بەشداری ژن لە سیاسەت لە مێژووەوە تا ئێستا دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

لە ئێستادا بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەت دا بۆتە پرسێکی ھەرە گرنگ و لەلایەن کۆمەڵگەوە گرینگییەکی تایبەتی پێدەدرێ. بەشداری نەکردنی ژنانی کۆمەڵگەیەک لە سیاسەتدا رادەی دواکەوتوویی و کلتووری پیاوسالاری ئەو کۆمەڵگەیە دەردەخات و بەشداری کردنی ژنان لە کاروباری سیاسی و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانیان، ئەوان لە وجودێکی پلە دوو بەرەو یەکسانی لەگەڵ پیاو دەبات.

بەردەوام گوێبیستی ئەوەین کە ژنان و پیاوان تەواکەری یەکترین و ئەو تەواوکارییە دەبێ بواری سیاسیش بگرێتەوە و بە بێ بەشداری ژنان لە سیاسەت، بەڕێوەبردن و بڕیاردان لاسەنگ دەبێ. بەشدار بوونی ژنان لە سیاسەت دا بردنی کێشەکانی ژنانی کۆمەڵگە بۆ بەرزترین ئاستی دەسەڵاتە و ھەوڵدان بۆ لابردن و نەمانی ئەو کێشانەیە.

بە درێژایی مێژوو و لە ھەر جێگایەکی ئەو دنیایە کە ورد بینەوە ژنان کەم و زۆر بەشدارییان لە سیاسەت دا کردووە، بەڵام رۆڵی سەرەکی ژنان لە سیاسەتدا بۆ دوای شۆڕشی فەرانسە (١٧٨٩ـ ١٧٩٩) دەگەڕێتەوە. لە سەروبەندی شۆڕشدا رێکخراوی تایبەت بە ژنان بۆ داکۆکی لە مافەکانیان دامەزرا و خوازیاری بەشداری کردنی ژنان لە سیاسەت بوون و ژنانێکی زۆریش لە دەوری ئەو رێکخراوانە کۆبوونەوە و لەگەڵ مافەکانی خۆیان ئاشنا کران، لایەنگران و خوازیارانی ئازادی ژنان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ھەڵاواردنی رەگەزی و ئەوەی کە ژن حەقی نەبوو بچێتە پەرلەمان، نامەیەکی ناڕەزایەتییان بۆ پەرلەمان نووسی کە داواکاری ئەوە بوون ژن وەک نیوەیەک لە کۆمەڵگە ئەو حەقەی پێبدرێ بچێتە پەرلەمان و داواکانیان ببەنە ناو پەرلەمانەوە.

نووسەری ناوداری ئینگلیزی ڤیرجینیا ڤۆلف، لە کتێبێکی بەناوبانگیدا بەناوی ‘’A room of one’s own'' (هەبوونی ژوورێک بۆخۆت) دەڵێت، ئەگەر شاعیر و شانۆ نوسی بەناوبانگ شکسپیر خوشکێکی هەبووایە ڕێک بە ئەندازەی خۆی زیرەک و لێهاتوو، نەیدەتوانی بگاتە پێگەی براکەی. ئەم خوشکە – کە ناوی دەنێت جوودیت – نە وەکوو شکسپیر لەماڵی باوکی ژووری خۆی هەبوو، نە دەیانناردە خوێندن وەکوو ئەو، نە ڕێگایان پێ ئەدا بچێت بۆ لەندەن و بە ئارەزووی خۆی هاوسەرگیری بکات و دوایەش جیا ببێتەوە و هی دیکەیش. تەنانەت ئەگەر خەریکی کتێب خوێندنەوەیش بوایە خێرا دەنگیان ئەدا: “بڕۆ چێشتەکە ئامادەبکە، بڕۆ گۆرەوی براکەت بدوورەوە”؛ بەبێ پرسی خۆیشی ئەیاندا بەشوو و هەتا دوایی.

ئەم باسەی ڤیرجینیا ڤۆڵف، جێگایەکی تایبەتی هەیە لە ناو فێمینیستەکان و چالاکانی مافی یەکسانی ژنان.

ھەوڵەکانی ژنانی چالاک و مافخواز و رۆڵ و گرنگی ئەو رێکخراوانە کاریگەری تایبەتی بوو لە سەر وڵاتانی دیکەی دنیا و لە پێش سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم، وردە وردە لە وڵاتانی دیکەی دنیا بزووتنەوەکانی تایبەت بە ژنان سەری ھەڵدا و دەنگی یەکسانیخوازی ژنان بەرز کرایەوە. بە جۆرێک کە یەکەم بزووتنەوەی ژنان لە بریتانیا بۆ دابینکردنی مافی سیاسی ژنان لە ساڵی ١٨٥٦ سەری ھەڵدا. 

ژنان لە رۆژئاوا بە گشتی لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێ‌بەش بوون و ھیچ رۆڵێکیان لە کاروباری حکومەتەکاندا نەبوو. سەرھەڵدانی بزووتنەوەکانی تایبەت بە ژنان و بزووتنەوەی فمینیستی دەستپێکی سەرھەڵدانی دژایەتی لەگەڵ ئەو ھەڵاواردنانە بوو کە لە دژی ژنان دەکرا. داوای سەرەکی ئەو ژنانە ئەوە بوو کە ئەوانیش وەک مرۆڤێک کە حەقی ژیانیان ھەیە حەقی ئەوەشیان بێ کە لە سیاسەتەکانی وڵاتەکەیان دا بەشداری بکەن و رای خۆیان دەربڕن و بتوانن لە کاروباری سیاسی وڵاتەکەیاندا بڕیاردەر بن.
دیارە چالاکییەکانی ژنانی جیھان بە گشتی و ھەوڵ و ماندووبوونەکانی ژنانی چالاک و مافخواز کە داواکاری ئەوە بوون ژنانیش وەک پیاوان ئەو مافەیان پێ بدرێ کە لە سیاسەت دا بەشدار بن و لە کاروباری حکوومەتی دا بڕیاردەر بن، بێ ئەنجام نەماو بەرەو وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوین ھات و ئێرانیشی تا رادەیەک گرتەوە.

 لە ئێران لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە بزووتنەوەی ژنان سەریھەڵدا. کلتووری پیاوسالارانە و کۆمەڵگەی سوننەتی ئێران روانینێکی زۆر نامرۆڤانەی سەبارەت بە ژن هەبوو، بەڵام لە دوای دامەزرانی قوتابخانەکان و ھاتووچۆی زۆری دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان و مانەوەیان لە ئێران بووە ھۆکارێک کە ژنان گرنگی بە خوێندن بدەن و وردە وردە کچانیش چوونە بەر خوێندن.

بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگەی کوردستان لە ژێر ستەمی زۆر و  جیاوازی چینایەتی بەرچاو و نەخوێندەواری ژنان و بێکاری و... دا ماوەتەوە. بەڵام لە ھەمووی ئەوانە گرینگتر نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ وای کردوە کە کورد بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکانی بەردەوام لە خەبات و چالاکی دا بێ. کە لەو خەباتەدا ژنی کورد بەشداری چالاکانەی لە بواری جۆراوجۆردا بووە و بە ئایدیولۆژیایەکی مافخوازانەوە ھەم لە بواری نەتەوەیی و ھەم لە بواری رەگەزیدا ھاتۆتە مەیدانی سیاسەتەوە. جیاوازییەک کە لە نێوان خەباتی ژنانی کورد و ژنانی دیکەدا ھەیە ئەوەیە کە خەباتی ژنی کورد خەباتی ژنانێکی بێ‌دەوڵەت و ژێر دەستە و ھەوڵدان بۆ پێکھێنانی دەوڵەت ـ نەتەوەیە. کورد گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی جیھانە کە بە درێژایی مێژوو خەبات بۆ دابین کردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ لە سەرەکیترین ئامانجەکانی بووە.

ساڵی ١٩٠٦ وڵاتی فینلاندا مافی دەنگدانی ژنانی بە فەرمی ناساند. ژنانی سوید پانزە ساڵ دواتر ئەو مافەیان بەدەستهێنا واتە ١٩٢١. هەمان ساڵی ١٩٠٦ لە ئێران شۆڕشی مەشرووتە بەرپابوو کە رووداوێکی زۆر گرنگی مێژووی نوێی ئێرانە. لەو ساڵەدا بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ‘’ژن و دز و بکوژ و لەدین دەرچوو و ئەوانەی تەمەنیان لە ژێر ٢٠ ساڵ'' بوو مافی دەنگدانیان نەبوو! ئەمە چل ساڵ پێش کۆماری کوردستان بوو. قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان کە پیاوێکی ئایینی بوو، ساڵی ١٩٤٦ واتە دوو ساڵ پاش ئەوەی ژنان لە فەرەنسا مافی دەنگدانیان پێدرا، لایەنگری مافی دەنگدان بۆ ژنان و هەروەها خوێندنی زۆرەملێ بووە بۆ کچان و کوڕان و سزادانی ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان نانێرنە خوێندنگە.


بەشداری ژنانی کورد لە نێو سیاسەت دا لە روانگەیەکی گشتی بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان دەگەرێتەوە ئەویش بە ھۆی دامەزرانی رێکخراوێکی تایبەت بە ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا. ھەرچەند پێش ئەوەش ژنانێکی زۆر ئازا و نەترسی وەک قەدەم خێر کە رابەرایەتی شۆڕشێکی مەزنی کردووە و عادیلە خانم لە دوای مردنی ھاوسەرەکەی عوسمان پاشای جاف، رۆڵی تایبەتی لە کارو باری سیاسی سەردەمی خۆی دا گێراوە، تا رادەیەک کە فەرمانی بە دروستکردنی بەندیخانەیەک کرد تا ئەو کەسانەی تاوانێک دەکەن یان لە فەرمانی ناوبراو لادەدەن سزا بدرێن. و ھەروەھا حەپسەخانی نەقیب کە ژنێکی دەسترۆیشتوو و خاوەن زەوی سەردەمی حوکمرانی شێخ مەحمود بوو و پشتیوانی لە نەتەوەییەکان دەکرد و سەرەکیترین کارەکەی پێشخستنی ژنان لە ئاستی خوێندن و پێگەیشتووی ئەوان لە بواری خەبات دا بوو. ھەروەھا مەستورەی ئەردەڵان وەک یەکەم مێژوونووسی ژن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا ناوبانگی دەرکردووە و دەیان ژنی ئازای دیکە کە توانیان رۆڵێکی باش لە دەسەڵات و خزمەتگوزارییەکانی سەردەمی خۆیان دا بگێڕن و ناویان بۆ ھەتاھەتایە لە مێژووی کوردستان دا دەمێنێتەوە.


دامەزرانی رێکخراوێک بە ناوی "یەکیەتیی یایان" (یەکیەتی ژنان کە بە رێکخراوەی "یایان" ناسرابوو، راگەیاندرا و خاتوو "مینا قازی" هاوسەری پێشەوا قازی محەممەد بە بەرپرسی ئەو رێکخراوەیە دیاری کرا) ھەنگاوێکی باش بوو کە ژنان لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی خۆیان و نەتەوەی کورد ئاشنا بکات. کۆمار بەشداری ژنانی لە سیاسەت دا بە شێوەیەکی ئاشکرا راگەیاند و ژنانی ھاندەدا کە لە ماڵ بچنەدەر و مافی خوێندنی بە ژنی کورد دا. بەڵام لە کردەوە دا مەسەلەی فیمینستی لە دوای نەتەوایەتی بوو و ئەو ژنانەی کە ھاتبوونە ناو گۆڕەپانی خەبات و سیاسەت تەنیا کاتێک ھەست بە بوونیان دەکرا کە لە بواری نەتەوەیی یارمەتیدەری پیاوان بن. و ژنانی سەردەمی کۆمار بروایەکی وایان بە ئاڵوگۆڕ بە سەر سیستمی پیاوسالاریدا نەبوو و نەگەیشتبوونە ئەو ئاستەی کە تێگەتشتنیان سەبارەت بە بزووتنەوەی فیمینیزمی هەبێت.

دوای رووخانی کۆماری کوردستان و دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبە رۆژھەڵاتییەکان، ژنانی کوردیش لە خەبات نەوەستان و ئەوجارە بە ئیدیۆلۆژییەکی حەقخوازانەترەوە ھاتنەوە گۆڕەپانی خەبات، و بە خۆشییەوە لە کوردستانی رۆژھەڵات بە دەسپێشخەری کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە ژنان هاوشان لەگەڵ پیاو چوونە نێو ریزەکانی شۆڕشەوە و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان تێکۆشان و کۆمەڵگە بەرەوە کراوەیی بەرن. حیزبە کوردستانییەکان بەو راستییە گەیشتوون کە پشتگوێ خستنی پرسەکانی ژنان و رێگەپێنەدان لە سیاسەت دا بەرەو کەمووکوڕی و لاوازییەکی زۆریان دەبا.

لە باشووری کوردستان چەندین رێکخراوی ژنان هەیە و، یەکەم رێکخراویان یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە و نزیکەی ٧٠ ساڵە بەردەوامە لە کارو چالاکی رێکخراوەیی.

پرسیار ئەوەیە کە پیاوانی دەسەڵاتداری حکومەت، سەرۆکایەتی حزب و ڕێکخراوەکان چەندە یارمەتییان داوە بۆ ئەوەی متمانە بەخۆ لەناو ژناندا بچێتە سەر؟ تا چ ڕادەیەک ڕێگا خۆشکەر بوون بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی تواناییەکانیان؟ چییان کردووە بۆ ئەوەی ژنان بوێرن بەبێ ئەوەی لە کاردانەوەی خراپ بترسن، بیر و بۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن! چییان کردووە بۆ ئەوەی ڕێگای بەرەوپێش چوونیان لێ نەگرن و بهێڵن ئەوانیش بچنە سەرەوە!

بەداخەوە لە هیچکام لە رێکخراوەکاندا لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە، بۆ ئەوەی بزانین ژنان لە ناو رێکخستنەکاندا چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا کراوە و تا چ ڕادەیەک دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن؟

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین