رژێمى سووریا داواى كردووه‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى له‌ رۆژئاواى كوردستانیش بكرێت کوردستانی

نوچه‌نێت

بڕیاره‌ ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى له‌ سووریا بكرێت، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كه‌ناڵێكى عه‌ره‌بى ئاشكراى ده‌كه‌ن رژێمى سووریا له‌ رێگاى رووسیاوه‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌ رۆژئاواى كوردستانیش بنكه‌ى ده‌نگدان هه‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و هه‌وڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌سه‌د به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه‌.

شه‌وى رابردوو نۆى ئایار ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ ده‌كات، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى سووریا له‌و ناوچانه‌یش به‌ڕێوه‌بچێت كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌دان.

له‌ به‌شێكى راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى رابردوودا كه‌ له‌ ساڵى 2014 به‌ڕێوه‌چوو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كه‌ ساڵى رابردوو له‌ سووریا به‌ڕێوه‌چوو، بنكه‌ى ده‌نگدان له‌و ناوچانه‌ دانرا بوون كه‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى سووریادان. ئه‌و ناوچانه‌یش ده‌كه‌ونه‌ حه‌سه‌كه‌ و قامشلۆ.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى سكاى نیوزى راگه‌یاندووه‌، ئه‌مجاره‌یش رژێمى سووریا هه‌وڵ ده‌دات هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى له‌و ناوچانه‌ بكرێت، ئه‌و هه‌وڵه‌یشى له‌ رێگاى رووسیاوه‌ ده‌دات به‌ڵام وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ باسى ده‌كات تا ئێستا هه‌وڵه‌كه‌ى به‌رهه‌مى نه‌بووه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رچاوه‌كه‌ به‌دوورى نازانێ ده‌سه‌ڵاتى خۆسه‌ر و حكومه‌تى سووریا بكه‌ونه‌ رێككه‌وتنێك بۆ ئه‌وه‌ى سندوقى ده‌نگدان له‌ رۆژئاواى كوردستان دا بنرێت.


بڕیاره‌ له‌ 20ى ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژارنى سه‌رۆكایه‌تى سووریا له‌ ده‌ره‌وه‌ى سووریا و له‌ 26ى مانگ له‌ ناوخۆى سووریا ده‌ستپێبكات. ئه‌مه‌ دووه‌م هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ده‌بێت كه‌ له‌ ماوه‌ى جه‌نگى سووریا به‌ڕێوه‌ بچێت. ئه‌م جاره‌ جگه‌ له‌ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكى رژێمى سووریا پێنج كه‌سى تر خۆیان بۆ سه‌رۆكایه‌تى كاندید كردووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین