پارێزگارى مووسڵ هۆشداریى به‌ كازمى ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

نه‌جم جبوورى پارێزگارى مووسڵ ئه‌مڕۆ نووسراوێكى ئاراسته‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كردووه‌ و تێیدا له‌ لێكه‌وته‌كانى گێڕانه‌وه‌ى كه‌سوكارى تیرۆریستانى داعش بۆ كه‌مپێكى باشوورى مووسڵ ئاگادارى ده‌كاته‌وه‌ و په‌رله‌مانتارێكى كوردیش ده‌ڵێ، "بڕیارى گێڕانه‌وه‌كه‌ وه‌ستاوه‌".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ شه‌شى ئایار، نه‌جم جبوورى پارێزگارى مووسڵ نامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى مسته‌فا كازمى كردووه‌ میدیاكانى عێراق ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. له‌ نامه‌كه‌دا پارێزگارى مووسڵ كازمى له‌ گێڕانه‌وه‌ى كه‌سوكارى تیرۆریستانى داعش له‌ كه‌مپى هۆله‌وه‌ بۆ كه‌مپى جه‌دعه‌ له‌ باشوورى مووسڵ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌.

نه‌جم جبوورى له‌ نووسراوه‌كه‌ى باسى له‌وه‌ كردووه‌ ناڕه‌زاییه‌كى فراوانى جه‌ماوه‌رى له‌دژى گێڕانه‌وه‌ى كه‌سوكارى تیرۆریستانى داعش هه‌یه‌ و به‌ تایبه‌تى له‌نێو ئه‌وانه‌ى بوونه‌ته‌ قوربانى شه‌ڕه‌كانى تیرۆریستانى داعش.

بۆیه‌ هۆشدارى ده‌دات و پێشبینى ده‌كات له‌ حاڵه‌تى دانانى كه‌مپه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵك هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كه‌مپه‌كه‌ و بارودۆخه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌ربچێت.

دوێنێ په‌رله‌مانتارانى عێراق ئاشكرایان كرد، 100 خێزانى داعش كه‌ ژماره‌یان 700 كه‌س ده‌بێت له‌ كه‌مپى هۆله‌وه‌ به‌ره‌و كه‌مپى جه‌دعه‌ له‌ ناحیه‌ى گه‌یاره‌ى باشوورى مووسڵ به‌ڕی كراون، بۆئه‌وه‌ى له‌و كه‌مپه‌ نوێیه‌دا جێگیر بكرێن.

ئه‌مڕۆ شێروان دووبه‌ردانى سه‌رۆكى لیژنه‌ى هه‌رێم و پارێزگاكان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ كه‌ناڵى "رووداو"ى راگه‌یاندووه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ راگیراوه‌، شێروان دووبه‌ردانى ده‌ڵێ، "لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەو بڕیارەی بۆ گواستنەوەی 100 خێزانی چەکدارانی پێشووی داعش کە لە 700 کەس پیکهاتبوون هەبوو، راگیراوە".

پێشتر حكومه‌تى عێراق بڕیارى داوه‌ كه‌سوكارى تیرۆریستانى داعش له‌ سووریاوه‌ كه‌ له‌ كه‌مپه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌سه‌ده‌ن، بۆ عێراق بگێڕێته‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان نیشته‌جێیان بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین