وه‌زیرى ناوخۆى عێراق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى كه‌ركووك كۆده‌بێته‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ عوسمان غانمى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق له‌گه‌ڵ چه‌ندان به‌رپرسانى ئه‌منى سه‌ردانى كه‌ركووكى كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى شاره‌كه‌ كۆبووه‌وه‌ و دووپاتى له‌سه‌ر ئاسایشى شاره‌كه‌ و پاراستنى تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ى كردووه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ى ئایار له‌ راگه‌یێندراوێكدا باس له‌و سه‌ردانه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ عوسمان غانمى  وه‌زیرى ناوخۆى عێراق بۆ كه‌ركووك ئه‌نجامى داوه‌.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ غانمى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ جێگرى فه‌رمانده‌ى ئۆپراسیۆنه‌كان و پارێزگارى كه‌ركووك و چه‌ندان به‌رپرسى تر كردووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ وه‌زیرى ناوخۆى عێراق دووپاتى له‌سه‌ر پاراستنى ئاسایشى كه‌ركووك كردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تى له‌ پێشینه‌ى كاره‌كان پاراستنى ئاسایشى خه‌ڵكى كه‌ركووكه‌ و جیا له‌مه‌یش دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌ركووك به‌گوێره‌ى بوونى پێكهاته‌كانى تایبه‌تمه‌ندییه‌كى خۆى هه‌یه‌.

پێشتر چه‌ندان جار حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ره‌خنه‌ى له‌ نه‌بوونى هاوئاهه‌نگى ئه‌منى له‌گه‌ڵ عێراق كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بۆشایى ئه‌منى دروست كردووه‌، شه‌وى رابردوو مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌كه‌ن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین