داستان گەڵاڵەیی: وەرگێڕان جۆرێکە لە داهێنانی ئەدەبی
نوچە نێت: ئەحمەد زرار
داستان گەڵاڵەیی لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ نووچەنێت، دەربارەی وەرگێڕانی پێچەوانە دەدوێت و دەڵێت، وەرگێران هەر تەنها گواستنەوەی تێکستێک لە زمانێک بۆ زمانێکی دیکە نییە بەڵکو وەرگێران دووبارە نووسینەوەشە، بە تایبەتی لە تێکستە ئەدەبییەکاندا. دەکرێ بشڵێین وەگێڕان خۆی جۆرێکە لە داهێنانی ئەدەبی.
داستان گەڵاڵەیی مامۆستای زانكۆ و ماستەر لە ئەدەبی ئینگلیزی پێشیوایە نابێ، "بە هیچ شێوەیەکیش وەرگێر نابێت شیعر لە زمانی دووەم و سێیەمەوە وەربگێڕێت. ئەوە یەکێکە لەو کارەساتانەی کە زۆرجار لە کتێبخانەی کوردی دەیبینین."
دەقی دیمانەکەی داستان گەڵاڵەیی لەگەڵ مامۆستای زانكۆ لە نوچە نێت:
نوچە نێت: ئەو تایبەتمەندییانە چین پێویستە لە وەرگێڕدا هەبن، بەرلەوەی دەست بۆ وەرگێڕانی پێچەوانە ببات؟
داستان گەڵاڵەیی:بێگومان وەک لای هەمووان ئاشکرایە پێویستە وەرگێڕ شارەزاییەکی باشی لە هەردوو زمانەکەدا هەبێت، بە تایبەتیتریش پێویستە شارەزایی لە زمانی دایکی خۆی هەبێت. بەڵام بۆ وەرگێڕی کورد جگە لەوە پێویستە شتێک لە زمانەکانی عەرەبی و فارسیش بزانێت، کە ئەمەش ئەرکی سەختتر دەکات. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشیکی زۆر لە بەرهەمە ئەدەبییە کوردییەکان زاخاون لە وشەی ئەو دوو زمانە، بە تایبەتی شیعری کلاسیکی کوردی. تایبەتمەندییەکی تر کە پێویستە لە هەموو وەرگێڕێکدا هەبێت ئەوەیە کە پێویستە وەرگێڕ ئاگاداری ڕەوتگەی (context) ئەو بەرهەمە بێت کە وەریدەگێڕێت. واتە لە چ باروودۆخێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا نووسەر ئەو بەرهەمەی نووسیوە. واتاکان بە پێی ڕەوتگەیان دەگۆڕێن. بۆ نموونە: باسکردنی نیشتمانی کوردان لە شیعرێکی هەژاری موکریانییدا جیاوازە لەگەڵ شیعرێکی حاجی قادری کۆیی کە سەدەیەک پێش ئەو نووسیویەتی. حاجی قادر خوازیاری ئیمپڕاتۆریەتێکی کوردییە بەڵام هەژار خوازیاری دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردییە. لە سەردەمی حاجی قادردا شتێک نەبووە بەناوی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. با نموونەیەک بۆ شیعری هەردوو شاعیر بهێنینەوە. حاجی قادر لە شیعرێکیدا دەڵێت:
لە "بۆتان" تا "بابان" و سەرحەدی "ڕەی"
لە ئەولاتر وەها نۆش بێتە سەر دەی
ببینە یەک لە تەعلیم و لە نووسین
جل و بەرگ و زوبان و ڕەسم و ئاین[1]
لێرەدا بانگکردنی حاجی قادر بۆ یەکگرتوویی کورد زۆر جیاوازە لە بانگکردنی هەژار بۆ ئەم مەبەستە لەم شیعرەیدا:
لە کیژ و لاوی جووتێران
پاڵەوانی نەوەی شێران
هێزی کوردستان پێک دێنم
تۆڵە لە دوژمن دەستێنم[2]
لەم شیعرەدا هەژار ئاواتەخوازی پێکهێنانی یەکگرتوویی کوردە بۆ وەستانەوە دژی "ئیستیحمار" هەر وەک خۆی لە دێڕی دواتری شیعرەکەدا دەڵێت "دوژمنی گەورەی ئیستحمار." هەرچی حاجی قادرە دوژمنی سەرەکی ئەو عوسمانی و قاچارییەکانە. جگە لەو تایبەتمندیانەی باسمان کرد پێویستە وەرگێڕ زۆر ورد بێت لە وەرگێڕاندا. واتە دەبێت حیساب بۆ فاریزە و نوقتەیەکیش بکات. هەروەک نووسەری ئیتاڵیایی ئەمبێرتۆ کالاسۆ دەڵێت: "نیشانەکانی وەرگێڕانی باش تەنها ئەوە نییە کە تێکستەکەت بەزمانێکی پاراو وەرگێڕابێت، بەڵکو دەبێ بزانیت چۆن مامەڵە لەگەڵ شێوە و خاڵبەندی ئەو زمانەدا دەکەیت کە ڕەنگە نامۆ بێت بۆ ئەو زمانەی بۆی وەردەگێڕیت."[3] شتێکی تر کە شایەنی باسکردنە ئەوەیە زۆر کەس تا ئێستا بە هەڵە لەوە گەیشتوون کە پێویستە لە وەرگێڕاندا هیچ ڕستەیەک بە حەرفی وەرنەگێڕدرێت. بێگومان کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە زۆربەی ئەو تێکستەی وەریدەگێڕی نابێت بە حەرفی وەریبگێڕی، بەتایبەتی تێکستە ئەدەبییەکان. بەڵام لە هەندێک شوێندا پێویستە وەرگێڕ بای ئەوەندە شارەزایی هەبێت کە بزانێت لە کوێدا نووسەر مەبەستی ئەوە بووە وشەیەک یاخود ڕستەیەک وەک خۆی بمێنێتەوە و دەستکاری نەکرێت. میلان کۆندێرا لە باسکردنی وەرگێڕانی 'ئانا کارنینا'ی تۆڵستۆیدا دەڵێت: " [ڤلادیمیر] نابۆکۆڤ دەیگووت وشەی 'خانوو' هەشت جار لە بڕگەیەکی ڕۆمانەکەی تۆڵستۆیدا هاتووە کەچی لە وەرگێڕانە فەڕەنسییەکەدا تەنها یەک جار ئەو وشەیە بەکارهاتووە و لە وەرگێڕانە چیکییەکەیدا دووجار بەکار هاتووە، لە کاتێکدا تۆڵستۆی بە مەبەست ئەو وشەیەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی وەک خۆی وەربگێڕدرێتەوە نەوەک بسڕدرێتەوە. هەر لە هەمان ڕۆماندا تۆڵستۆی وشەی "skazal" بەکاردەهێنێت کە بە واتای "گووتن" دێت، کەچی لە وەرگێڕانە فەڕەنسییەکەیدا لەجیاتی وشەی گوتن هاوواتاکانیان بەکارهێناوە کە بەڕای من گونجاو نییە و پێویستە هەر وشەی گووتن بەکارهاتبا. من هاوواتا لە وەگێڕاندا زۆر بە گونجاو نازانم چونکە هەر وشەیەو واتای تایبەتی خۆی هەیە."[4] وەرگێڕان هونەرە، هونەریش پێویستی بە پڕۆڤە کردنە. بەبێ ڕاهێنان و مەشق کردن ناتوانی لە هیچ هونەرێک سەرکەوتوو بیت. بۆیە وەرگێڕ پێویستە بەردەوام مەشقی وەرگێڕان بکات بۆ ئەوەی تەواو دەسەڵاتی بەسەر هونەرەکەدا بشکێت. لە دەرئەنجامدا وەرگێران هەر تەنها گواستنەوەی تێکستێک لە زمانێک بۆ زمانێکی دیکە نییە بەڵکو وەرگێران دووبارە نووسینەوەشە، بە تایبەتی لە تێکستە ئەدەبییەکاندا. دەکرێ بشڵێین وەگێڕان خۆی جۆرێکە لە داهێنانی ئەدەبی، هەروەک وەرگێڕی بەتوانای کورد عەزیز گەردی لە شوێنێکدا ئاماژەی پی دەکات: "ئەوەی زمانێک بزانێت، وا دەزانێ دەتوانێت وەربگێڕێت. وا دەزانێت ئەگەر بڕێک فارسی زانی، دەتوانێت وەربگێڕێت. کاکە خۆ وەرگێڕان هەر ئەوەندە نییە تۆ بڕێک ئەو زمانە بزانیت. وەرگێڕان داهێنانە، داهێنانی نووسین. تۆ ئەگەر ئەزموونی نووسینت نەبێت، ناتوانیت باش وەربگێڕی."[5]
نوچە نێت: بۆچی وەرگێڕانی پێچەوانە بۆ وەرگێڕی کورد نەبووەتە چەقی کار؟ دەزانین مێژووی ئەدەبی کوردی زۆر بەرهەمی دانسقە و ئەوتۆی تێدان، شایانی وەرگێڕانن بۆ زمانەکانی دونیا. ئێوە وەک وەرگێڕ هۆی وەرنەگێڕانیان بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
داستان گەڵاڵەیی: کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ ئەوە. یەکێک لەوانە کەمتەرخەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانە. پێش هەموو کەس ئەوان دەبێت بەو داهاتەی هەیانە سەنتەرێک بۆ وەرگێڕانی پێچەوانە بکەنەوە بۆ ناساندی بەرهەمە ئەدەبییە کوردییەکان بە دەرەوە. لە زۆربەی وڵاتان حکومەت سیاسەتی فەرهەنگی هەیە کە پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکات. بەداخەوە حکومەتی ئێمە زۆر گرنیگی بەسیاسەتی فەرهەنگی نادات. بۆ ئەوەی بتوانیت بەرهەمێکی ئەدەبی لە دەرەوە بە بازاڕبکەی و لە دەزگایەکی چاپکردنی ناوداردا بڵاویبکەیەوە پێوەستت بە پارەیەی زۆرە، ئەوەش زۆر زەحمەتە بە تاکەکەسێک دابین ببێت. بۆیە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەرپرساری سەرەکییە لەوەدا.
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە هەم وەرگێرەکانمان و هەم دەزگاکانی پەخش و بڵاوکردنەوەش زۆر کەم گرنگی بە وەرگێڕانی پێچەوانە دەدەن، چونکە لە وەرگێڕانی پێچەوانەدا پارەیەکی ئەوتۆیان دەستناکەوێت. بەداخەوە دەزگاکانی بڵاوکردنەوەشمان ئەوەی کە زۆر بەلایانەوە گرینگە دەستکەوتنی دوو دینارە نەوەک خزمەتکردنی زمان و ئەدەبی کوردی. هەتا لەو کتێبانەش کە وەریدەگێڕنە سەر زمانی کوردی پڕن لە هەڵەی زمانەوانی و ڕێنووس. ئەوە جگە لەوەی زۆربەی ئەوەی کە وەریدەگێڕن بەشێکە لە ئەدەبی بازاڕی (commercial fiction) چونکە قازانجی ماددی زیاتری بۆ ئەوان تێدایە. بێگومان نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە وەرگێڕانی کوردی بۆ زمانەکانی تر قوڕسترە لە وەرگێرانی زمانەکانی تر بۆ کوردی. بۆیە زۆرێک لە وەرگێڕە کوردەکانمان زاتی ئەوە ناکەن خۆیان لە قەرەی وەرگێڕانی پێچەوانە بدەن. ئەو گژنێیانەی لە وەرگێڕانی پێچەوانە ڕووبەڕوویان دەبیەوە، هەرگیز لە وەرگێڕانی زمانەکانی تر بۆ کوردی تووشیان نابێ.
نوچە نێت: "ڕەسووڵی حەمزەتۆڤ" دەڵێت: شیعری وەرگێڕاو لە گوڵی ئەودیوی فەرش دەچێ. "شێرکۆ بێکەس"یش دەڵێ: شیعری وەرگێڕدراو وەکوو میوەی گوشراوی بێ تام و بۆیە، یان وەکوو ماچی ئەودیوی شوشەیە. دەمەوێ بپرسم، توانای وەرگێڕ تاچەند یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی تام و بۆی شیعر بۆ زمانی تر؟ ڕێگرییەکانی وەرگێڕانی پێچەوانە بۆ شیعری کوردی چین؟ چ ئاستەنگێک دێتە پێش، گەر بمانەوێ دیوانە کلاسیکییەکانمان بۆ زمانانی جیهان وەربگێڕین و پێتان وایە بۆچی تاوەکوو ئێستا چارەسەر نەکراون؟
داستان گەڵاڵەیی: هەم ڕەسوول حەمزەتۆڤ و هەم شێرکۆ بیکەسیش جوانیان فەرمووە. هیچ تێکستێک بەقەدەر شیعر سەخت نییە بۆ وەرگێڕان. هیچ وەرگێڕێک ئەگەر باشترین وەرگێڕیش بێت ناتوانێت تەواو حەقی خۆی بە وەرگێرانی شیعر بدات. چونکە لە وەگێڕانی شیعردا هەر تەنها مامەڵە لەگەڵ زماندا ناکەیت بەڵکو مامەڵە لەگەڵ ئاواز و مۆسیقای شیعرەکەشدا دەکەیت. شیعر مۆسیقایەکی نووسراوە. بۆیە وەرگێڕی شیعر پێویستە شارەزاییەکی باشی لە ڕەوانبێژی شیعردا هەبێت. بە هیچ شێوەیەکیش وەرگێر نابێت شیعر لە زمانی دووەم و سێیەمەوە وەربگێڕێت. ئەوە یەکێکە لەو کارەساتانەی کە زۆرجار لە کتێبخانەی کوردی دەیبینین. ئەو شیعرانەی من لە کوردی وەرمگێڕاونەتە سەر ئینگلیزی ئەگەر دووبارە لە ئینگلیزییەکەوە وەریان بگێڕیتەوە سەر کوردی ئەوا واتاکەیان تەواو جیاواز دەبێت. بۆ نموونە هێمن موکریانی لە شیعرێکیدا دەڵێت: "ئەی ئەو کەسەی دەتپەرستم و لێم ونی!" من لە ئینگلیزییەکەدا وا وەرمگێڕاوە: " Taken away from me, the one whom I worshipped" کە ئەگەر وەریبگێڕیتە سەر کوردی دەبێتە: "لێم بردراوە ئەوەی کە خۆشم ویستوە" کە واتاکەی تەواو جیاوازە لەگەڵ تێکستە کوردییەکە. بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نایەت کە ئێمە شیعری کوردی وەرنەگێڕینە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا با نەتوانین تەواو حەقی خۆیشی پێ بدەین. لەناو میللەتانی دونیادا ناوەندی تایبەت هەیە کە ئیشی سەرەکیان وەرگێڕانی شیعرە بۆ سەر زمانەکانی دونیا و زۆرجاریش ئەو شیعرانەی کە وەریدەگێڕن پڕفرۆش دەبن وەک شیعرەکانی مەولانای ڕۆمی کە زۆر جار لە ئەمریکا پڕفرۆش بوون. یاخود کاتێک ئێدوارد فیتزچێڕاڵد شیعرەکانی خەیامی وەرگێڕا سەر زمانی ئینگلیزی دوای ماوەیەک شیعرەکان دەنگدانەوەیەکی باشیان هەبوو لە بەریتانیا. بێگومان شاعیرە کلاسیکییە کوردیەکانیش هیچیان کەمتر نییە لە مەولانا و خەیام. دەکرێ ئێمەش شاعیرانی خۆمان بە جیهان بناسێنین بە مەرجێک وەرگێڕانێکی چاکی بۆ بکەین و لە دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی دیاردا بەرهەمەکانیان بڵاوبکەینەوە.
نوچە نێت: ئەو بەرهەمە ئەدەبییە کوردییانە چین، ئێوە بە شایانی ئەوەیان دەزانن، بۆ زمانی بێگانە وەربگێڕدرێن؟
داستان گەڵاڵەیی:زۆر بەرهەمی ئەدەبی کوردی هەن کە شایەنی وەرگێڕانن بۆ زمانە زیندووەکانی دونیا. چ بەرهەمی کلاسیک، یاخۆد هاوچەرخ بن. من نامەوێت لێردا ئاماژە بە هیچ بەرهەمێکی دیاریکراو بکەم کە شایەنی وەرگێڕانە. هەوڵدەدەم لە داهاتوودا ئەو بەرهەمە ئەدەبیانەی لە بەلامەوە داهێنەرانەن وەربگێڕمە سەر زمانی ئینگلیزی.
نوچە نێت: گەر پڕۆسەی وەرگێڕانی پێچەوانە بۆ بەرهەمی نەتەوەیەک بکرێ، ئایا بە هەوڵی تاکەکەسی دەکرێ ئەنجام بدرێ؟ یاخود کاری لیژنەیەکی پسپۆڕە لەمەڕ وەرگێڕان؟ پێتان وایە بۆ بەرهەمی کوردی پڕۆژەی وا کەوتبێتە گەڕ؟
داستان گەڵاڵەیی: هەروەک ئاماژەم پێیدا وەرگێڕانی پێچەوانە بە تاکەکەسێک ناکرێت بەڵکو پێویستی بە ناوەندێکی کولتوورییە کە حکومەت یاخود دەزگایەک پاڵپشتی دارایی بکات. کە بەداخەوە تا ئێستا ناوەندێکمان تایبەت بەوە نییە. هیواخوازم لە داهاتوودا ناوەندێک بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێت.
[1]- کۆیی, حاجی قادری. ٢٠١١. دیوانی حاجی قادری کۆیی. سنە: بڵاوکراوەی کوردستان.
[2]- موکریانی, هەژاری. ٢٠١٤. هەژار بۆ کورستان. تاران: پەخشانگای پانیز.
[3] Kundera, Milan. 2003. The Art of the Novel. New York: Harper Perennial.
[4] - Kundera, Milan. 2003. The Art of the Novel. New York: Harper Perennial.
[5]- قارەمان, جووتیار. ٢٠٢٣. مرۆڤێکی تەنیا لە کەوشەنی کتێبدا: گفتوگۆ لەگەڵ عەزیز گەردیدا. سلێمانی: سەردەم.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment