بایدن بڕیاریدا ڕێککەوتننامەی "ئاسمانی کراوە" لەگەڵ ڕووسیا نەخاتەوە کار
نوچە – عەرەبی پۆست
ڕێککەوتننامەی "ئاسمانی کراوە"، لە ڕێککەوتنە ستراتیجییەکانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیایە، بە ئامانجی بونیاتنانی متمانەکردن بە یەکتر و سنووردانان بۆ چەکداریی هەردوولا.
ئەم بڕیارەی بایدن دەریخست پەیوەندییەکنی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا گرژە، سەرەرای ئەوەی بڕیارە سەرۆکی هەردوو وڵات لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆببنەوە.
سەرەتای بیرۆکەی ڕێککەوتننامەی "ئاسمانی کراوە" دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٥ کاتێک سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا، دوایت ئایزەنهاوەر بیرۆکەی ئەوەی خستە بەردەم یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، کە هەردوولا ئاسمانی خۆیان بە ڕووی وڵاتی بەرامبەردا بکەنەوە، تاوەکوو بە فڕۆکە چاودێری زەوی یەکدی بکەن و دڵنیا ببنەوە ئەو وڵاتە خەریکی ئامادەسازیی سەربازی نییە بۆ هێرشکردنە سەر ئەوی دی.
ئەوکاتە خرۆشۆڤی ڕابەری یەکێتی سۆڤیەت ئەم پێشنیازەی ڕەتکردەوە، بەهۆی ئەو گومان و بێمتمانەییەی لەنێوان هەردوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەبوو لەو کاتەدا، کە گەرمەی جەنگی سارد بوو.
جارێکی دیکە و پاش ٣٤ ساڵ سەرۆکی ئەمریکا جۆرج بووش بیرۆکەکەی پێشکەشکردەوە بۆ ئەوەی وڵاتانی هەردوو بەرەی پەیمانی ناتۆ (سەر بە ئەمریکا) و وارشۆ (سەر بە سۆڤیەت) بتوانن ئاسمانیان بەڕووی یەکدیدا بکەنەوە. ئەوەبوولە ٢٤ی ئاداری ١٩٩٢ لە هلسنکی ڕێککەوتننامەیەکی لەو جۆرە واژووکرا، بەڵام ڕێککەوتنەکە نەخرایە بواری جێبەجێکردن تاوەکوو ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٢ کە کۆماری ڕووسیای فیدراڵ و کۆماری بیلاڕووسیا واژوویان کرد.
بەپێی ڕێککەوتنەکە پێویستە فڕینی هەواڵگری و زانیاری کۆکردنەوە بەسەر ئاسمانی وڵاتی بەرامبەردا بە هەماهەنگی هەردوولابێت و زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ بکرێن و ئەو فڕۆکەیەی فڕینەکە ئەنجامدەدات هەڵگری چەک و تەقەمەنی نەبێت.
لەماوەی کارایی ڕێککەوتنەکەدا کە ٣٠ وڵاتی سەر بە بە هەردوولا تێیدا بەشداربوون لە ٢٠٠٢ تاوەکوو ٢٠٢٠ زیاتر لە ١٥٠٠ فڕینی زانیاری کۆکردنەوە بەسەر ئاسمانی وڵاتی بەرامبەردا ئەنجامدراوە.
ئەو ڕێککەوتنە بەردەوامبوو تاوەکوو مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، کە ترەمپ هەڵیوەشاندەوە بەو بیانووەی ڕووسیا پێشێلی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە دەکات و ئەو ڕێککەوتنە هیچ سوودێکی بۆ ئەمەریکا نییە.
لە بەرامبەر کشانەوەی ئەمریکادا، هەفتەی ڕابردوو ڕووسیاش ڕێککەوتنەکەی هەڵپەسارد و بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵوەشاندنەوەی ڕابگەیەنێت لە ئەگەری نەگەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنەکە، چونکە ڕووسیا دەڵێت پێدەچێت وڵاتانی دیکەی بەشداری ڕێککەوتننامەکە زانیاریی دزە پێبکەن لەبارەی ڕووسیاوە و بیگەیەننە سوپای ئەمریکا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بڕیار بوو بایدن بڕیارەکەی ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەی "ئاسمانی کراوە"، چونکە کاتێک بایدن کاندید بو بۆ سەرکایەتیی ئەمریکا و ترەمپی سەرۆکی ئەوکات بڕیاری کشانەوەی دا لە ڕێککەوتننامەی "ئاسمانی کراوە"، بایدن وتی "بە ڕاگەیاندنی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی "ئاسمانی کراوە" ترەمپ دەریخست سیاسەتێکی کورتبینانە و تاکڕەوانەی هەیە!".
کەچی ئێوارەی پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامی ئیدارەی بایدنی گەیاندووەتە ڕووسیا و پێیوتوون ئەمریکا نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەی "ئاسمانی کراوە" .
بەم پێیە لە بواری سنووردارکردنی چەکداریدا تەنها ڕێککەوتنامەی نیو ستارت ماوە لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا کە تایبەتە بە دانانی سنوورێکی دیاریکراو بۆ هەبوونی تەکنۆلۆجیای کڵاوە ئەتۆمییەکان و مووشەکە هەڵگرەکانی کڵاوەی ئەتۆمی لەنێوان هەردوولا، ئەویش ترەمپ بڕیاری دابوو مانگی شوباتی ٢٠٢١ کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام بایدن مانگی شوباتی ئەمساڵ بۆماوەی پێنج ساڵی دیکە ئەو ڕێککەوتنامەیەی درێژکردەوە.
وا چاوەڕواندەکرا بایدن بە هەمانشێوە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەی "ئاسمانی کراوە"ش لەگەڵ ڕووسیا، کەچی وەکو بەرپرسانی ئیدارەی بایدن وتوویانە دوای پێداچوونەوە و چاوپێداخشاندنەوە و لێکۆڵینەوە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی نابێت ڕێککەوتننامەی "ئاسمانی کراوە" لەگەڵ ڕووسیا دەستپێبکرێتەوە.
ئەمریکا دەڵێت ڕووسیا پێشێلی بەندەکانی ڕێککەوتنەکەی کردووە و ڕەفتاری ئەوتۆ دەنوێنێت کە هی هاوبەشێک نین بیەوێت متمانە بونیات بنێتەوە، بۆ ئەوەش نموونەی ڕەفتارەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بە نموونە دەهێنێتەوە.
ئەم بڕیارەی ئیدارەی بایدن دەریدەخات هێشتا بێ متمانەییەکی زۆر لەنێوان ئەمریکا و ڕووسیا هەیە، هەرچەند بڕیارە سەرۆکی هەردوو وڵات لە ١٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ کۆببنەوە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment