جه‌بار سابیر كاریكاتێریست : له‌ كوردستان هیچ بایه‌خێك به‌ كاریكاتێر نادرێت کولتوور

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

جه‌بار سابیر كاریكاتێریست له‌ دیمانه‌یه‌كى نوچه‌نێت، باس له‌و ئاسته‌نگانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مڕۆ دێنه‌ به‌رده‌م هونه‌رى كاریكاتێر و به‌ داخه‌ له‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى جه‌ماوه‌رى و راگه‌یاندن بایه‌خ به‌ هونه‌رى كاریكاتێر نادرێت. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئاشكراى ده‌كات به‌ نیازه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا یه‌كه‌م پیشه‌نگاى تایبه‌ت به‌خۆى بكاته‌وه‌.

بیستومانە پڕۆژەیەکی هونەریت هەیە دەتەوێ پێشانگایەکی کاریکاتێر بکەیتەوە، ئەوە چۆنە؟
بەڵێ ئێستا پڕۆژەیەکم داوەتە سەندیکای هونەرمەندان کە بریتییە لە پێشانگایەکی کاریکاتێری هەمەڕەنگ تایبەت بە کارەکانم، لە راستیدا ئەم پڕۆژەیەم لە رێگای گەلەری شانەدەر، بەڕێز کاک (هاوکار رسکن) ئەو کات ویستمان ئەنجامی بدەین، بەڵام سەرهەڵدانی گرووپی داعش و دواجار قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە و دواتر لە 2020 بە هۆی کۆرۆنا ڤایرۆس ئەم پڕۆژەیە دواکەوت. پارساڵیش لە رێگای کاک (هاوکار ڕسکن) لە گەلەری شانەدەر هەوڵماندا، لە رێگای وەزارەتی تەندروستی پێشانگایەکی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس بکەینەوە کە بریتی بوو لە 55 تابلۆی زیندووی تایبەت بە کۆرۆنا ڤایرۆس، بەڵام لەبەر رێنماییەکانی تەندروستی رێگا نەدرا بە ئەنجامدانی تەنیا لە رێگای ئۆنلاین دەبوو ئەنجام بدرێ،  من لە ماڵپەر و فیسبووکی خۆم ئەو کات پێشانگاگەم بڵاوکردەوە کە بریتی بوو لە 55 تابلۆ.


تا ئێستا چەند پێشانگای کاریکاتێرت کردۆتەوە؟
تا ئێستا پێشانگای تایبەتیم نەکردۆتەوە بەڵام زیاتر لە 75 پێشبرکێ و پێشانگای جیهانی و ناوخۆیی  بەشداریم کردووە، بەرهەمەکانم لە گۆڤار و رۆژنامە و ماڵپەرە عەرەبی و ئینگلیزى و بیانییه‌كان بڵاوکراوەتەوە، هەروەها توانیومە چەندین بڕوانامەی رێزلێنان بەدەست بێنم لەم پێشانگایانە.
سەرەتای کاری هونەریت بۆ کەی دەگەڕیتەوە؟
سەرەتای کاری هونەریم بۆ سەردەمی منداڵێم دەگەڕێتەوە کە بەشداریم لە چەندین کارو چالاکی قوتابخانە کردووە کە بەشداربوومە بە تابلۆی شێوەکاری، لە ساڵی 1992 یەکەم بەرهەمی کاریکاتێریم لە رۆژنامە بڵاوکرایەوە بۆ چەند ژمارەیەک تێیدا بەردەوام بوو، دواتر لە 2005 لە رێگای ماڵپەرو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام بووم تا ئێستاش کارەکانم لە رێگای تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەمەوە.
بایەخی خەڵک ئێستا بە کارکاتێر چۆنە؟
بەداخەوە زۆربەی لاوەکانمان و بینەر گرنگی نادەن بە هونەری کاریکاتێر وەک ئەوەی گرنگی دەدەن بە مۆسیقا و “گەعدە” و نمایشکردنی مۆدیلەکان و هەروەها درامای بیانی، بەپێی ئەوەی زۆرجار کاریکاتێرێک هەرچەندە بابەتی رۆژیش بێت کە بڵاودەکرێتەوە لە پەیجێک ئەوەندە لایک و کۆمێنتی بۆ دەکرێ ئەوەندە ناکرێ بۆ ئەو کارەی هونەرمەندێک دەکات، گرنگییەکی ئەو تۆ نابینی لە هونەری کاریکاتێر.
پێشتر هونەرمەندانی کاریکاتیر لە رێگای رۆژنەمەکان کاریکاتێرەکانیان بڵاودەکردەوە، ئایا ئێستا راگەیاندن بایەخ بە کاریکاتێرەکان دەدات؟
بەداخەوە رۆژنامە و گۆڤار و راگەیاندن، گشتی گرنگی بەم هونەرە زیندووە نادەن، کە بەشێکی گرنگی راگەیاندنە، ئەم بایەخنەدانە بۆتە هۆی بەشێکی سەرەکی هونه‌رمه‌ندانى کاریکاتێریست لەم بوارە، بەدوای سەرچاوەیەکی تر بۆ بژێوی ژیانیان بگه‌ڕێن.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند هاوکارن بۆ ناساندنی هونەری کاریکاتێر؟
لە ئێستادا تۆرەکۆمەڵایەتییەکان رێگایەکن بۆ ئاشناکردن بەو هونەرە وگرنگییەکی تری ئەوەیە دەتوانی لە رێگای ئەو ماڵپەرانە کارەکانت بەجیهان بناسێنی و بەشداربیت لە پێشبرکێ  و پێشانگا جیهانییەکان، ئەوەش هۆکارێکی گرنگە بۆ ئاشناکردنی جیهان بە کارو چالاکییەکانی هونەرمەندی کورد.
گرنگترین تایبەتمەندی کە لەلای هونەرمەندی کاریکاتێر هەبێت چییە؟
گرنگترین تایبەتمەندی بۆ هونەرمەندی کاریکاتێر ئەوەیە کە بوونی فەزایەک و کەشێکی ئارام بۆ رادەربڕین و ناوەندێک هەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی کارەکانی.
ئەو تەکنەلۆژیایەی لە بواری هونەری هەیە و پرۆگرامەکانی وێنە، زیانی بە کاریکاتێر گەیاندووە یان قازانج؟
تەکنەلۆژیا سوودی زۆر هەیە بۆ هونەرمەند، کارئاسانی زۆری لە کارەکان كردووه‌ و لە هەمان کاتدا زیانی زۆری هەیە. لەبەر ئەوەی هونەرمەند کاتێک تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنێت، بۆ هونەری کاریکاتێر یاخود وێنەکێشان خاو دەبێتەوە لە کارکردنی راستەوخۆ فێری جۆرە تەمبەڵییەک دەبێت، زیانێکی تریشی ئەوەیە زۆرجار کاریکاتێرێک یا تابلۆیەک بڵاو دەکەیتەوە هەندێک لە پەیج و ماڵپەرەکان بە ئاسانی لە رێگای هەندێ بەرنامەکانەوە لۆگۆی خۆیان دەخەنە سەر ناوی هونەرمەندەکە و دوور لە رەچاوکردنی ماندووبوون و هەوڵ و تەقەڵای ئەو هونەرمەندە.
بە گشتی هونەری کاریکاتێر لە کوردستان چۆنە؟
بە داخەوە هونەری کاریکاتێر لە کوردستان رۆژبەرۆژ بەرەو لاوازی دەڕوات، لاوەکان دوور دەکەونەوە لەم هونەرە زیندووە هیچ گرنگیشی پێنادەن، هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوه‌، راگەیاندنەکان گرنگی بەو کارە نادرێت.

لە کاریکاتێريستە کوردەکان و بیانییەکان بە کامەیان سەرسامیت؟

لە کوردستان هونەرمەندی کاریکاتێریستمان زۆرە، سەرسامم بە هەموویان. چونکە هەموویان لە خزمەتی هونەری کوردی کاریان کردووە و خزمەتیان گەیاندووە، لە بیانییەکانیش بەراستی هونەرمەندەکان زۆرن و هەریەکەیان رێچکەیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە سەرسامم بە هەموویان، بەڵام من لە منداڵیمەوە سەرسامم بە کارەکانی هونەرمەندی کۆچکردووی عێراقی هونەرمەند (غازی) کە لە راستیدا سەرەتایەک بوو بۆ ئاشنابوونم بە هونەری کاریکاتێر.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین