به‌ رێككه‌وتنى سیاسى ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى چاودێرى دارایى درێژ ده‌كرێته‌وه‌ کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

بڕیاره‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى سه‌رۆكى دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستان درێژ بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ پشكى پارتییه‌. جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى په‌رله‌مانیش ده‌ڵێ، "دیاره‌ رێككه‌وتنى سیاسى بۆ كراوه‌".

بڕیاره‌ له‌ دانیشتنى داهاتووی پەرلەمان کە دووشەممە ٢٨ی حوزەیران بەرێوە دەچێت، دەسەڵاتی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی بۆ چوار ساڵی تر درێژ بکرێتەوە، پێشتر پەرلەمانتاران بۆ "نوچەنێت" باسیان لەوە کردبوو دوو دەستە و دیوانێك ماوەی سەرۆکایەتیان بەسەرچووە، دەبێت سەرۆکەکانیان بگۆڕدرێن.

ئەوانیش دەستەی دەستپاکی و دەستەی مافی مرۆڤ و دیوانی چاودێری دارایی بوو. لە مانگی رابردوو پەرلەمان متمانەى بە سەرۆکی نوێی دەستەی مافی مرۆڤدا هەفتەی رابردوو دەستبەکار بوو، بڕیاریشە ئەو هەفتەیە دەنگ بە مانەوەی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی درێژ بکرێتەوە. بۆیه‌ ئەوەی دەمێنێتەوە دەستەی دەستپاکییە کە لە پشکی یەکێتیە.

سەعید هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی و جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان،  ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ى حوزه‌یران لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت باسی لەوە کرد، سەرۆکایەتی دیوانی چاودێریی دارایی لە پشکی پارتیە و بە دووریشی نەزانی بە رێکكەوتنی سیاسی سەرۆکایەتیەکە درێژ بکرێتەوە.

سەعید هەرکی له‌ لێدوانه‌كه‌ى گووتی، "بە شێوەیەکی گشتی دەستە و وەزارەتەکان کەوتوونەتە چوارچێوەی رێككه‌وتنى لایەنە سیاسیەکان ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، بۆیە دەبێت رێکكەوتن بکرێت، چونکە چوونەتە نێو پشكپشکێنە. هه‌رچه‌نده‌ به‌ بۆچوونی خۆم لەگەڵ ئەوەدا نیم و چاودێری دارایی و دەسپاکی و مافی مرۆڤ بکەونە ناو چوارچێوەی پشکپشکێنە، حەقە خەڵکی بێلایەن و پسپۆر و شارەزا بێن ئەم پۆستانە وەربگرن. بەڵام ئەوانیش کەوتوونەتە نێو رێکەوتنی سیاسی".

دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستان به‌ر پشكى پارتى ده‌كه‌وێت، ئایا رێككه‌وتنێكى سیاسى كراوه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ى سه‌رۆكه‌كه‌ى؟ له‌ وه‌ڵامدا سه‌عید هه‌ركى گوتى، "لەم وڵاتەدا هیچ شتێك بە بێ رێکەوتنی سیاسی بەرێوە ناچێت، لەبەر ئەوەی بناغەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رێکكەوتن دروستبووە، رێکكەوتنەکەش لەنێوان لایەنە سیاسیەکانە کە لە دەسەڵاتدانە بە کورتی لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕاندایە. کەواتە  هەر شتێك ئەنجام بدەی دەبێ رێکكەوتنى له‌سه‌ر بكه‌یت، بۆئەوەی بەربەستی سیاسی دروست نەبێت، بۆیه‌ ده‌ڵێم بە دڵنیایەوە رێکكەوتنی سیاسیان لە نێوان کراوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین