له‌باره‌ى هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان هۆشدارى به‌ عێراق ده‌درێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى نمایشى فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانیان كرد، ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له‌ په‌رله‌مانى عێراق هۆشدارى ده‌دات له‌وه‌ى عێراق ئاسمانه‌كه‌ى بۆ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ كراوه‌ و سیسته‌مى به‌رگرى ئاسمانى نییه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13ى حوزه‌یران میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ عێراق به‌ بۆنه‌ى ساڵیادى دامه‌زراندنیان نمایشى سه‌ربازییان كرد و دوو جۆر فڕۆكه‌ى درۆنى جه‌نگییان نیشان دا، ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى عاله‌مى ئێرانى باسى له‌وه‌ كردووه‌ حه‌شدى شه‌عبى دوو جۆر فڕۆكه‌ى نوێى نمایش كردووه‌، كه‌ یه‌كێكیان له‌ فڕۆكه‌ى "سایا"ى ئێرانى ده‌چێت.

ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ فڕۆكه‌ى درۆنى میلیشیاكان چه‌ند پێگه‌یه‌كى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییان بۆردمان كردووه‌، ئه‌مه‌یش نیگه‌رانى بۆ هاوپه‌یمانان دروست كردووه‌.

زۆرجار هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان له‌ عێراق ئه‌نجام ده‌درێن بێ ئه‌وه‌ى لایه‌نى هێرشبه‌ر ئاشكرا بكرێن، ئه‌مه‌یش وا له‌ ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌كات بڵێت، "ئاسمانى عێراق بۆ هه‌ر لایه‌ك كراوه‌یه‌، جا ناوخۆ بێت یان ده‌ره‌كى".

محه‌مه‌د وحیلى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى ده‌ڵێ، "به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانانه‌ى كه‌ سه‌ربازگه‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج له‌ ده‌ره‌وه‌ یان ناوخۆ ده‌فڕن، چونكه‌ سیسته‌مى به‌رگرى ئاسمانى هێشتا پێكنه‌هاتووه‌ و پێویستى به‌ ئه‌زموون و پاره‌ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى ئاماده‌ بكرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین