بڕیارێكى كۆمیسیۆن حه‌شدى شه‌عبى تووڕه‌ ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق بڕیارى دا، ده‌نگدانى ئه‌ندامانى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى بخرێته‌ ده‌نگدانى گشتییه‌وه‌، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایى له‌ لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ دروست كردووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ دووى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" عه‌لى حوسێنى گوته‌بێژى میحوه‌رى باكوورى حه‌شدى شه‌عبى له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى ره‌خنه‌ له‌ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ده‌گرێت، له‌وه‌ى ده‌نگدانى حه‌شدى شه‌عبى خستووه‌ته‌ ریزى ده‌نگدانى گشتییه‌وه‌.

عه‌لى حوسێنى ده‌ڵێ، "بۆچى هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌ ده‌نگدانى تایبه‌تن كه‌چى ئێمه‌ له‌ ده‌نگدانى گشتین، پاساو چییه‌؟" دواتر ئه‌م بڕیاره‌ى كۆمیسیۆن به‌ هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى ده‌به‌ستێته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "كه‌سانێك هه‌ن داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و تێكه‌ڵكردنى حه‌شدى شه‌عبى ده‌كه‌ن، به‌ڵام په‌یامى ئێمه‌ رۆژنه‌، حه‌شد ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت".

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ى حه‌شدى شه‌عبى پێیوایه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تێكى هه‌رێمایه‌تى بۆ سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى و ئامانج په‌رته‌وازه‌كردنى لایه‌نگرانى حه‌شده‌، كه‌چى پێشتر كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان راگه‌یاند، به‌هۆى ئه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى زانیارییان به‌ كۆمیسیۆن نه‌داوه‌، بۆیه‌ خراونه‌ته‌ ده‌نگدانى گشتییه‌وه‌.

دوێنێ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و توێژانه‌ى راگه‌یاند كه‌ ده‌نگدانى تایبه‌ت ده‌یانگرێته‌وه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌: وه‌زاره‌تى ناوخۆى و وه‌زاره‌تى به‌رگريى عێراق، ده‌زگاى دژه‌ تیرۆرى عێراق، وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، ئاواره‌كان، گیراوه‌كان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین