. 

هەروەها لە ساڵی 2018، کۆمپانیای کریسێنت تەندەرێکی حکومەتی فیدڕالیی عێراقی بەدەستهێنا بۆ کارکردن لەسەر سێ کێڵگە؛ یەکێکیان لە بەسڕە و دووی دیکە لە دیالە، بەڵام تائێستا رێککەوتنەکە بەهۆی گۆڕانی کابینەکانی حکومەت، واژۆ نەکراوە.

گرنگیدانی کۆمپانییە بیانیەکان لەبارەی گازی سروستی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، مەسرور بازرانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری مێری 2021 ئاشکرای کرد" لە پلانماندایە ئاستی بەرهەمهێنانی  گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بەرز بکەینەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین