خه‌سرۆ گۆران : تا ئێستا هیچ پاره‌یه‌كمان بۆ كاندیده‌كان ته‌رخان نه‌كردووه‌ کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

له‌ كاتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كرێت حزبه‌كانى عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ به‌ ملیاران دیناریان بۆ كاندیده‌كانیان ته‌رخان كردووه‌، خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسى مه‌كته‌بى هه‌ڵبژاردنى پارتى دیموكراتى كوردستان دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ تا ئێستا هیچ بیرۆكه‌یه‌كیان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌ و تا ئێستا بڕیارى ته‌رخانكردنى هیچ پاره‌یه‌كیان نه‌داوه‌.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن حزبه‌ گه‌وره‌كانى عێراق به‌ ملیاران دینارییان بۆ كاندیده‌كانیان داوه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌ ئێستاوه‌ ده‌ست به‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ گه‌وره‌ترین حزبى كوردستانه‌ چ پڕۆژه‌یه‌كى هه‌یه‌ و له‌ پێدانى پاره‌ بۆ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن چه‌ند ره‌چاوى بارودۆخى دارایى ئه‌مڕۆى كوردستان ده‌كات؟ خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسى مه‌كته‌بى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پارتى له‌ لێدوانێكى بۆ "نوچه‌نێت" ره‌تى كرده‌وه‌ تا ئێستا هیچ بیرۆكه‌یه‌كیان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌بێت.

خه‌سرۆ گۆران له‌ لێدوانه‌كه‌ى گوتى، "من هیچ ئاگادارى ئه‌وه‌ى به‌غدا نییم، به‌ڵام جارێ ئێمه‌ هیچ پلانمان بۆ دابه‌شكردنى پاره‌ نییه‌، نه‌ پاره‌مان دابه‌شكردووه‌، نه‌ هیچمان كردووه‌، ئه‌وه‌ى له‌ به‌غدایه‌ شتێكه‌ و ئه‌وه‌ى لێره‌یه‌ شتێكى تره‌".

بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ 10ى مانگى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر"ى داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت پارتى 55 كاندیدى هه‌یه‌.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین