ڕیشەی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
ئەحمەد زرار: نوچە نێت
چەمکی نەورۆز:
لە بنەڕەتدا ((چەمکی وشەی نەورۆز لە زاراوەیەکی پەلهەوی کۆن وەرگیراوە، کە (نوروز)ە. زاراوەکەش لە دوو بڕگە (نو) واتە (نوێ) و (روز) واتە (ڕۆژ) پێکهاتووە و بە هەردوو بڕگەکەش واتای (ڕۆژی نوێ)ی بەخشیووە.))[1] دواتر ئەم چەمکە لەناو هەموو زمانەکانی ناوچەکە بڵاوبووەتەوە بە کەمێک دەستکارییەوە دەریان بڕیوە.
پەیوەندی ئەفسانە و ڕووداوە کەتوارییەکان:
بێگومان بۆ دوان لە بارەی نەورۆز و باسی هەمەچەشنی وەک ئەو، دەبێ سەرەتا بزانین بنەچەی دروستبوونی لە ڕووی مێژووییەوە بۆ کەی دەگەڕێتەوە، هەڵبەتە وشەی نەورۆز بە درێژایی مێژوو لای هەموو گەل و وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەکارە و ناوی دێت. دەبێ بزانین ئایا ئەفسانەیە یان ڕووداوێکی مێژوویی، بۆچی لە بەشێکی توێژینەوەکاندا ڕووداوی مێژوویی تێکەڵی ئەفسانە دەکرێت.
ئێمە گەر بمانەوێت لەبارەی ئەفسانەوە بدوێین: دەبێت ئەوە بزانین، ئەفسانە ئەو پەناگەیە بووە، کە بیری مرۆڤ بەر لەوەی بگاتە قۆناغی شارستانیبوون هانای بۆ بردووە، دەشێت بڵێین: لە قۆناغە مێژووییەکان کاتێ مرۆڤ نەیتوانیوە بەو ئاوەزە کەمەیەوە لە ڕووداوە سروشتییەکان تێبگا و شڕۆڤەیان بکات، ناچار لە ڕێگای خەیاڵەوە، گریمانە و چیرۆکی بۆیان داڕشتووە، بەم چیرۆک و گریمانانە دەوترێت ئەفسانە و لەلایەن مێژوونووس و توێژەری کلتووری وەک پێوەرێک بۆ هزری کۆمەڵ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە لە بنەچەی بیری نەتەوەکانەوە هاتووەتە دەرەوە و سەرەتاییترینی بیرکردنەوەی کۆمەڵە بۆ ڕاڤەی ڕووداوەکان.
بەڵگە مێژووییەکان لە بارەی بنەچەی (نەورۆز)ەوە:
وەک لە پێشوو باسمان کرد نەورۆز لە هەموو وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەکارە و هەموو گەلەکان بە بەشێک لە کلتووری خۆیانی دادەنێن. بنەماکانی بە جەژنکردنی نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا دامەزراندنی یەکەمین دەوڵەت لە ناوچەکە ((جەمشید یەکەم پاشا بووە، ڕژێمێکی پاشایانەی دامەزراندووە و هاتۆتە سەر تەخت.))[2] بیگومان دامەزراندنی دەوڵەت واتای کۆتایی هێنان بە جەور و ستەم، وڵات لەسەر کۆمەڵێک یاسا کار دەکات تاوەکوو خەڵک باری ژیان و گوزەرانی بتوانێ ببات بە ڕێوە، هیچ کەس نەتوانێ بەبێ هۆکار دەستدرێژی بکاتە سەر ماڵ و ژیان و کاریانەوە، بۆیە نەورۆز لەو ڕۆژەوەی کە خەڵک لە باری سیاسی خۆیان دڵنیا بوونەوە و زانیان ئابووریان پارێزراوە ڕۆژی نەورۆزیان بە جەژن دانا، چونکە یەکەم ساڵ بوو ڕووی ئاسوودەیی و کارئاسانییان بۆ ژیان لێ کرایەوە، چونکە خەڵکی ئاسایی کێشەیان لەگەڵ هاتنی زستان بوو، بەهۆی سەرمای زۆر و کەمبوونەوەی پێخۆرێک بۆ ژیان، بەڵام دوای ئەوەی وڵات ڕاگەیەندرا هەموو ئەو کێشە لاوەکییانە بنەیان هات و خەڵک لەگەڵ هاتنی نەورۆز، وەک جەژنێک لێیان دەڕوانی و نەوە لە دوای نەوەش یادی ئەم شادییە دەکرێتەوە.
خاوەنی ڕەسەنی (نەورۆز):
لە بارەی دیاریکردنی مێژووی نەورۆز هەندێک لە توێژەران پێیان وایە: (((نەورۆز دەگەڕێتەوە پێش سەردەمی دەوڵەتی (پێشدادی)، كە كتومت سەردەمی پیغەمبەر نوح (د.خ) دەگرێتەوە. هەندێكیش ئەم ڕۆژە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بابلی و سۆمەرییەكان، كە جەژنێكی هاوشێوەی ئەم جەژنەیان هەبووە بە ناوی جەژنی "دار"))[3] بەڵگە مێژووییەکان لەبارەی ناوی ئەو پاشایەی دەوڵەتی پێشدادی کە ڕۆڵی لە دروستکردنی نەورۆز بووە، دەڵێن: ناوی (جەمشیدی جەم) بووە، وەک فیردەوسی لە شانامەدا باسی دەکات و نەورۆز بۆ سەردەمی جەمشید دەباتەوە، لە بارەی نەتەوەی جەمشیدیشەوە ((فیردەوسی بە پاسای چوارەمی بنەماڵەی پێشدادی دادەنێ کە لە قەڵاتی ئێران یەکەم جار پاشایەتییان کردووە))[4]بەڵام مامۆستا (عەبدوڵڕەحمان زەبیحی) لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی هاوکاری بە ناونیشانی (با تەپوتۆزی ساڵان لە نەورۆز بتەکێنین) بڵاوی کردووەتەوە، لەبارەی ڕەچەڵەکی (پاشا جەمشیدی جەم) دەڵێت: ((ئەنجامی لێ کۆڵینەوەی ئاکیۆلۆژی (اثار) وا نیشان ئەدا کە یەکەم بنەماڵەی پاشایانی مادد بوون، وە بەم جۆرە پێشدادی و میدیا هەردووکیان دەبنە یەکەم بنەماڵە کە لە قەڵاتی ئێراندا پاشایەتیان کردووە.))[5]جگە لەو کۆمەڵە بەڵگە مێژووییانەی دەوڵەتی ماد بە یەکەم دەوڵەتی کورد دادەنێن، بەشێک لە مێژوونووسان ساڵنامەی کوردی دەگەڕیننەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ماد ((ئەو دەوڵەتەی بەر لە (حەوت سەدە) لە ھەرێمی موکریانی خۆرھەڵاتی کوردستان دامەزرا.))[6]بۆیە دوای ئەمانە باسکران دەشێت بڵێین: نەورۆز لەلایەن پاشایەکی کوردەوە دامەزراوە، ئەگەرچی فیردەوسی لە شانامەدا جەمشید بە پاشایەکی فارس دادەنێت، بەڵام ئێمە پێمان وایە لە ڕوانینی لەم جۆرەدا دەبێت بۆ ڕیشەی بابەت بگەڕێینەوە، گرنگ تۆرەمەی نەتەوەییە، وەک زۆرێک لە ڕووداوی هاوشێوەی تری مێژوویی هەن، وەک دامەزراندنی وڵاتێکی لە میسڕی ئێستا لەلایەن (سەلاحەدینی ئەیوبی)یەوە، ناتوانین بڵێین: مادام سەڵاحەدین لە میسر حوکمی کردووە، دەبێ میسری بێ! بۆیە لێرەدا ڕیشەی نەتەوەیی گرنگییەکی زۆری هەیە، دەبێت دوای ئاماژەدان بە هەموو بەڵگە مێژووییەکان ئینجا بڕیار لەبارەی ڕەچەڵەکی نەتەوەییەوە بدرێت.
پەیوەندی (ئەستیاگ) میدی و (ئەژدەهاک)ی پێشدادی:
بەم دواییانە ڕوانینێکی جیاواز بۆ ڕووداوی (کاوە)ی ئاسنگەر و (زوحاک)ی پاشای مێدی باسکرا، ئەویش ئەوە بوو، کە گوایە (ئەستیاگ)ی دوا پاشای ماد هەمان ئەو پاشا (زوحاک)ەیە کە (کاوە)ی ئاسنگەر لە دژیدا شۆڕشێکی بەرپا کرد. هەڵبەتە ئەم بۆچوونە بۆ سەلماندی ئەوەیە بڵێن: (زوحاک) کوردە و (کاوە)ش ئاسنگەرێکی فارس بووە، بەم شێوەیە مێژووی کورد لە خۆ بە خاوەنکردنی نەورۆز دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام دوای کەندوکۆش و ڕوانین لە بەڵگە مێژووییەکان بۆمان دەرکەوت، (ئەستیاگ) و (زوحاک) دوو پاشای دوو سەردەمی جیاوازن و هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە، چونکە (ئەستیاگ) دوا پاشای دەولەتی ماد بووە و (زوحاک)یش یەکێکە لە زنجیرەی ئەو پاشایانەی کە تەختی دەسەڵاتی پێشدادی گرتووەتە دەست. ((بەم جۆرە ئەو راستییە زیاتر ڕوون دەبێتەوە، کە زوحاک ھیچ پەیوەندییەکی بە کەسایەتی (ئاستیاگ)ی دوا فەرمانڕەوای میدییەوە نییە. لەمەشەوە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەو راستییە دەسەلمێنرێت، کە کاوەی ئاسنگەر شۆڕشگێڕێکی کورد بوە و دژی پاشایەکی ستەمکار شۆڕشی کردوە.))[7]
[1] - ئەنوەر، کەیوان ئازاد (٢٠١٦) کورد و مێژووی جەژنی نەورۆز، چاپخانەی دلێر، سلێمانی، دەزگای ئایدیا. ل١٥.
[2] - شەریف، عەلی علمی (١٩٩١)، داستانی نەورۆز و نەورۆزی کوردستان، بەغداد. ل١٤.
[4] - شەریف، عەلی علمی (١٩٩١)، داستانی نەورۆز و نەورۆزی کوردستان، بەغداد. ل٢٥.
[5] - شەریف، عەلی علمی (١٩٩١)، داستانی نەورۆز و نەورۆزی کوردستان، بەغداد. ل٢٥.
[7] - https://zaniary.com/blog/605689cdc6a32#h8
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment