نێچیرڤان بارزانى: جه‌خت له‌گرنگیى و ڕۆڵى زانایان و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە بۆنەى دامەزراندنى (51) ساڵەى دامه‌زراندنى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزباییان لێدەکات و دەشڵێت، "هه‌موو پشتگیرییه‌ک له‌ مافه‌کانیان و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانیان ده‌که‌ین."

ئەمڕۆ سێشەممە (21)ى ئەیلوولى (2021)، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە ساڵیادى دامەزراندنى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستان ڕایگەیاند، "له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌ گرنگیى ڕۆڵ و كاریگه‌رییان له‌ پته‌وكردن و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌."

 

دەقى پیرۆزبایی سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستان:

له‌ یادى 51 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستاندا، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى له‌ یه‌كێتیى زانایان و ئه‌ندامانى و ته‌واوى مامۆستایانى ئایینى ئیسلامی له‌ كوردستان ده‌كه‌م، هیواى ته‌مه‌ندرێژى و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

ڕۆڵ و كاریگه‌ریى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستان و كار و خه‌باتى زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌یان له‌ خزمه‌تى ئایین و خه‌ڵكى كوردستان و بره‌ودان به‌ گیانى نیشتمانپه‌روه‌رى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانى مامۆستایانى ئایینى، به‌رز و به‌ ڕێزه‌وه‌ ده‌نرخێنین، هه‌موو پشتگیرییه‌ک له‌ مافه‌کانیان و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانیان ده‌که‌ین.

یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستان و مامۆستایانى ئایینى و پێگه‌یان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا، ڕۆڵى كارایان له‌ پاراستن و بڵاوكردنه‌وه‌ى گیانى ته‌بایى و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن و میانڕه‌وى و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى توندوتیژى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى هه‌یه‌ و له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌ گرنگیى ڕۆڵ و كاریگه‌رییان له‌ پته‌وكردن و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ ده‌نێرین كه‌ له‌ كاروانى خه‌باتى یه‌كێتیى زانایانى ئایینى ئیسلامیی كوردستاندا گیانیان به‌ نیشتمان به‌خشى، سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى به‌ڕێزى مامۆستایانى كۆچكردوو به‌ نه‌خۆشیى ڤایرۆسى كۆرۆنا ده‌كه‌ین و هاوخه‌میانین، خواى مه‌زن گیانیان به‌ به‌زه‌یى و میهره‌بانیى خۆى شاد بكات.

بۆ خزمه‌تى نیشتمان و داهاتوویه‌كى باشتر، په‌روه‌ردگار پشت و په‌ناى هه‌موومان بێت.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/9/21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین